زانا دڵشاد دزەیی : دوو ساڵە ھێنانی گروپی میوزیکی سکوردیا لەبەرنامەی ھونەرمەند دڵشاد عومەر دابوو، بەڵام لە ٢ی ئەم مانگەدا ھاتن بۆ کوردستان و گروپەکە لە ۷ ژەنیار پێکھاتووە، لەگەڵ تیمێکی تەلەفزیۆنی نەمساوی کە لە ٤ کەس پێکھاتووە، ھەروەھا فۆتۆگرافێک و دوو ئەندازیاری دەنگ، ئەوان بەرنامەکانیان لە ٣ رۆژدا پێشکەش دەکەن و دەڕۆنەوە، دڵشاد دەڵێت “ئامانجمان ئەوەیە لەم ٣ رۆژەدا کوردستانێکی دوور لە توندوتیژی و ئیرھاب بە دنیا بناسێنین”.
ھونەرمەندی میوزیکژەن دڵشاد عومەر کە دڵشاد ھەولێری ناسراوە و سەرپەرشتی ھێنانی ئەو گروپە نەمساوییە دەکات، دەڵێ لەبەرئەوەی ئەو گروپی جەماوەرێکی زۆریان ھەیە و میوزکیان کوردییە بە ستایلێکی نوێ، لام گرنگ بوو ئەوان بێنە کوردستان “بینەر تاموچێژێکی زۆر لەم گروپە وەردەگرن، چونکە کلاسیک و جازیا تێکەڵ کردووە”. دڵشاد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات جگە لەلایەن ھونەرییەکەوە، لەھێنانی ئەو گروپە بیری لەوە کردۆتەوە چۆن بتوانێ لۆبی کورد بکات لەدەرەوە، چونکە بە بڕوای ئەو “سیاسەتمەدارە کوردەکان کۆڕێک دەکەن ١٠٠ کەس کۆنابێتەوە، بەڵام لەڕێگای ھونەر دەتوانین سەرنجی چەندەھا بینەری بیانی و سیاسەتمەدارەکانیش رابکێشین”. ھەروەھا ئەو گوتیشی “ئەمڕۆ کورد لەدەرەوە پێویستی بە لۆبیە، ئینجا لەرێگەی سیاسی بێت یاخود ھونەری، ھەموو نوێنەرەکانی حکومەتی کوردستان ناتوانن نوێنەرایەتی حکومەت بکەن، بەتایبەت لۆبی ھونەری ھەر نییە، ئێمە دەتوانین لەڕێگەی ھێنانی ئەم گروپانە لۆبی ھونەری دروست بکەین”.
گروپی موزیکی “سـکوردیا” ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە، جگە لەکۆنسێرتەکانیان چەند بەرھەمی ئەلبوومیان ھەیە، لەدوو مانگی رابردوو کە ھونەرمەندی کورد رزگار خۆشـناو سـەرپەرشـتی دەکات کۆمەڵێک کۆنسـێرتیان لە نەمسـا و سـویسڕا و ئەڵمانیا ئەنجامدا. ئەندامی ئەم گروپە کە ھونەرمەندی کوردی حوسەین زەھاویش تێیدا بەشدارە، لەکۆنسێرتەکەدا خەڵکی کوردسـتان، نەمسـا، ئەڵمانیا، ئەمەریکا، ڤێنزوێڵا، ھۆڵەندا، بۆسنە و ھەرسـک، ئەرمێنیا، ئامادەی بوون، کە زیاتر لەژمارەیان لە ۷۰۰۰ کەس دەبوو، ھەردوو ھونەرمەندی کورد بەجلوبەرگی کوردی میوزیک و گۆرانی کوردیان پێشکەشکرد.
دڵشاد ئاماژەی بەوەشدا گروپەکە ٣ رۆژ لەکوردستان دەمێنێتەوە و لەبارەی چۆنیەتی بەرنامەکانیان دەڵێت “یەکەم شت دیکۆمێنتێک لەسەر ھەولێر و ھەرێمی کوردستان دەکەین، دەمانەوێت روویەکی تری کوردستان بە دنیا بناسێنین، دوور لەتوندوتیژی و ئیرھاب، ئەوە ئامانجی منە، دواتر لەسەر مامۆستا خۆشناو ھاوڕێکانی دیکۆمێنتێک دەکرێ، رۆژی دواتریش کۆنسێرتێکی میوزیکی لەھۆڵی پێشەوا ئەنجام دەدرێت، ٨ی مانگ دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی نەمسا”.
بەڵام دڵشاد گلەیی لەئیدارەی دامودەزگاکانی حکومەتی کوردستان دەکات، چونکە ئەو دەڵێ دوو ساڵ پێش ئێستا لەبەرنامەدا بوو ئەو گروپە بێنم بۆ کوردستان، بەڵام لەوەزارەتەکانی کوردستان بەردەوام لەھەوڵی ئەوەدان چۆن کێشە بۆ ئیشەکەت دروست بکەن، وەک خۆی دەڵێت “لەلای وەزارەتی رۆشنبیری باسی ھەموو شتێک بکە بەس باسی پارە مەکە، ئیدارییەکی گەورەی گەندەڵی تێدایە، بەردەوام دەیانەوێ کێشە بۆ ئیشەکەت دروست بکەن”. ناوبراو ئامادەیی تێدایە ھەموو مانگێک گروپێکی میوزیکی بێنێتە کوردستان، بە مەرجێک حکومەتی کوردستان پاڵپشتی بکات. ھەروەھا دەڵێت “ھێنانی ئەم گروپانە مەسرەفێکی زۆر کەمی تێدەچێت، ناکاتە ٥٠ ھەزار دۆلار”.
دڵشاد عومەر حەزیکرد لەھاتنی ئەم گروپە خزمەتێک بە میوزیکژەنەکانی کوردنیش بکات، بەڵام بەقسەی خۆی میوزیکژەنەکان کەمتەرخەمن لەفێربوونی شتی نوێ، “پێم خۆشبوو ورکشۆپێک بۆ میوزیکژەنەکانی ئێرە بکەمەوە، چونکە ئەوانەی کە دێن ھەر یەکەیان پڕۆفیسۆری ئالەتێکی میوزیکن، بەڵام ھونەرمەندانی ئێرە رێکخستنیان نییە و ئامادەیان تێدا نەبوو”. ھەروەھا دڵشاد دەڵێت “زۆر حەزدەکەم بتوانم خزمەنی گەنجی میوزیکژەن بکەم، ساڵانە بەرەو فیستیڤاڵی جیھانی بڕۆین، ئالۆگۆڕێکی ھونەری نێوان ھەرێمی کوردستان و دەرەوە ھەبێ، بەڵام بەداخەوە لێرە ناتوانی بەپێی پێویست بگەیە ئەو کەسانەی کە بڕیاریان لەدەستە، پێشتر کاک نێچیرڤان لەحکومەت بوو زۆر گروپ بەشداریان لەفیستیڤاڵە جیھانییەکان دەکرد و پلەی باشیان بەدەست دەھێنا، کە ئەو نەما ئەو چالاکیانە وەستا، بەگشتی ھونەر سستی تێکەوت، بەڵام ئێستا کە ئەو ھاتۆتەوە حکومەت ھیوادارم ھاوکاری بکرێن و گروپە میوزیکییەکانی ئێرە بنێرن بۆ دەرەوە و ھی دەرەوەش بانگێھشتی کوردستان بکەن”.
ھەروەھا دڵشاد داوا لەنێچیرڤان بارزانی دەکات، پاڵپشتی پڕۆژیەکی وا بکات، گروپێکی گەورەی سەمفۆنیای کوردستان دروست بکرێ، “ئەندامەکانی ئەو گروپە لەھیچ شوێنێک کارمەند نەبن و بەردەوام رۆژانە پڕۆڤە بکەن، ورکشۆپیان بۆ بکرێ، بەناوی کوردستان بەشداری لەفیستیڤاڵە جیھانییەکان بکەن”.