سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان ھەموو جیاوازنووسینێک، بەھایەکی مەعریفی ھەیە، بەڵام باجیشی ھەیە.چونکە ھەموو جیاوازکەوتنەوەیەک، ئاماژەیەکە بۆ دەرچوون لە بازنەی سواو و دەرکەوتنێکی نوێ. ھەموو نوێیەکیش، لە ھەر ڕووێکەوە و لە سەر ھەر ئاستێکەوە بێت، بە توندی لەلایەن ئەویتری کۆنەوە ڕەتدەکرێتەوە و دژایەتی دەکرێت. ڕەنگە ئەو دژایەتییە، زەمەنێکی درێژ بخایەنێت، وەلێ ئەوە سروشتی دینامیکییانەی ژیانە، کە دواجار ھەموو کۆنێک بە سەر دەچێ و دەچێتە پەراوێزی مێژوو. بۆیە جیاوازییەکان چەند بەھایان ھەبێت، ھێندەش باجی دەرکەوتن و سەرھەڵدانییان ھەیە. مەگەر گۆران لە سەرەتاوە بە بەراورد لەگەڵ شێخ نوری و ڕەشید نەجیب، بە ناداھێنەرو لاواز نابینرا؟کەچی دواتر کامەیان بوونە ناو و دەنگ؟بەھای جیاوازییەکان، ناونیشانی کورتە وتارێکی سەباح ڕەنجدەری شاعیرە و لە ماڵپەڕی سەنگینی (دەنگەکان) بڵاوکراوەتەوە. شاعیر لەم کورتە وتارەیدا، بە چەند بۆچوونێکی پوخت و چڕ، لە بارەی بەھای جیاوازیی و ئەزموونی نالی و گۆران، کە دووشاعیری دیارو جیاوازی نێو ئەزموونی شیعری کوردین، دواوە.بێگومان نالی، لە ئەزموونی شیعری کوردی، شاعیرێکی بێ ھاوتایە.ئەزموونی شیعری نالی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بابەتە جیاوازەکانی شیعر لە ڕووی ئایینی و فەلسەفی و سۆفیگەریی وغەریبی وزۆر بواری دیکە. بە پێچەوانەی شاعیرە کلاسیکەکانی دیکە، کە دەکرێ بڵێین ئەزموونی شیعرییان لە ئۆبژێکتێکدا چڕ کردۆتەوە. بۆنموونە: شێخ ڕەزا بە شیعری ھەجوو، حاجی قادر بە شیعری نەتەوەیی،مەحویی بە شیعریی سۆفیگەریی وبوون، مەولەوی بە ناتورالیزم، وەفایی بە ڕەگەزی لیریک، کەچی نالی زۆرتر لە شوناسێکی شیعری ھەیە، کە پێی دەناسرێتەوە. وەلێ ھەمان ئەو نالییە داھێنەرە، شیعری مەستوورەی ئەردەلانیشی نووسیوە. بە بڕوای سەباح ڕەنجدەری شاعیر، ئەو شیعرە لە ژێر کاریگەرییەتی ململانێکانی بابان و ئەردەلانەکان نووسراوە و نالی مەستوورە دەکاتە فاکتێک بۆ لێدان لە ئەردەلانییەکان، بە تایبەتی کە خۆی لە ژێر قەڵەمڕەوی بابانەکاندا ژیاوە. لە ڕوانگەی نووسەرەوە، ئەو شیعرەی نالی،تیرێکە و لە کەوان دەرچووە، نالی ئەوەندەی مەبەستێکی سیاسی ھەبووە، ئەوەندە مەبەستی ئیرۆتیک و جەستەی مەستوورە نییە، بە تایبەتی کە ئەو ھەموو شیعرە ڕۆمانسییەکانی خۆی، لەسەر حەبیبە چڕکردۆتەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، نالی بۆچی شیعرێکی لەو شێوەیە دەنووسێت کە ئێستاشی لەگەڵدابێت، وەک پنتێکی ڕەش لە نێو پانتاییەکی سپی گەورە لە ئەزموونی نالی دەبینرێت؟ ڕەنگە ھەر لە خودی ئەو کورتە وتارەوە بەو وەڵامە بگەین، ئەویش دەرباربوونە. دەرباربوون ڕیگەیەکە وەک ڕەنجدەر وتەنی فریوت دەدا، تیرت پێ لە کەوان دەھاوێت، کە تیریش لەکەوان دەرچوو، گەڕانەوەی بۆ نییە. دەسەڵاتێکی ئاراستەکەر، لە پشت ئەو بیرکردنەوە و ڕوانینی نالییەوە ھەیە. ئەم شیعرە، کە ھونەرێکی جوانی لە دەربڕینی شیعری تێدایە، وەلێ یەکێکیشە لەو شیعرانەی دەکرێتە بابەتی لێدان لە نالی. ئەو کە شاعیرێکی دیارو داھێنەر بووە، چ پێویست بەوە دەکات، ئەزموونی جیاوازی خۆی، لە ژێر کاریگەریەتی میرانی بابانەوە، بەو شیعرەوە خەوشدار بکات؟کاتێ شاعیر دەکەوێتە ژێر ھەژموونی ئایدیاو دەسەڵاتێکی دیاریکراو،ئەوا ئەوەی بە پلەی یەکەم باجی ئەو کەوتنە ژێر کاریگەریەتییە دەدات، ئەوا خۆی و ئەزموونەکەیەتی. مەگەر ئێستاش لە پەراوێزی ئەو شیعرەوە نالی بە چاوێکی دیکە سەیر ناکرێت؟یەکێکی دیکە لەو شاعیرە داھێنەرانەی کە نووسەر باسی دەکات، گۆرانە. سەباح ڕەنجدەر دەنووسێت:_(گۆران بە وردی بیری نەکردۆتەوە، گەوھەری بابەتی نەناسیوە و کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژییا). بێگومان، ئەو ڕاستییەکە کە نا ھونەرترین و لاوازترین شیعرەکانی گۆران بەبۆچوونی لێکۆڵەرانی ئەدەبی، ئەو شیعرانەن کە لە ژێر کاریگەرییەتی ئایدۆلۆژییا و بیری چەپ و چەپخوزای نووسیونی. کاتێ بەراوردی ئەو گۆڕانکارییە فیکرییە دەکەین لە ژیانی گۆران، دەبینین ئەو شیعرانەی بۆ سروشت و ئافرەت و جوانی نووسیوە، زۆر ھونەریانەترن لەو شیعرانەی بۆ ئایدۆلۆژییایەکی دیاریکراو نووسینی. ھەڵبەتە قسە لێرە لە سەر بیروڕای سیاسی نییە، کە مرۆڤ ئازادە لە ھەڵبژاردنی، بەڵکو قسە لە سەر داھێنان و دەقی نەمرە کە لە دەرەوەی ئایدۆلۆژییاوە دەمێنێتەوە و نابێتە بەشێک لە مێژوو.ھیچ شتێک ھێندەی ئایدۆلۆژییا،سیاسەت و دەرباربوون، لە بەھای شیعرو پیرۆزی شیعرو ئەدەبییات نادا. کەم نین ئەو نووسەرو شاعیرە بە توانایانەی، ئەزموونی دیاری نووسینییان ھەیە، بەڵام وابەستەییان بۆ ئایدۆلۆژییا بێزراوی کردوون. لێرەدا، ئەو دەرباربوون و تێر پێ لە کەوان ھاویشتنەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ڕەنجدەر لە نووسینەکەی باسی دەکات.داھێنان، بەرەنجامی ھەوڵی تاکەکەسی و قووڵبوونەوە و ڕامانە. گۆران بە تەنھا، دابڕانێک لە نێوان شیعری کلاسیک و ئازاد دروست دەکات. نوێکاری لە زمان دەکات و شیعری سەروادار دەسڕێتەوە. ئەزموونی گۆران، ئەزموونێکی تایبەت و شوناسێکی دیاریکراوی ھەیە.