بێژەری تەنیا میکیاژ و دانیشتن i خۆڕازاندنەوە یا دەرکەوتن نییە”
دیمانەی:کارۆخ مەلائەسعەد:ئەوەی بینەری کوردستان تیڤی بێت، بێگومان بێژەری ھەواڵی سیاسی ئەو کەناڵە (بەڕێز حاجی) دەناسێت، لە دیمانەیەکی “ھەولێر”ـدا، باس لە کاری بێژەری خۆی دەکات و تیشکیش دەخاتە سەر چۆنییەتی بێژەری سەرکەوتوو و ئەو پاڵنەرانەیش کە کاریگەریی لەسەر سەرخستنی بێژەر دەبێت.
* بەردەوام بوونت لە (کوردستان تیڤی) جیاواز لە ھەموو بێژەرەکانی دیکە، بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
ـ پێوەندیکردنی من بە کاری ڕاگەیاندنەوە ئامانج و خۆزگەی منداڵیم بوو، درێژەپێدان و بەردەوابوونیشم لەو کەناڵەدا جگە لەوەی پێگەی سەرەکی کارکردنی منە، ھاوکات بە ماڵی دووەمی خۆم سەیری دەکەم و ناشتوانم دەست بەرداری ئەو ماڵە بم. جگە لەوەیش من کادیرێکی حزبیم و خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ حزبەکەم ھەیە، دواجار دەشمەوێـت لە پەنجەرەی (کوردستان تیڤی)ـیەوە خزمەت بە حزبەکەم بکەم.
* بەر لەوەی بێیتە ناو ڕاگەیاندن بەشداریت لە فیلمێکدا بە ناوی (بەناز)ـەوە کردووە، کە تێیدا ڕۆڵی سەرەکیت بەرجەستە دەکرد، پاشان ڕاستەوخۆ ھاتیتە ڕاگەیاندنەوە؟
ــ ڕاستە، بەڵام دواتر ئاڕاستەی بوارەکەم گۆڕی و خۆم لە بێژەری ھەواڵی سیاسییدا بینییەوە، ھەرچەندە چەند ساڵێک بەر لە ئێستادا چەندینجار داوام لێکراوە لە فیلمی سینەمایی و درامادا ڕۆڵ بگێڕم، بەڵام من ڕەتم کردووەتەوە، چونکە نامەوێت چەند کارێکی جیا لە یەککاتدا بکەم.
* لە ئێستای کاری میدیاییدا، بە تایبەت لە کەناڵە عەرەبییەکاندا، زۆر بێژەری سەرنجڕاکێش ھەیە، ئایا تۆ توانیوتە سوود لە ئەزموونی ئەو بێژەرە ئافرەتانە وەربگرێت؟
ــ بێژەر دەبێت خۆی باکگڕاوندێکی بێژەرایەتیی ھەبێت و متمانەی بەخۆی ھەبێت. کاری بێژەری تەنیا پەیوەست نییە بە خوێندنەوەی ھەواڵ، ئەگەر بێژەریی تەنیا خوێندنەوە بێت ھەموو کەسێک دەتوانێت بیکات، چونکە زۆر شت ھەیە کە بێژەر کۆ دەکاتەوە، بۆ نموونە بێژەر دەبێت بزانێت ئەدای ھەواڵێک بۆ ھەواڵێکی دیکە جیاوازە، تەنانەت نۆتەی دەنگ و جوڵە و جلوبەرگ کاریگەریی لەسەر ھەواڵ ھەیە، ھەربۆیە سوودوەرگرتن لە بێژەرانی بیانی سوودێکی ئەوتۆی نابێت، ئەگەر کەسی بێژەر ئەو تایبەتمەندییانە لەسەرەوە باسم کرد، لە خۆیدا بەرجەستە نەکات.
