ئەحمەد سەنگاوی : ئەم ساڵانەی دوایی یانەکانی ئیسپانیا تەکانێکی زۆر گەورەیان دا و توانیان لە خوولەکانی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و یۆرۆلیگ ئاستێکی زۆر باش پێشکەش بکەن، بەڵام ئەوەی کێشەیە ئەوەیە کە تەنیا ناوی گەورە و زەق لە ئیسپانیادا بریتییە لە (ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە)، ئەم تەرزە لە تێگەیشتن و لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندنی یانە ئیسپانییەکان، ھیچ نییە جگە لە بە نادیدە وەرگرتنی بەھێزی و پتەوی یانەکانی دیکەی وەکو (ڤالانسیا، ئەتلەتیکۆ بلباو، ئەتلەتیکۆمەدرید). پاش ئەوەی پێنج یانە ئیسپانییەکە لە کۆی ھەشت یانەی ئامادەبوو لە چوارگۆشەی زێڕینی جامی ھەردوو پاڵەوانیەتییە ئەوروپییەکە، وەڵامگۆیەک بوو بۆ ھەموو ئەو ڕەخنانەی لە خوولی ناوخۆی ئایبیریەکان دەگیرا، ھەردوو یانە گەورەکەی ئیسپانیا (ریال مەدرید، بارسلۆنا) توانیان بگەن بە قۆناغی پێش کۆتایی لەسەر دەستی یانەکانی (ئەپۆیل و میلان). ھەروەھا لە جامی (یۆرۆلیگ) سێ یانەی دیکەی ئیسپانی(ڤالانسیا، ئەتلەتیکۆ بلباو، ئەتلەتیک مەدرید) باڵادەستییان نواندووە. ئەمە ئەو راستییەمان بۆ بەیان دەکات،کە بەھێزی یانەکانی ئیسپانیە چۆن گەیشتووە بە چڵەپۆپە, ئاخر لە ساڵی ١٩٩٢ وە ئەمە یەکەمین جارە لە کۆی ھەشت یانە پێنجیان لە وڵاتێک بێت، ئەمەیش گەواھیدەرە بەسەر بەھێزی خوولی لالیگا، کە لە ھەردوو ئاستەکەدا، چ ھێز و توانایەکی مەزنیان ھەیە و وەڵامێکیشە بۆ ئەو تێڕوانینەی، کە پێی وایە گوایە بەھێزی ڕیال و بارسا لە کزی یانەکانی دیکەوەیە.
ئەوەی تەماشای یارییەکانی (ئەتلەتیک بلباو)ی کردبێت دەگەڵ (مانشستەر و شاڵگە) زۆر بە باشی لەوراستیە دەگات، کە ئەم یانەیە چ توانایەکی ھەیە. بە کورتی ئەم وەرزەی بەربەرەکانێی ئەوروپا بە زمانی ئیسپانی دێتە ئاخافتن. ئەگەرێکی نزیکە کە ھەردوو پاڵەوانیەتییە ئەوروپییەکە تەنیا یانەی ئیسپانی بێت.
پرسیاری گرنگ و بنەڕەتی ئەوەیە، ئەم حزوورە گەورەیەی یانەکانی ئیسپانیا خزمەت بە کێ دەکات؟ بە یانەکان؟ یان بە خوولەکە؟ یان بە ھەڵبژاردەکە؟ واتێدەگەم کۆمەکییەکی گەورەی خوولی ئیسپانی و خوودی یانەکان بکات، چ لە ڕووی ئەزموونەوە بێت، یان لە ڕووی ئابوورییەوە بێت.
گرفتە گەورەکە لێرەوە دەست پێدەکات، ئەو گرفتەی کە پەیوەندی بە ھەڵبژاردەی ئیسپانیاوە ھەیە، چوون ئەم یانانە چەند لە لووتکەی ململانێ نزیک ببنەوە، زیاتر دەخرۆشێن و بە حەماسەتێکی زیاترەوە لە بەرانبەر یەکدا دەجەنگن. لە ھەمووی دژوارتر ئەو بەربەرەکانییە قووڵ و توندەی نێوان دوو دژەجەمسەرەکە جۆرێکە, ھەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی (مۆرینھۆ) ئەم دوو یانەیە زۆر قورستر لە ڕابوردوو ململانێی یەکدی دەکەن و بە چاوی نەیار و ناحەز و دووژمن لەیەک دەڕوانن، ئەوە کلاسیکۆی نیوکامپ ئەم ناکۆکییە قووڵتر دەکاتەوە، ئەم رکاربەریکردنە لە دوو ئاستدایە, جەنگی نێوان بارسا و ڕیال لە لالیگا توندتر دەکات، دوای ئەوەی جیاوازی خاڵەکانی نێوانیان زۆر کەم بووەوە، دواتر مانەوەی ھەردووکیان لە چوارگۆشەی زێرینی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کە بە دوور نازانرێت یاری کۆتایی لە نێوان ئەم دوو زلھێزەدا بێتە ئەنجامدان.
لەئاستێکی دیکەدا سێ یانەی دی ئیسپانی لە کۆی چوار تیپ لە یۆرۆلیگ لە جەنگێکی بەردەوامدان، بۆ تۆمارکردنی مێژوو لە جامەکەدا، ئاخر ئەم دەرفەتە زێڕینە ھی ئەوەنییە ھەروا بە سانایی لە کیسی خۆیانی بدەن، چوون جارێکی دیکە ڕەنگە دەرفەتێکی وەھایان بۆ نەیەتە پێش، بەڵام بەڵا و نەھامەتییە گەورەکە بۆ ھەڵبژاردەی ئیسپانیا و (دێلبۆسکی) راھێنەرە، چوون ئەم بەربەرەکانێی نێوان یانە ئیسپانیەکان مەودایەکی کەمی ھەیە لەگەڵ ئامادەسازی بۆ جامی نەتەوەکانی ئەوروپا، ڕەنگە کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر پەیوەندی نێوان یاریزانەکان، چونکە زۆربەی یاریزانە ھەڵبژێردراوەکان بۆ پاریزگاریکردن لە نازناوی ٢٠٠٨ ی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا لەم یانانەدا کۆدەبنەوە و دەیانەوێ درێژە بەم کاروانی سەرکەوتنە بدەن.
پاشان ماندووبوونی ئەم یاریزانانەیش کاریگەرییەکی بێئەندازە نێگەتیڤ لەسەر یاریزانەکان جێدەھێڵت، ئاخر ململانێ کردن تادواسات تاقە و وزەیەکی زۆری پێویستە. بەکورتی ئەرکی سەرشانی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیایە، کە رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لە کاڵکردنەوەی ناکۆکی نێوان یانەکان، بە تایبەت دوو جەمسەرەکە، بۆئەوەی ئەم دەرفەتەی لە کیس نەچێت، دەرفەتی بە دەستھێنانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا.