فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد تەھا کەریمی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی نێودەوڵەتی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “سینەما حەقیقەت”ی ئێرانی بەدەستھێنا.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمە، فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” لە دەرھێنانی سینەماکاری بانەیی تەھا کەریمی و لە دەرھێنانی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای ئەزموونی و دیکۆمێنتی ئێران، چەند رۆژ پێش ئێستا لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە دوو بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی و ھەروەھا بەشی پێشبڕکێی شەڕ لە میانەی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “سینەما حەقیقەت” لە شاری تاران لە وڵاتی ئێران نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بڵندی دیکۆمێنتی بەشی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی فیلمە دیکۆمنێتارییەکان بەدەستبێنێت و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانەوە تەندیسی فیستیڤاڵ، لەوحەی فەخری و بڕی پارەی نەقدی پێبەخشرا.
ڕێوڕەسمی کۆتایی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “سینەما حەقیقەت” بە ئامادەبوونی دکتۆر سەید محەمەد حوسێنی وەزیری فەرھەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، جەواد شەمەقدەری سەرۆکی رێکخراوەی سینەمایی ئێران، شەفیع ئاقامحەمەدیان بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای ئەزموونی و دیکۆمێنتی ئێران و سەرۆکی فیستیڤاڵ، ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵ، سینەماکارانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ و ھۆگرانی ھونەری سینەما لە تەلاری وەحدەتی شاری تاران بەڕێوەچوو.
ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوون لە: تووشی فووجیوارا ـ دەرھێنەر و مونتێری سینەما لە ژاپۆن، فوئاد سوئیبا ـ رۆژنامەنووس، دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر لە مەغریب، مارسیا گامارگۆس ـ رۆژنامەنووس، نووسەر و بەرپرسی فەرھەنگی لە برازیل، مارک ھوورکا ـ بەرپرسی فیستیڤال، ئەحمەد زابێتی جەھرۆمی ـ توێژەر، دیکۆمێنتساز و مامۆستای زانکۆ لە ئێران و دکتۆر ئەحمەد ئەلەستی نووسەر و مامۆستای زانکۆ لە ئێران.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “سینەما حەقیقەت” بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی سەرتاسەری ئێران و وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی، لە چەندین بەشی: دیکۆمێنتی سەربەست، دیکۆمێنتی کۆمەڵناسی، دیکۆمێنتی شەڕ، دیکۆمێنتی پۆرترێت، دیکۆمێنتی مێژوویی، دیکۆمێنتی بنەماڵە، دیکۆمێنتی دینی و ئایینی، دیکۆمێنتی ژینگە پارێزی، دیکۆمێنتی نەتەوەناسی، بەشی تایبەت و ئەستێرەی درەوشاوە و ھەروەھا بەشی نێودەوڵەتیی، لەوانە: دیکۆمێنتی کورت، دیکۆمێنتی نیوەبڵند و دیکۆمێنتی بڵند.
جێی ئاماژەپێدانە کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە” فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکاتەوە.
فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” لە دەرھێنانی تەھا کەریمی لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” لە وڵاتی ئیمارات نمایشکرا و توانی پلەی دووەمی باشترین فیلمی دیکۆمێنتی بڵندی بەشی “خەلیج”ی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
ئەم فیلمە ھەروەھا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کوریتیبا”ی Curitiba برازیل لە دوو سانسی جیاوازدا لە ٣١ی مای ٢٠١٢ و ٤ی حوزەیران / یۆلیۆی ٢٠١٢ لە ھۆڵی ژمارە یەکی سینەما ئۆلھەری شاری بەندەری کوریتیبای برازیل نمایشکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی “بەکرێگیراوی سپی”.