* ئایا مەرجە کەسی بێژەری سیاسی باکگڕاوندێکی مەعریفی سیاسی ھەبێت؟
ــ بەبێ دابڕان ماوەی چەندین ساڵە لە ڕاگەیاندن کاری بێژەری سیاسی دەکەم، شارەزاییم لە زمانی نووسین ھەیە. ھاوکات زۆر بەرنامەی سیاسیشم ئەنجام داوە، لە ئاستێکی باشدا توانای گفتوگۆی سیاسیم ھەیە و، چەندین جاریش وەکوو نووسەرێکی باش وتاری سیاسیم نووسیوە، چونکە من ھەمیشە گوتوومە دەبێت بێژەری ھەواڵە سیاسییەکان ڕۆشنبیرییەکی فراوانی سیاسی ھەبێت، بۆیە دڵنیام بێژەریی تەنیا میکیاژ و دانیشتن و خۆڕازاندنەوە یان دەرکەوتن نییە.
* وەک ئەوەی کە لە بواری ھونەردا جوانی بۆ ھونەمەندی ئافرەت خاڵێکی گرینگە، ئایا بۆ کاری بێژەریش گرینگە؟
ــ ئەو پرسەی تۆ لێکدانەوەی جیاوازی ھەیە، بەشێک لە بینەران لەبەر جوانی ڕووخسار دەبێتە بینەر، بەشێکیش لەبەر خوێندنەوەی جوانی ھەواڵ، وەکوو خۆم ھەموو کەسێکم پێ جوانە، گرینگیشە ئەو کەسەی ھەواڵ دەخوێنتەوە لێھاتوو بێت.
* لە سایتی گەنجانی پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕاپرسی لەسەر باشترین بێژەر کرا، تۆیش پلەی یەکەمت بەدەست ھێنا، ئەوە بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
ــ خۆشەویستیم بۆ پیشەکەم درێژەدانە بەکاری ڕاگەیاندن و جیددیبوونم لە کارەکەمدا، پێوەندی بە سەرکەوتنی کارەکەمەوە ھەیە، ھەروەھا چەندین جار ئەو جۆرە ڕاپرسییانە کراوە و، پلەی یەکەمم بەدەست ھێناوە.
* یادگارییەکی خۆش و ناخۆشت؟
ــ نەخۆشبووم ھاوڕێکانم سەردانیان دەکردم، ڕۆژێک (ئاشنا عەبدوڵڵا) و (نازی) خوشکیی و (کارۆخ)ـی شانۆکار دەھاتن بۆ سەردانم، ئەوان کە ھاتبوونە ژوورەوە (بۆبی) سەگەکەم ھاواری کرد و، ئەوان ھەریەکە و بەلایەک ڕایان کرد لە جیاتی (ئاشنا) دەرگای حەوشا بکاتەوە، دەرگای سەلاجەی کردەوە، دواتر ڕایان کردوو نەھاتن بۆلام.
* چی شتێک زوو تووڕەت دەکات؟
ـ دوو ڕوویی و خیانەت و درۆ.
*لەگەڵ چێشتلێنان چۆنیت؟
ــ بەردەوام ڕۆژانە لە ماڵەوە چێشت لێدەنێم و شارەزایم لە سەرجەم خواردنەکانیشدا ھەیە، خۆشترین خواردنیش لای من ماسییە.
* بە جل و بەرگی کام وڵات سەرسامی؟
ــ فەرەنسا.
* حەزت لە چ مۆدێلێکی قژە؟
ــ قژێکی سادە و حەزیشم لە میکیاژی بووکانەیش نییە.
* ئەو کەسەی دەبێتە ھاوژیانت چی مەرجێکت بۆی دەبێت؟
ــ کەسێکی ڕۆشنبیر بێت، بیرکردنەوەی جوان بێت گرانبەھا بێت.
* سەگێکت ھەبوو، بەڵام کوشتیان، بۆ؟
ــ بەڵێ زۆرم خۆش دەویست و کۆشتەنەکەیشی بە بڕوای خۆم دەستێکی لەپشتەوە بوو.