ھونەرمەند (ناسر حەسەن) لە دیدارێکی دا لەگەڵ “ھەولێر” ئاماژەی بۆ داخستنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما کرد، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کە ماوەی دوو ساڵە سەر بە وەزاررەتی رۆشنبیری و لاوان دامەزراوە، بەڵام لەگەڵ پرۆگرامەکانی ساڵی تازەی (٢٠١٢)ـی وەزارەتی رۆشنیبری و لاوان ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەچێتە بواری داخستنەوە، لەو دیدارەدا بەڕێوەبەری گشتی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە، کە ھونەرمەند (ناسر حەسەنە) باس لەو بابەتە دەکات و ھەروەھا باسی کاری داھاتووی خۆی دەکات، بەتایبەی دوای داخستنی بەڕێوەبەرایەتیەکەی و ئایا کاری داھاتووی ئەو چی دەبێت؟
ھۆکاری داخستنی بەڕێوەبەرایەتی سینەما بۆچی دەگەڕێنیەوە؟
من وەک ھونەرمەندێک داخستنی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتیەکی وەکو سینەما داخستنی بە کارێکی باش نازانم، چونکە ھەنگاو نانمان بۆ کاری سینەما ھێشتا لە قۆناغی سەرەتادایە، ئاخر ئێمە مێژوویەکی زۆر دوور و درێژمان نیە لەگەڵ سینەما، ئاخر چەند ساڵێکە سینەما جموجۆڵی تیکەوتووە، ھەندێک بەرھەمی باش ھاتوونە بەرھەم و چوونەتە فیستیڤاڵەکانی دەرەوە، ھەروەھا فیستیڤاڵەکانی کوردستانیش تا رادەیەک ئەو جموڵەیان باشتر کردووە، بەڵام بڕیاری داخستنی ئەو بەڕێوەبەرایی سینەما لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە، ھیوادارم پلانێکی باشتریان ھەبێت بۆ بەرھەمی سینەما و سینەماکاران”.
باشە بۆچی تەمەنی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە تەنیا دوو ساڵ بوو، ئایا نەتانوانی بە پێی پێویست کار بۆ سینەما بکەن یاخوود ھۆکاری دیکە ھەبوون ؟
من پێم وانیە ئێمە لە ماوەی ئەو دوو ساڵە کەمترخەمیمان کردبێ بۆ سینەما، بۆ نموونە (٧٥) کورتە فلیمی سینەما بەرھەممان ھێنا، ھەروەھا زیاتر لە (١٥) فلیمی درێژی سینەمای بەرھەم ھاتوون، جگە لەوانەش چەندیین فیستیڤاڵی سینەمایی لەسەرجەم شارەکانی کوردستان و چەندیین چالاکی دیکە بۆ پێشخستنی سینەما بە ئەنجاممان گەیاندووە، ئیتر وابزانم لەماوەی (٢) ساڵدا ھەر ئەوەندە دەکرێ”.
باشە ئەوەی کە بۆ سینەما زۆر گرنگە ھەبوونی ھۆڵی سینەمایە بۆ نمایش کردنی فلیمی سینەمایی و ھاتنی بینەر بۆ سەیر کردنی بەرھەمەکان، پرسیارەکەی من ئەوەیە لە ئێستادا لە شاری ھەولێری ھۆڵێکی باش نیە بۆ سینەما بۆچی ئێوە وەکو بەڕێوەبەرایەتی سینەما بۆچی پرۆژەیەکتان بۆ بنیات نانی ھۆڵێکی سینەما نەھێنایە بوون؟
من بۆ مێژوو ئەو قسەیە دەکەم، لەسەرەتای دەست بەکاری بوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما، جەنابی وەزیری رۆشنبیری ئاگاداریی ئەو راستیە، ئێمە پرۆژەی دروست کردنی ھۆڵێکی سینەمامان پێش کەش کرد، ئەویش بەرزی کردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەو مەبەستەش چەند کۆمپانیایەک ئامادەیی خۆیان نیشاندا بە شێوەیەکی زۆر پرۆفیشناڵانە ئەو ھۆڵە دروست بکەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوت بۆ ئەو کارە!”.
ئێستاکە بڕیاری داخستنی بەڕێوەبەرایەتی سینەما تەواو بووە دەچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە یان ئومێدێک ماوە بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بکرێتەوە؟
بڕیاری داخستنی بەڕێوەبەرایەتی سینەما کۆتایی پێھاتووە، لە سەرەتای ساڵی تازەوە دەچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە، پێم وانیە ئەو بڕیارە تازە بچێتە بواری ھیچ گفتوگۆیەکەوە و کۆتای پێھاتووە”.
دوای داخستنی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە تۆ لە وەزارەتی رۆشنبیری چ پۆستێکی ئیداری وەردەگریت ؟
من لە دوای داخستنی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ھیچ پۆستێکی دیکەی ئیداری وەرناگرم و پێویستم بە ھیچ پۆستێک نیە، بڕیارم داوە لە ئێستاوە من وەک ھونەرمەندێکی دەرھێنەر خەریکی کاری ھونەریی خۆم دەبم، چونکە پێم وایە پۆستی ئیداریی منی لە کاری ھونەریی تاڕدەیەک دواخستووە، بۆیە لە ئێستادا پێویستم بەوەیە وەک ھونەرمەندێک کار بکەم و ھیچی تر”.
