هەولێر/زریان خەتاب : بەئامادەبوونی جێگری پارێزگاری هەولێر و بەرێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر و ژمارەیەک لە هونەرمەندانی فۆتۆگرافەر و هونەردۆستان،لەچوارچێوەی چالاکیەکانی تایبەت بە رۆژی گەشتوگوزاری جیهانی بەهاوکاری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان،لەژێر ناونیشانی گەشتوگوزار نەوتی ئایندەی کوردستانە پێش نیوەرۆی 28/9/2010پێشانگایەکی فۆتۆگرافی تایبەت بۆ هونەرمەندی فۆتۆگرافەر محەمەد عەزیز جاف لە هۆڵی نیاندرتاڵی گەلەری شانەدەری شاری هەولێر کرایەوە.
لەپێشانگاکەدا 28 تابلۆی فۆتۆگرافی قەبارە سی بەچل نمایشکرابوون کە ناوەرۆکی گوزارشتی وێنەکان گەشتێک بوو بەناو زۆربەی ناوچە گەشتیاریەکانی هەرێمی کوردستان بەبینینی گۆشە نیگای نوێی وێنەگرتنی فۆتۆگرافی بۆنیشاندانی رەنگاورەنگی شوێنە گەشت و گوزاریەکان و دەرخستنی سیمای شارستانی هەرێمی کوردستان لەرێگەی دواندنی گرتە فۆتۆگرافیەکانی هونەرمەند محەمەد عەزیز جافی فۆتۆگرافەرەوە
27/9 وەک رۆژی گەشتوگوزاری جیهانی ناسراوە و بەم بۆنەیەوەش هەرێمی کوردستانیش وەک هەرێمکی خاوەن شوێن و پێگەی گەشتیاری بەدەر نیە لەیادکردنەوە و گرینگیدنی زیاتر بە ناوچە گەشتیاریەکان،کردنەوەی ئەم پێشانگا فۆتۆگرافیەش نیشاندانی ناوچە گەشتیاریەکان بوو لە رێگەی هونەری فۆتۆگرافیەوە