فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد (تەھا کەریمی) بەشداری لە پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” لە وڵاتی ئیمارات دەکات.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی “بەکرێگیراوی سپی”، فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” لە دەرھێنانی (تەھا کەریمی) لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە بانەییە لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” لە وڵاتی ئیمارات دەچێتە سەر پەردەی سینەما.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی بڵندی سینەمایی و دیکۆمێنتاری، کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشێن، ئەزموونی و دیکۆمێنتی لە دەرھێنەرەکانی وڵاتانانی جۆراوجۆری ناوچەکە لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێدا لە رۆژانی ١٠ تا ١٦ی ئەپریلی ٢٠١٢ بە بەرپرسیاری (مەسعوود ئەمروڵڵا) لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت.
ئەندامانی لێژنەی دادوەری پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” بریتین لە: (جەواد ئەلئەسدی) دەرھێنەر لە عێراق، (عەبدوڵڵا ئەلئەیاف) فیلمساز لە عەرەبستان، (جەماڵ مەتەر) دەرھێنەر لە کوەیت، (جۆکا پیکالاکسۆ) رخنەگر و ئەندامی ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا، (عیسام زەکەریا) رۆژنامەنووس و توێژەری سینەما لە میسر و (جەماڵ سەلیم) بەرپرسی دەزگاکانی راگەیاندن لە ئیمارات.
کۆمپانیای سینەمایی “ستاک فیلمی سنە” بە بەرپرسیاری سینەماکاری کورد (سەتار چەمەنی گوڵ) و خاتوو (ڤیدا ساڵحی) کە فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکاتەوە، بە ٥ فیلمی دیکە لە سینەماکارانی کورد و ئێرانی لە بازاری فیلمی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی “گۆڵف” ئامادەدەبێت، لەوانە: کورتە فیلمی “دەنگی باران” لە دەرھێنانی (جەلال ساعیدپەنا) لە شاری سنە، کورتە فیلمی “رۆیشتن” لە دەرھێنانی (سالم سەڵەواتی) لە شاری سنە، کورتە فیلمی “داڵیا” لە دەرھێنانی (شاخەوان عەبدوڵڵا) لە شاری سلێمانی، کورتە فیلمی “ئاوێنە” لە دەرھێنانی (ھەوراز محەمەد) لە شاری سلێمانی و کورتە فیلمی “ئەو” لە دەرھێنانی (مورتەزا سەبزقەبا) لە شاری تاران.
فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی” گێڕانەوەی پیاوێکی جێی رامانە بە ناوی (سەعید جاف) کە لە عەمەلیاتی بنبڕکردنی کوردەکانی عێراق بە ناوی “ئەنفال” لە لایەن رژێمی بەعسەوە بە سەرۆکایەتی (سەدام حوسێن)؛ فەرماندەی یەکێک لە لەشکرەکان بووە. ئەو لەو بڕوایەدایە کە گیانی ھەزاران کەسی لە مردن رزگار کردووە و ئێستا خۆی بە بێ تاوان دەزانێت.
(سەعید جاف) لە دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی”دا بە کامێرایەکی ڤیدیۆیی سەردانی گوندەکانی ناوچەی بادینان لە ھەرێمی کوردستان دەکات و یەک بە یەک، شاھیدەکانی خۆی دەبینێتەوە؛ ئەوان لە بەرانبەری کامێراکەی خۆی دادەنێت و لە چۆنییەتی رزگاربوونیان پرسیار دەکات.
دیکۆمێنتی بڵندی ٦٦ خولەکی “بەکرێگیراوی سپی” کە دوای کورتە فیلمەکانی “زریان”، “سنووری ژیان”، “کوێستانی سپی”، “نەوت شێرپەنجەی شارەکەم” و فیلمی سینەمایی “کوێستانی قەندیل”، نوێترین بەرھەمی (تەھا کەریمی) دێتەئەژماردن، ساڵی پار بە ھاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ـ بەڕێوەبەرایەتی سینەمایی سلێمانی، بە کامێرای وێنەگری لاوی کورد (سەرکێو مسگەری) لە ھەرێمی کوردستان وێنەگیراوە.
ھەروەھا (ئارش رەسافی) ـ مۆنتاژ، (عەلی وەفایی) ـ دەنگھەڵگر، (ئەوین شەریفی) ـ وێنەگری فۆتۆگراف، (عومەر محەمەد) ـ راوێژکار، (عەبدولرەحمان محەمەد) ـ بەرپرسی بەرھەم، (حوسێن ھۆمایوونفەر) ـ بەرپرسی پلان، (مەنسوور جیھانی) و (مەنووچێھر جیھانی) ـ بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمەبوون و ھەروەھا ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتی و ئەزموونی ئێرانیش بەرھەمھێنەری ئەم فیلمەی لە ئەستۆدابووە.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.gulffilmfest.com/index.php/en/movie_details/i-am-a-white-mercenary/١٦٣٧٩/٢٠١٢
بەڕێوەیەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی دیکۆمێنتی “بەکرێگیراوی سپی”.