تۆ خۆت دەڵی وەک ھونەرمەندێک دەمەوێ کار بکەم، لە ئێستادا ھیچ پلانێک یا پرۆژەیەکی ھونەرییت بنایات ناوە کاری لەسەر بکەی؟
بەڵێ پرۆژەم زۆرن، لەوانە زنجیرە درامای (کەرکوک٤)، ھەروەھا زنجیرە درامایەک لە سەر ژیانی ھونەرمەند (عەلی مەردان) ئامادەم کردووە، کە لە ساڵی (١٩٠٤)ـەوە دەست پێدەکات، تاوەکو ساڵی (١٩٨١) ئیتر لەو ساڵە مێژووی سیاسی و ئیداریی و کۆمەڵێک لایەنی دیکە کردوومە بە باکگراوندی ئەو کارەی کە بۆ (عەلی مەردان)ـی ھونەرمەند دەمەوێ بە ئەنجامی بگەینم”.
باسی درامای (کەرکوک٤) کرد، ئەو درامایە دەمێکە باسی دەکەیت و کاری بۆ دەکەیت، لە ئێستادا ئەو کارە گەیشتە چ قۆناغێک و کەی نیشان دەدرێت؟
درامای (کەرکوک ٤) پرۆژەیەکی گەورەیە و خۆم سیناریۆی و چیرۆکی دراماکەم نووسیوە، لە چوار بەش پێکھاتووە ھەر بەشێک لە (٣٠) ئەڵقە پێکھاتووە، لە ئێستادا من بەشی یەکەمم تەواو کردووە، ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژکردن دایە کاری موزیکی دراماکە خەریکن کاری بۆ دەکەن، تا دوو مانگی دیکە کارەکە سەرجەمی تەواو دەبێت، دەربارەی کاتی نمایشکردنی دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری کە لەلایەن کامە تەلفەزیۆن نمایش بکرێت، چونکە ئەو بەرھەمە بەرھەمی ئەوانە”.
ئەی بەشەکانی دیکەی (کەرکوک٤) کاری بەرھەم ھێنانی بۆ دەکەێت ؟
ئەگەر ئەو بەشە سەرکەوتنێکی باشی بەدەست ھێناو توانی خۆی خۆی بسەلمەێنێت، منیش کاری بەشەکانی دیکەش بە ئەنجام دەگەینم و سیناریۆی ھەر سێ بەشەکەی دیکە ئامادەیە، لەو درامایەدا مێژووی ئەو شارە لە ساڵی (١٩٧٩) باسدەکات تا دەگاتە دوای (٢٠٠٣)ـەو قۆناغ بە قۆناغی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە خۆی دەگرێت، ھەموو پێکھاتەکانی شاری کەرکوک لەو درامایە خۆیان دەبینەوە بۆیە ناوم ناوە (کەرکوک٤)”.
یەکێکی دیکە لە پرۆژەکانت باسدەکرا، درامایەک بوو لەسەر ژیانی (عەبدولکەریم قاسم) ئەو پرۆژەیە چی لێھات ؟
بەڵی بیرۆکەیەکی لەو جۆرە لە ئارادایە کە من کاری دەرھێنان بۆ بە ئەنجام بگەینم، ئەو درامایە لەسەر ژیان و کاری سیاسی (عەبدولکەریم قاسم)ـە، بەڵام چەند کەسایەتیەک لە کوردستان بەشداریی دەکەن و چەند دیمەنێکیش لە شارەکانی ھەولێر و کەرکوک سلێمانی کاری بۆ دەکرێت، بە شێوەیەکی گشتی ئەو درامایە بە زمانی عەرەبی بەرھەم دەھێندرێت و منیش کاری دەرھێنان بۆ دەکەم”.
لە ھەفتەی رابردوودا فیستیڤاڵێکی سینەمایی لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو، لە ژێر ناوی نا بۆ توندو تیژی دژ بە مێنە، دوای تەواو بوونی فیستیڤاڵەکە گلەییەکی زۆر لەسەر ھەڵسنگاندنی کورتە فیلمە بەشدار بووەکان کراو ھەندێک لەو فیلمانە خۆیان بە حەق دەزانی بۆ وەرگرتنی خەڵات بەڵام خەڵات نەکران تۆ چی دەڵی لەمبارەیەوە؟
من دەڵێم بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینەما لە چوار چێوەی ئەو فیستیڤاڵەی نا بۆ توندو تیژی دژ بە مێنە سازی کرد، ئەو فیستیڤاڵە وەک ورۆک شۆپێک وابووە بۆ ئەو گەنجانەی لە رێگەی ئەو (١٥) کورتە فیلمەی بەشداریان کردبوو، ئیتر ھیوادارم بۆ داھاتوو فێری کاری باشتر و جوانتربن، جگە لەوەش ئەوەی بەشداری فیستیڤاڵی نا بۆ توندو تیژی کرد دژی مێنە، مانای ئەوە نیە دەبێ خەڵاتێک بباتەوە، نەخێر ئەوە بۆچوونێکی ھەڵەیە، بەڵکو ئەوانەی کە بەشداربوون لە رێگەی کورتە فیلمەکانیان پەیامێکیان گەیاندووەو ئیتر ئەوەی کە خەڵاتی نەبردووە ئەوە لێژنە ھەبووە ھەڵسەنگاندن بۆ چیرۆک بۆ سیناریۆ و کاری دەرھێنان و باشترین ئەکتەر و باشترین بیرۆکە و دەیان جۆری دیکە ھەبووە، ئیتر لەو ھەموو خەڵاتانە ئەگەر کەسانێک بێ بەش بوون، پێویستە یەکەم جار سەیری کارەکانیان بکەن، ھەوڵبدەن کاری باشتر بکەن بۆ داھاتوو، چونکە ھەر کارێک لەو فیستیڤاڵە ئەگەر بۆ دروشمی نا بۆ توندو تیژی نەبووبێت ئەوە لێژنە ھەڵسەنگاندنی خۆی ھەبووەو بڕیاری خۆی لە سەرداوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا