وابڕیارە رۆژی پێنج شەممە بەرواری ٢٧/ ٦/ ٢٠١٣ لەھوتیل سلێمانی پاڵاس کۆمپانیای ھونەری “بابیلۆن” پرێس کۆنفڕاسێکی رۆژنامەوانی بۆ ھەردوو ھونەرمەندان (بەکر رەشید و گەزیزە عومەر) ساز بکات،
تیادا (بەکر رەشید) باس لەئەنجامی کۆتاییەکانی زنجیرە درامای (تارمایی تاوان) بکات، کە لەماوەی (٤) مانگدا لەلایەن کۆمپانیای بابیلۆن کاری وێنەگرتن و بەرھەم ھێنانی تەواو بکرێت، ھەروەھا (گەزیزە عومەر) ئاماژە بۆ راگەیاندنی زنجیرە دراماکەی بکات، کە ئەو درامایەش دەبێتە بەرھەمی کۆمپانیای بابیلۆن بە سپۆنسەری سەرەکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان.
لەمبارەیەوە ھونەرمەند (بەکر رەشید) لەبارەی ئەنجامدانی ئەو پرێس کۆنفڕاسە رۆژنامەوانییە رایگەیاند : “ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە بۆ سەرجەم دەزگا راگەیاندنەکانە بە بێ جیاوازی لەلایەن کۆمپانیای (بابیلۆن) رێکخراوە، تیایدا باس لە ئەنجام و کارەکان و ناوەرۆکی زنجیرە درامای (تارمایی تاوان) دەکرێت، دیارە ئەو درامایە لەماوەیەکی زەمەنی زۆرباشدا بەبێ وەستان و کەمترخەمی توانیمان کارەکانی تەواو بکەین، بەھاوکاری ئەو ستافە ھونەرییەی پشتی کامێرا کە لەلایەن کۆمپانیای بابیلۆن دابینکرابوو، دیارە ئەوەش مایەی دڵخۆشیە کۆمپانیایەکی گەورەی ھونەریی لەکوردستان ئەرکی بەرھەم ھێنانی دراما بگرێتە ئەستۆ ئەمەش لە ھەموو رووێکەوە جوانی و تایبەتمەندی دەبەخشێت بەرەوتی دراما لەکوردستاندا”.
ھەرووھا دەرھێنەری تارمای تاوان ئەوەشی گوت : “نامەوێ جارێ ھیچ روونکردنەوەیەکی دیکە لەبارەی کارەکانی زنجیرە دراماکە بخەمە روو، چونکە کۆمپانیای بابیلۆن بەپێی ئەو پرسینبەی کاری لەسەر کردووە، وابڕیاریان داوە لە رۆژی بەڕێوەچووی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە ھەموو ووردەکارەییەکان و زانیاریەکان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بخەینە روو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پێم وایە ئەو ھەنگاوەی بابیلۆن بۆ درامای کوردیی لە ئێستادا پەیڕەوی دەکات ھەنگاوێکی زۆر تازەیە ھیوادارم ئەو ھەنگاوە بەردەوامی ھەبێت و ئێمەی ھونەرمەندانی دەرھێنەر و ئەکتەرەکانیش پشتکگیریان بکەین”.
ھەروەھا خانمە ھونەرمەند (گەزیزە عومەر) لەبارەی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە گوتی : “ئەو ئێوارە کۆڕەمان لەگەڵ سەرجەم دەزگا راگەیاندنەکان بۆ ئەوەیە بتوانین لە نزیکەوە ھەموو ھەنگاوانەی لە ئێستادا بۆ رێکخستن و پلان دانمان بۆ بەرھەم ھێنانی زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنیە لە ژێر ناوی (ھەنگاوەکانی سەر خۆڵەمێش) ئەو زنجیرە درامایە ساڵانێکی زۆر خەریکی کاری نووسینی بووم، یەکێک بووە لەو ئاواتەنەم ئەو درامایە بھێنمە بوون، سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ستافی کۆمپانیای ھونەریی بابیلۆن کە پاڵپشتی ئەو ھەنگاوەم بوون، ھەروەھا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ئەوانیش پاڵپشتیەکی باش بوون، توانیان سپۆنسەری بەشێکی کارەکە بگرنە ئەستۆی خۆیان، ھاوشان لەگەڵ کۆمپانیای بابیلۆن ھیوادارم بتوانین کارێکی باش پێشکەشی دراما و بینەری کوردی بکەین”.
گەزیزە لە کۆتایی دا گوتی : “ھەموو ئەو ووردکارییانەی کە پەیوەستە بەناوەرۆکی گرێبەست و کارکردنمان بۆ ئەو زنجیرە درامایە لەو پرێس کۆنفراسە رۆژنامەوانییە رۆژی پێنج شەممە بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دەیخەینە روو، کە وابڕیارە لە سلێمانی پاڵاس بەڕێوەبچێت”.
جێگەی ئاماژە بۆ کردنە ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە لە کاتژمێر (٤:٣٠)ـی ئێوارە بەڕێوەبچێت بە ئامادەبوونی سەرجەم دەزگا راگەیاندنەکان.