شاعیرێکی داھێنەرە،بەڵام دەرباربوونی بۆ ئایدۆلۆژییا، وای لێدەکات، دیسانەوە تیری پێ لەکەوان دەرچێت. دیاریکردنی نالی و گۆران و قسە لەبارە کردنییان لەو وتارە کورتەدا، جەخت کردنەوەیە لە ناونیشانی وتارەکەی کە بەھای جیاوازییەکانە. چونکە ھەموو جیاوازبوونێک، دەرچوونە لە بازنەی باو کە دواجار بەھایەکی تازەی ھەیە.ھەمیشە داھێنانیش، دەرەنجامی ڕوانینی جیاوازو بیر کردنەوەی جیاوازە.زۆرجار تەمەن و مێژووێکی دەوێت، تادەتوانین ئەو جیاواز کەوتنەوەیە دروست بکەین. نووسەر لە پەراوێزی وتارەکەیدا دەنووسێت:_(جیاوازیبوون شتێکە تەمەنم لە پێناوی دانا،جەستەو ڕوحم بۆی تەرخان کرد، نەمویستووە لە شاعیرانی دەوروبەرم جیاواز بم،ھەوڵمداوە لە ئەزموونی خۆم جیاوازبم). سەباح ڕەنجدەر، چونکە بە ئەزموونێکی جیاوازی شیعرییەوە لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک دەنووسێت، پتر لە ھەموو کەس ھەست بە بەھای جیاوازییەکان و باجی جیاوازییەکانیش دەکات.ئەو دەزانێت دەرچوون لە ھەمووەکی،چ نەفرەتێکی لێ دەکەوێتەوە، دەزانێت چەند سەختە بتوانیت جیاوازبیت، وەلێ چەندیش گرنگە. شاعیرێک کاتێ ھەموو تەمەن و ڕوحی خۆی بۆ جیاوازنووسین لەوانیتر تەرخان دەکات، باش لەو ڕاستییە گەیشتووە، کە جیاوازکەوتنەوە، بەرھەمی چ خەرمانەیەکی ڕۆشنبیریی گەورە و شەونخوونییەکی دوورو درێژیی خوێندنەوە و کتێبەکانە.بۆ ئەوەی جیاوازبنووسین، دەبێ تەمەنێک و ئەزموونێک تەرخان بکەین.دەبێ سەرەتا، لەبازنەی باو دەرچیت، دواتر ھەوڵی بەرجەستەکردنی شوناسێکی تایبەتی بۆخۆت بدەیت و پاشانیش ئەو شوناسە درێژە پێ بدەیت تا لە کۆتاییدا ئەزموونێکی تایبەتی دەڕەخسێ. ھەموو کەسێک ئەو سەلیقە و بوێرییەی نییە تەمەن و ڕوحی خۆی بۆ جیاواز کەوتنەوە تەرخان بکات، بۆیەشە دەبینین جیاوازنووسەکانمان کەمن.بەڵام نابێ ئەوەمان بیربچێت جیاوازکەوتنەوە، ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوەی جیاوازو بیرکردنەوەی جیاوازیش، بەرھەمی مرۆڤی جیاوازە. بۆیە من لەگەڵً ئەو بۆچوونە نیم، کە شاعیرێک تەنھا دەتوانێت لە ئەزموونی خۆی جیاوازبێت،بەڵام نەیەوێت لە شاعیرانی دەوروبەری جیاواز بێت!مەگەر جیاوازکەوتنەوە، ڕەنگدانەوەی جیاوازی بیرو بۆچوون و بیرکردنەوەی کەسەکان نییە؟. من دەزانم شاعیر نایەوێت، بانگەشەی ئەوە بکات کە لە شاعیرانی تر جیاوازە، بۆ ئەوەی کەسانێک ئەمە بە خۆ گەورەیی نیشاندان و شانازیکردنی ئەو بە ئەزموونی خۆیەوە نەبینن، بەڵام ئەزموونی شیعری ئەو،ئەزموونێکی ھاوشێوەی ئەوانیتر نییە. من وەک خوێنەرێک، باوەڕم وایە ئەو ئەزموونە تەنھا ئەزموونی ئەوە، بۆیە نە (رزگار جەباری و نەژیار ئەسوەد)یش ناتوانین وەک ئەو بیر بکەینەوە و دنیاببینین، وەک ئەوەی ئەو نووسیویەتی. مرۆڤەکان ئەگەر ھاونزیکییان بە ئەندازەیەکی وەھاش بێت، کە لە یەکتری جیانەکرێنەوە، ھێشتا پۆینتێک بۆ جیاوازکەوتنەوەیان ھەیە. بۆیە کەسمان ناتوانین، وەک ئەوی تر بیر بکەینەوە و واقیع ببینین.