وشیار ئەحمەد ئەسوەد : سەیرە ناویان لێ ناوە “بەھاری عەرەبی”، پێم وانییە کەس لە ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەڵاحەدین ئەھادین وریاتر بووبێ لەوەی ناوی “بەھاری ئیسلامی”ی لێ ناوە، چونکە بەڕاست ئەو ھەلڵایەی لە وڵاتانی عەرەبیدا دروست بووە و دنیا و قیامەتیان تێکەڵ بەیەکتر کردووە، شتێک نییە جیا لە “بەھاری ئیسلامی”، بۆیە جێی خۆیەتی سەرۆکی ئەو حزبە ئیسلامییە کوردییەش دڵخۆشیی خۆی پێ بداتەوە و چاوەڕێی ئەو ڕۆژە و ئەو دەسەڵاتەش بکا.
من خەمی “بەھاری ئیسلامی”م نییە و بەو بەھارە تەقەی سەرم دێ، ئەوەش دەزانم بۆ ئێمەمانان دەبێتە خەزان. ڕاستیتان دەوێ زۆریش دڵم بەڕووخانی دیکتاتۆر و فیرعەونەکانی ئەو ناوچەیە خۆشە، ئەوەی خەمی گەورەی بەشێکی زۆر لە ھونەرمەندان و ڕۆشنبیرانە، ئەو فەوزایەیە کە بەھارە ئیسلامییەکە بەدوای خۆیدا دێنێ، ئاخر ئیسلامی سیاسی بەبێ بەھار بینەقاقای گرتووین و بەزەندیقمان دەچوێنێ، دەبێ لە بەھاردا چ عەتر و رەیحانێکمان بەسەردا بپژێنێ؟.. ئەگەر ئەو بەھارەی ئیخوانەکان فەوزا نەبێ کە ئەمینداری یەکگرتووەکەی لەمەڕ خۆشمان خۆی بەپارچەیەکی جەستەی ئەوان دەزانێ، لەناو ئەو ھەموو دز و جەردە گەورەیەی میسر کە تا ئێستەش زۆربەیان ئازادن، بۆچی ئیسلامییەکان “سەلەفییەکان” یەخەگیری داھێنەرێکی گەورەی وەک عادل ئیمام بوون کە لەوە دەرچووە ھونەرمەندێکی ئاسایی بێ ئەوەندەی بووەتە سەروەتێکی نەتەوەیی بۆ میللەتەکەی خۆی و تا ڕادەیەک بۆ دڵخۆشیی ئێمەش؟ ئەدی ئەوەیە مەترسییەکانی “بەھاری ئیسلامی”.
دوا ھەواڵی لەدادگەدانەکەی عادل ئیمام لێدوانێکی ئەو بوو بۆ “سی ئێن ئێن” لە ٥-٢-٢٠١٢ کاتێک گوتی زۆر لە ھاووڵاتییان، ئەدیبان، ڕۆشنبیران، ھونەرمەندان و چەندان ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ھاوسۆزن لەگەڵیدا. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە داھاتووی ھونەر لەگەڵ باڵادەستیی ئیسلامییەکاندا بە کوێ دەگا؟ ئیمام گوتی ئازادیی ھونەر و داھێنان لەگەڵ کاتدا ڕوون دەبێتەوە. حوکمەکەی ئەو ھونەرمەندە گەورەیەی نیشتمانی عەرەبی بێ ئامادەبوونی خۆی دەرچووە، ئەویش لەسەر بنچینەی سکاڵای پارێزەرێکی ڕەوتی سەلەفی و بە تۆمەتی ئەوەی لە کارە ھونەرییەکانیدا سووکایەتیی بە ئاین و حیجاب و نیقاب و ڕیشی درێژ کردووە، لەناویاندا لە شانۆگەریی “ئەلزەعیم” و فیلمەکانی “مورجان ئەحمەد مورجان” و “تیرۆریست” و “حەسەن و مرقس”.
کێشە تەنیا ئەوە نییە ئێستە ئیسلامییەکان باڵادەستن و تۆڵە دەکەنەوە، مەبەستم تۆڵە لە خەڵکی عەلمانی، کێشەی گەورە ئەوەیە ڕۆشنبیران و ھونەرمەندان خۆیان بەرامبەر بەو شەپۆلە توندڕەوییە لاواز بن و چۆک دادەن. ئەوەتا ھونەرمەند ئەشرەف عەبدلغەفوور نەقیبی ھونەرمەندانی میسر سەردانی مورشیدی ئیخوان موسلیمین محەمەد بەدیعی کردووە بۆ قسەکردن لەبارەی داھاتووی ھونەر لە میسردا. بە پێی ھەواڵێک کە لە ھەمان ھەواڵی لێدوانەکەی ئیمامدا ھاتووە، ئەو سەردانەی عەبدلغەفوور بووەتە مایەی ڕەخنەی توندی ژمارەیەکی زۆر لە ھونەرمەندان و بە ھەڵەیەکی گەورەیان لە مێژووی سەندیکای ھونەرمەندان لەو وڵاتەدا لە قەڵەم دا کە نەقیبی ھونەرمەندان ڕەزامەندیی ڕێکخراوێکی ئاینی بۆ ئازادیی داھێنان وەربگرێ.
وێڕای ئەوەی من وەک ھونەر عادل ئیمام بە برا گەورە دەزانم و بەکەسایەتییە زۆر خۆشەویستەکانی لە داھێنانە ھونەرییەکاندا دەخوێنمەوە، بەڵام دوای ئەو “بەھاری ئیسلامی”یەی سەرۆک حزبێکی ئیسلامیی کوردی باسی کرد، جێی خۆیەتی وریای عادل ئیمامەکانی خۆمان بین.. خوا یەکە و نابێ بە دوو، ئەگەر ئەو “بەھاری ئیسلامی”یەی کوردستان سەر بگرێ کە پێم وایە تەنیا خەونێکی بەتاڵە، ھەرچی عادل ئیمامەکانی کورد ھەیە، لە پاڵ ئەو ئیمامانەدا دێنە ناشتن کە سەدان ساڵە خاک و خۆڵیشیان نەماوە.. حای لەو بەھارە.. تەڕ بۆنی نایە!.