(شەھێن تاڵەبانی) : “دوای (٢٢) ساڵ دووری، (٢) ساڵە چاوەڕێم بگەڕێمەوە بەڵام ھیچ وەڵامێکم دەست نەکەوتووە!!
خانمە ھونەرمەندی گۆرانیبێژی رۆژھەڵاتی کوردستان (شەھێن تاڵەبانی) لەو ماوەیەدا بەسەردانێک گەڕایەوە بۆ کوردستان، لە دیدارێکی دا ھاتە ئاخاوتن و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئارەزوو دەکات دوای (٢٢) ژیان لە تاراوگە بە یەکجاری بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، ھەروەھا باسی لە چەند لایەنێک لە کارە ھونەرییەکانی خۆی بۆ کردین.
ھاتنەوەکەی ئەمجارەت بۆ کوردستان بۆ ئەنجامدانی کاری ھونەریی بوو یا سەردانێکی ئاسایی بوو ؟
ھاتنەوەکەم بۆ مەبەستی ئەنجامدانی چەند کارێکی ھونەریی بوو، لەوانە ئەنجامدانی (٣) ڤیدیۆ کلیپ، لەوانە گۆرانی (دووری) کە لە سیدی سێھەم بڵاو کراوەتەوە، تێکستی (سەربەست کەرکوی)ـیە و ئاوازی ھونەرمەند (بورھان موفتی زادە)ـیە، گۆرانی دووەم (ئەگەر شەوێک ھاتمە یاددت) ئاوازی (بورھان موفتی زادە) گۆرانی سێھەم (ئاوازی شار) تێکستی (محەمەد پاکژ)، ھەروەھا لەو سەردانەمدا گۆرانییەکم بۆ کرماشان گوتوە ئەگەر دەرفەتە ھەبوو کاری کلیپ بۆ ئەویش ئەنجام دەدەم، ھەر لەو سەردانەمدا بەشداریی کۆنسێرتێکم کرد لە شاری ھەڵبجە”.
ماوەیەک بەر لە ئێستادا راتگەیاندبوو، کە ئارەزوو دەکەی بەیەکجاری بگەڕێیتەوە بۆ کوردستان بۆچی تا ئێستا ئەو گەڕانەوەیەت نەچۆتە بواری پراکتیکیەوە ؟
راستە من پێش ماوەیەکی زۆر ئەو داواکارییەم ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندی دار کرد ھاوکاری بکرێم بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە، بەڵام من دوای (٢٢) ساڵ دووری لە کوردستان، ماوەی دوو ساڵە چاوەڕێی وەڵامم و کەچی ھیچ وەڵامێکم دەست نەکەوتووە”.
ئەگەر ئەو ھاتنەوەیەت رووی دا، بەنیازی لە کوردستان چ کارێک یا چ وەزیفەیەک بە ئەنجام بگەینێت ؟
من لە رێگەی ئەو داواکاریەوە کە ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندی دارم کردبوو، ئەوەم خستبووە روو کە من دەتوانم لە بواری منداڵان و کۆمەڵایەتی کار بکەم، چونکە من کاتی خۆی مامۆستا بووم لەمبارەیەوە شارەزایەکی باشم ھەیە، جگە لەوەش پێم خۆشە پەرەیەکی زیاتر بە کارە ھونەرییەکانم بدەم لە کوردستان، چونکە وا ھەست ئەکەم کاری ھونەری لە کوردستان زۆر گونجاو تر و خۆشترە”.
لە سیماتا ھیلاک بوونێک یاخوود غەمباریەک بەدی دەکرێت، ئایا ئەوەش پەیوەندی بەو دووریەوە ھەیە کە چەندین ساڵە ژیانی تێدا بەسەر دەبیت؟
بێگومان ھەندەران ئەگەر ھەرچەند خۆشبێ وەک ئەوەی باسدەکرێت، یا باسکراوە بەڵام ئازار و غەمی دووری مرۆڤ دەتوێنێتەوە، منیش (٢٢) ساڵ لەناو ئەو تابوتی غەریبیەدا ژیاوم، بێگومان ئەوەش کاریگەری خۆی ھەیە، ئیتر ھیودارم ئەو تەمەنەی کە ماومە لە کوردستان و لە ناوخەڵکی وڵاتی خۆم بەسەری ببەم”.
لەو سەردانەی ئەو جارەشت ھیچ وەڵامێکت دەست نەکەوت ؟
نەخێر لەو سەردانەشمدا بەداخەوە ھیچ وەڵامێکم دەست نەکەوت، بۆیە دیسان دەگەڕێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات”.
