بە بڕیارێکى وەزارەتى رۆشنبیرى و لاوان، بەڕێوەبەرایەتى گشتى سینەما دادەخرێت و هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان لە یەک بەڕێوەبەرایەتى کۆدەکاتەوە، سینەماکارانیش ئەوە بە زەرەرى سینەماى کوردى دەزانن. لەو بارەیەوە ناسر حەسەن، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى سینەما بە (سڤیل)ـى راگەیاند، لە پرۆژە یاسای وەزارەتى رۆشنبیرى، کە لە پەرلەمان دەنگى لەسەر دراوە،
“بەڕێوەبەرایەتى گشتى سینەما نامێنێ، هەموو بەڕێوەبەراتییەکان شانۆ و سینەما و موزیک و منداڵان و چاپەمەنى لە یەک بەڕێوەبەرایەتى کۆدەکاتەوە، بە ناوى بەڕێوەبەرایەتى گشتى رۆشنبیرى و لاوان و هونەر”. ئەو پرۆژە یاسایە کە لەبەر کێشەى “جەندەر” هێشتا لە سەرۆکایەتى هەرێم ئیمزاى لەسەر نەکراوە، سینەماکاران پێیان وایە “ئەو بڕگەیە زەرەرێکى گەورە” بە سینەماى کوردى دەدات، ناسر حەسەن گوتیشى “ئەو بڕیارە تەخەسوسات ناهێڵێ و سینەما دەسەڵاتى کەم دەبێتەوە، کاتى خۆیشى زوو وتم ئەوە خەتەرە بۆ سینەما، بەڵام کەس بەقسەى منى نەکرد و کەسیش نەهات بڵێ خەتەر نییە”. لە 2008 بەڕێوەبەرایەتى گشتى سینەما دامەزرا و چەند فیلم و کورتە فیلمیان بەرهەمهێناوە و ئەمساڵ لەسەر ئاستى عێراق لە حەوت خەڵات دا، پێنج خەڵاتی بەدەستهێنا.
لەو بارەیەوە د. کاوە مەحمود، وەزیرى رۆشنبیرى و لاوان بە (سڤیل)ـى راگەیاند، “ئێمە دەمانەوێت بە دانانى دەسەڵات بە پارێزگارەکان ئیشوکارەکان بکەین، لەبەرئەوە زنجیرەى زیادى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کە شتێکى ئیدارییە ئەو زنجیرە ئیداریانە کەمدەکەینەوە، دەمانەوێت سینەما لە پارێزگاکانى خۆیان لە چوارچێوەى بودجەى خۆیان ئیشوکارەکانیان بکەن”.