مەنسوور جیهانی ـ “بەهرام ڕادان” ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران، ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش”، بە بیانووی نمایشی ئەم بەرهەمە سینەماییە لە سینەمای شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، پەیامێکی تایبەتی ڤیدیۆیی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان نارد.
دەقی پەیامی ڤیدیۆیی “بەهرام ڕادان” ئەکتەر و دەرهێنەری فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” The Black Cat لە خوارەوەدا هاتووە:
سڵاو لە خەڵکی هەرێمی کوردستان
فیلمی “پشیلە ڕەش” بە ژێرنووسی کوردی لەم هەفتەیەوە لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک نمایش دەکرێت، ئێمەش لە هەوڵداین تاکوو بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هەندێک لە ستاف و ئەکتەرانی فیلمەکە، سەردانی کوردستان بکەین و ببینە میوانی ئێوە، هیوادارم کە ئەم کارە ڕووبدات و لە نزیکەوە ئێوە ببینین. هیوادارم کە فیلمەکە ببینن و چێژیی لێوەربگرن و پێتان خۆش بێت.
بە هیوای دیدارتان، هەر بژی کوردستان.
پیشاندانی فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” بەرهەمی ساڵی 2020 بە بەرپرساریی “محەمەد تۆریوەریان” لە ڕۆژی 30ی مای واتە گوڵانی 2022 لە سینەما “سالم” لە شاری سلێمانی دەستی پێکردووە و لە درێژەدا لە سینەمای “ئێمپایێر”ی فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر و هەروەها لە سینەمای “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
لە فیلمی “پشیلە ڕەش” لە دەرهێنانی “کەریم ئەمینی”، لە بەرهەمهێنانی “بەهرام ڕادان” ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ئێران، کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: “بەهرام ڕادان”، “تەڕلان پەروانە”، “حوسێن پوورکەریمی”، “کیا ڕوکنی”، “بەهارە کیان ئەفشار”، “عەلیڕەزا ئوستادی”، “پەیام ئەحمەدی نیا”، “ئازادە سەدیری”، “بێهرووز قادری”، “ستایش ڕەجایی نیا”، “ئارەزوو نەبووەت”، “سومەیە بورجی” و هەروەها “ڕەزا یەزدانی”، “ئیحسان کەڕەمی”، “عەلی ئۆوجی”، “نیگار شیرازی” و گرووپی موزیکی “سوێن” تیایدا ڕۆڵیان بینیوە.
فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” ناوەرۆکێکی کۆمەڵایەتی هەیە و ڕوانینێکی هەیە بە مەسەلەکانی ئەمڕۆی گەنجان، ئامادەبوونی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیی ئەنتەڕنێت لە ناو کۆمەڵگای ڕەسەن و هەروەها جیاوازیی جیلەکان لە ناو کۆمەڵگای ئەمڕۆکەی ئێراندا.
ئەم فیلمە تا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداریی کردووە، لەوانە: “وەرشەو” لە وڵاتی پۆڵەندا، “سووفیا” لە وڵاتی “بوڵگاریا”، فێستیڤاڵی هونەریی پێشکەوتووی “چۆنگ کینگ” Chongqing Pioneer لە وڵاتی چین، “داکا” لە وڵاتی “بەنگڵادش” و هەروەها لە فێستیڤاڵەکانی “پڕێنس ئێدواڕد” و “ڤەنکۆڤێر” لە وڵاتی کەنەدا.
پەیامی “بەهرام ڕادان” لە لاپەڕەی ئینستاگڕامی خۆی:
https://www.instagram.com/p/CeQrYBrA2rE/?igshid=YmMyMTA2M2Y=
لینکی دانلۆدی پەیامی “بەهرام ڕادان”: