كارۆخ مەلا ئەسعەد: خانمە گۆرانیبێژ دڵبەر جزیزی و سامان شەوكەت لە پەیوەندیەكدا، لە وڵاتی ئەڵمانیاوە لە ڕێگەی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـەوە بە هەوادارەكانیان ڕادەگەیەنێن، كە لە ئێستادا و لە وڵاتی ئەڵمانیا سەرقاڵی كلپیكردنی گۆرانییەكی دوێتن.
هاوكات ئاواز و تێكستەی ئەو گۆرانییەیشیان لەلایەن دیار كوردەوە بۆ ئامادەكراوە و ناوی گۆرانییەكەیش “ڕێكا ڤینێ”ـە، میوزیكیش “هەرێم سەڵاح” لە ئەڵمانیا لە ستۆدێۆ تۆمەكنی بۆی بە ئەنجام گەیاندون.
لە بارەی چۆنییەتی دروستكردنی كلیپەكەیشیانەوە سامان دەڵێت: “ئەو كلیپە لە سیناریۆی خۆمە و تێیدا باس لە خۆشەویستیی و جیابوونەوەی كچ و كوڕێك دەكەم، چەندەها لۆكەیشینی جیاواز لە یەكتریشمان وەرگرتووە.”
هەروەها دڵبەر گوتی: “كلیپەكەمان بە هۆی نەوزاد شێخانی دەرهێنەر و ستافێكی بە توانای ئەڵمانی بەرهەم هاتووە و كۆمپانیای falake sinamaـیش كاری وێنەگرتنەكەیان جێبەجێ كردوە، شایانی باسە ئەو گۆرانییەی كلیپمان بۆ كردووە، یەكێكە لە تراكەكانی نێو ئەلبوومە تازەكەی هونەرمەند سامان شەوكەت و بەر لە بڵاو بوونەوەی ئەلبوومەكەی ناوبراویش ئێمە لێرەوە مزگێنی دەدەینە هۆگرانی دەنگمان كە ئەم كارە دووێتەمان لە ڕێگەی كەناڵە هونەرییە كوردییەكانەوە بڵاو دەكەینەوە.”