بۆچی ماوەیەکی زۆرە ئەلبومی تازە گۆرانیت نەبووە؟
بڕیارمداوە جاری گۆرانییەکانم بە شێوەی سیدی بڵاو نەکەمەوە، بەڵکو بە شێوەی “سینگل” تاک تاک گۆرانییەکانم تۆمار بکەم و بڵاویان بکەمەوە، چونکە ناکرێ ئێمەی ھونەرمەند ھەر لەسەر گیرفانی خۆمان بەرھەم ئامادە بکەین و پاشان نەبین بە خاوەنی ھیچ و ھەر زەرەر بکەین، لە ئێستاشدا ئەگەر کۆمپانیایەک ئامادەیی ئەوەی ھەبوو بەرھەمێکی من بگرێتە ئەستۆ منیش بیر لە بەرھەم ھێنانی ئەلبومێکی گۆرانی دەکەمەوە”.
کاتی خۆی گۆرانی (سەبری گوڵ فرۆش) لەگەڵ ھونەرمەند (عەباسی کەمەندی) تۆمار کرد و دەنگ و سەدایەکی چاکی ھەبوو لەناو خەڵک، بۆچی بیر لەوە ناکەیتەوە جارێکی دیکە گۆرانییەک لەگەڵ ئەو ھونەرمەندە تۆمار بکەیت ؟
راستیەکی من ھەر جارێک کە دێمەوە بۆ کوردستان، کە دەچم بۆ ھەر بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی یا ھەر کۆنسێرتێک گۆرانی دەڵێم، خەڵکی زۆر داوای گۆرانی (سەبری گوڵ فرۆش) دەکەن، منیش بە نیازم جارێکی دیکە پەیوەندی بە ھونەرمەند (عەباسی کەمەندی) بکەمەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر گۆرانییەکی دیکە بکەین بۆ ئەوەی تۆماری بکەین، پێم خۆشە ئەو کارە بکەمەوە جارێکی دیکە و ببێتە سوپرایزێک بۆ گوێگرانی گۆرانی کوردی”.
ئەگەر ھونەرمەند (عەباسی کەمەندی) نەبێت ئارەزوو دەکەی گۆرانی دووانە لەگەڵ کامە ھونەرمەند بڵێت ؟
لە ھونەرمەندانی ئێستاکە حەز ئەکەم گۆرانییەک لە گەڵ ھونەرمەند (بەھجەت یەحیا) تۆمار بکەم، چونکە ستایلێکی جوانی ھەیە بۆ گۆرانی گوتن و شێوازی گۆرانییەکانی وا ھەست ئەکەم لەگەڵ من نزیکە، بەڵام تا ئێستاکە لەمباریەوە لەسەر ئەو پرۆژەیەم لەگەڵ کاک (بەھجەت) باس نەکردووە، بەڵام ھیوادارم ئەو کارە لەگەڵ ئەو ھونەرمەندە ئازیزە ئەنجام بدەم”.
ئەو ھیواو ئاواتەی تا ئێستاکە نەھاتۆتە دی لای (شەھێن تاڵەبانی) چیە؟
ئەو ھیواتەی من بریتیە لە (٢) شت، یەکەمیان ئومێدەوارم کورد یەکگروو یەکریز بێت، بۆ ئەوەی بتوانین کوردستان بەرەو پێش بەرن، چونکە تەنیا یەکریزی و تەبای دەتوانێت وڵات بەرەو پێشکەوتن ببات، ئومێدی دووەمم ئەوەیە ھیوادارم لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ئاوڕێک لە ھونەرمەندان بدەنەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھونەرمەندان لە ژێر ئەو زەحمەتیەی کە ھەیە کارە ھونەرییەکانیان ئەنجام نەدەن”.
بۆچوونی تۆ لە بەرامبەر پەیدابوونی ئەو رێژە زۆرەی ئافرەتانی گۆرانیبێژ چۆنە ؟
بەداخەوە پەیدابوونی ئەو رێژە زۆرە وایکردووە، خەڵکی کورد و گوێگران و بینەران لێیان بێزا بوون، ئەوانە من ناویان نانێم ھونەرمەند، چونکە بەڕاستی نابێ بەو جۆرە گۆرانیبێژانە بگوترێ ھونەرمەند و ھەروەھا گۆرانییەکانیشان بە ھونەر ھەژمار بکەین، بەڵکو ئەگەر ئەو خانمە گۆرانیبێژانەی ئەو سەردەمە ئەگەر تۆسقاڵێک خۆشەویستیان ھەبێ بۆ ھونەر و کاری ھونەری بەو شێوەیە کار ناکەن، چونکە بەڕاستی ئەو شێوازە گۆرانی گوتن و دەرخستی لەشیان تەنیا بێزاری دەبەخشێت بەخەڵک و گوێگر، ھەروەھا دەمەوێ ئەوە بڵێم ھەر کارێکی ھونەری دژی کەللتور و رەسنایەتی بێت ئەو ھونەرە تەمەن درێژ نابێت و بە ھونەرێکی زڕ و بێ ناوەرۆک حیساب دەکرێ، ھەر بۆیەش گۆرانییەکانیان تەمەنێکی درێژیان نیە و سەرکەوتوو نین”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
سپۆت
لە ھونەرمەندانی ئێستاکە حەز ئەکەم گۆرانییەک لەگەڵ ھونەرمەند (بەھجەت یەحیا) تۆمار بکەم!