ھەر ئەو بیرکردنەوە جیاوازەشە دەبێتە دەسپێکی جیاوازکەوتنەوەی نووسەرێک لە نووسەرێکی دیکە. لە ڕاستیدا، سەباح ڕەنجدەر لەو کورتە وتارەی خۆیدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەیەوێت ئەوپەیامە بگەیەنێتە شاعیران کە ئایدۆلۆژییاو دەرباربوون، بکوژی شیعرن. چۆن ئایدۆلۆژییا، دەبێتە سڕینەوەی بەھای جیاوازیەکان و جوانییەکان. بە نموونە وەرگرتنی ھەریەک لە نالی و گۆرانیش، کە دووشاعیرو جیاوازی داھێنەری نێو ئەزموونی شیعری کوردین، جەخت کردنەوەیە لە ھەژموونی ئایدۆلۆژییا بە سەر داھێنان و جیاوازییەکان وجوانییەکان. ئەمە بەو مانایە نییە،کە شاعیران و ئەدیبان، لە دەرەوەی واقیعی گەلەکەیان بژین، بەڵکو بەو مانایەی ئەدەب لە سیاسەت و ئایدۆلۆژییاو حزبایەتی، بەھادارترو گەورەترە، ئەمەشە مەبەستی ڕاستەقینەی نووسەر، لە کڕۆکی وتارەکەی. گریمان ئەگەر بابانەکان نەبووانە، نالی ھەمان ئەو نالییە نەدەبوو؟ گۆران ئەگەر چەپ و کۆمۆنست نەبووایە، ھەمان ئەو شاعیرە جواننووس وجواندۆست و سرووشت دۆستە نەدەبوو؟ کەواتە بۆچی دەرباربوون، تیرمان پێ لەکەوان بھاوێت. لەڕاستیشدا وایە، کەم نین ئەو نووسەروشاعیرانەی لەو پەڕی توانا و لێھاتووی نووسین دانە و کەسانی داھێنەرن، کەچی تەنھا لە پەراوێزیی وابەستەیان بۆ حزبێکی دیاریکراو پەراوێز دەخرێن. ئەدەبیات بەگشتی و شیعریش بەتایبەتی، نابێ بخرێنە تای تەرازووی سیاسەت، وەک ئەوەی بزورگی عەلەوی دەڵێت:_(بەھەڵەی دابردووین).شاعیری دەربارو شیعری ئایدۆلۆژییا، زوو دەکەونە پەراوێزی مێژوو،بەھای مەعریفی و زەمەنییان نامێنێت. یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی داقی داھێنەرانە ئەوەیە، کە نابێتە بەشێک لە مێژوو، بەڵکو لەھەر کات و زەمەنێکدا خوێنەر بگەڕێتەوە سەری، دەتوانێت بە مانای تازە و نوێ بگات. ئەوە بۆیە نالی دوای سێ سەد ساڵیش ھێشتا ھەر دەخوێنرێتەوە، چونکە شیعرەکانی لە مانا نەکەوتوون.گۆران ئێستا یەکێکە لەو شاعیرانەی، لە سێ بەشی شاعیرە گەنج و سادە نووسەکانی ئێستا،زۆرتر دەخوێنرێتەوە.گۆران و نالی، جیاوازنووسن وەک ئەوەی ڕەنجدەر باسی کردووە، ھەر ئەو جیاوازنووسینەش، ھێزو وزەی مانەوەی مێژوویی و زەمەنی بەو دووشاعیرە داوە.جیاوازی، کردارێکە ڕەنگە دژایەتی بکرێت، ڕەتبکرێتەوە، خۆی لێ ببواردرێت و نەبینرێت،ھەوڵی بێ بەھاکردنی بدرێت، وەلێ دواجار، وەک تەوژمی ئاوێکی بە خوڕ،ڕێڕەوی خۆی دەدۆزێتەوە و بەربەستەکان تێک دەشکێنێ و دەڕوا…
ڕواندز_نەورۆزی ٢٠٢٠