منداڵ بەهۆى خەو بینینى ترسناکەوە لەخەو ڕادەپەڕێء خەوى دەزڕێت، هەروەها زۆربەى کات ئەو خەوەى کەبۆتە مایەی ترساندنى کەمێکى یا بەتەواوى لەبیر دەمێنێتەوە . زۆربەى منداڵان لەسەر ستەمەکەى خۆیان دادەنیشنء هاواردەکەن یا دەگرینء یابەرەو ژوورى نوستنى دایکء باوکیان پەنادەبەنء داواى یارمەتیان لێدەکەن. بینینى خەوى ترسناک زیاتر لەمنداڵانى 5_6 ساڵاندا ڕوودەدات. هەندآ جار هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانى دەوروبەرى یا بابەتێکى ترسێنەر لە تەماشاکردنى تەلەفیزیۆنەوە یاخود لەچیرۆکء کتێبەکاندا دەیخوێننەوە یا دەوروبەرى بۆى دەگێڕنەوە، یا بەشێوەیەکى ئاسایى بابەتێک بێت ڕاستەءخۆ ڕووبەڕوویان بووبێتەوە. وەکو: شەڕء ئاژاوە، واهەستبکەن پشتگوێ دەخرێن لەلایەن خوشکء براء گەورەکانیانەوە، یاڕەنگیشە کێشەیەک بێت لە قوتابخانەء ماندووبوونیان لە ئەنجامدانى دەرس و …هتد.
کەواتە ئەم کێشەیە لە منداڵاندا بۆى هەیە لەژێر کاریگەری کاروبارى ڕۆژانەیاندا درووستبێت. بۆنموونە ئەگەر ڕۆژێکى سەختء دژوار بەسەربەرن ڕەنگە خەونێکى ناخۆشء ترسناک ببینن. ئەڵبەتە خەوى ترسناک دەتوانێت لە خەیاڵاتى منداڵاندا شیوەیەکى سەیر لەخۆبگرێت بەبێ ئەوەى مانایەکى تایبەتى هەبێت.
لە منداڵى زۆر بچوکدا ئەم جۆرە خەوانە بەشێکن لە گەشەیانداء کاتێک لەخەو ڕادەپەڕن یەکسەرى خەویان لێدەکەوێتەوەء بۆ بەیانیش هیچیان لەبیر نامێنێت. پێویستە ئەم خاڵەشمان لەیاد نەچێت کە هەر جۆرە مۆتەکەیەک ماناى ئەوەناگەیەنێت کە بابەتێک لەئارادا هەیە. لە منداڵاندا، لەرزء تا، نەخۆشىء بیتاقەتى یا درەنگ نانخواردن دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگى هەبێت بۆ ئەم گرفتە.
ئایا کاتێک کە منداڵەکانتان مۆتەکە دەبینن ئێوە چیان بۆدەکەن؟ دایکانء باوکان پێویستە یەکسەر لە کاتى بینینى خەونى ترسناکى منداڵەکانتانا بەم شێوەیە ڕەفتاربکەن:
1_ کاتێک کە مندالڕ لەنیوەشەودا هاواردەکات، بێ ئەوەى لەخەوى هەستێنى، پێویستە هێورى بکەیتەوەء بەئارامى لەپەنا گوێیدا لایەلایەى بۆ بکەیت. لەم کاتانەدا تادەتوانیت دەبێت هەوڵبدەیت منداڵەکەت خەبەرى نەبێتەوە.
2_ کاتێک کەمندالڕ لەدەنگى هاتء هاوارى خۆى بیداردەبێتەوەء هێشتا دەترسێتء پەرێشانە پێویستە لەئامێزى بگریتء پەرداخێک ئاوى دەرخواربدەیت. بەسۆزء میهرەبانیەوە دەست بێنیت بەسەریداء بۆى باسبکەیت کە ئەمە تەنها خەوبوو، تێپەڕى، هەرچیەکت دیووە تەنها لەخەودابوو”.
3- تەنانەت ئەگەر منداڵەکە هێشتا ماناى وشەى خەیاڵات”خەوبینین” فێرنەبووبێت، بەدەنگى ئارامى ئێوە ئارام دەگرنء تێدەگەن کە ئەوى بینیویانە واقعى نەبووە. ئەگەر هاتوو منداڵەکە هێشتا هەر هاتء هاوارى بوو دەتوانیت گڵۆپەکانى بۆ داگیرسێنیتء پێى بڵێیت” وەرە با پێکەوە بەدواى ئەو شتەدا بگەڕێین کەلێى دەترسیت” یاپێى بڵێت گڵۆپەکەت هەر بەداگیرساوى بۆ دەهێڵمەوە”.
4_ بۆى هەیە لەهەندێک حاڵەتدا ئەو وێنە ترسناکەى لەخەودا بینیویەتى دووبارە لەزهنى منداڵەکەدا دووبارە ببێتەوەء لەترسى ئەوەى نەوەکء ئەو دیمەنە ترسێنەرە ببینێتەوە وڕکبگرێتء نەیەوێت بچێتەوە بۆ جێگاکەى خۆى بخەوێتەوە. لەم حاڵەتەدا پێویستە دەربارەى ئەو شتەى منداڵەکە بەیانى دەکات بابەتەکە بەجۆرێکى تر کۆتایى پێبێنن، بەمجۆرە بۆ نموونە ئەگەر خەوى بە سەگێکى گەورەوە یا ئەژدیهایەکەوە بینیبوو پێى بڵێی: لەکۆتاى خەوەکەتدا تۆ شمشێرێکت پێبوو ئەژدیهاکەت کوشت.
5_هەوڵبدە کاتێک مندالڕ خەوى ترسناک دەبینێتء بەرەو ژوورى نوستنەکەى ئێوەدێت بیبەیتەوە بۆ سەر جێگاکەى خۆى. چونکە بۆ شەوەکانى دوایى زۆر بەزەحمەت دەتوانێت لەجێگاکەى خۆیدا خەوى لێبکەوێت. هەروەها هەوڵبدە ئەو شەوە تامنداڵەکەت خەودەیباتەوە لەلاى بمێنیتەوە ئەوسا بەجێى بێڵە.
6_ ئەگەر هاتء زانیت ئەم کێشەیە بەهۆى ئەوەوە ڕوودەدات کە مێشکى قاڵە بە بابەتێکەوە، پێویستە بگەڕێت بەدواى هۆکارەکەیداء بیدۆزیتەوە.
7_ هەندێک جار پێویستە لە خودى منداڵەکە یارمەتى وەربگریتء بە وردى پرسیارى لێبکەیت” دوێنآ شەو چ جۆرە خەونێکت بینی؟ یا ئەو شتە چیە کە لێى دەترسى؟” مەجالى بەرآ خۆى بۆت بگێڕێتەوە. هەوڵبدە لەو کاتەدا قسەکانى پێنەبڕیتء بە وردى گوێى لێبگرە. چونکە مندالڕ بەم کارەى ئێمە هەست بەوە دەکات کە درکى پێدەکەین.
بێگومان ئەو منداڵانەى کە وردن نابێت چاوەڕوانى ئەوەیان لێبکەین کە بەدرووستى خەوەەکەیمان بۆ بەیان بکات. چونکە لەو تەمەنەدا ناتوانن بەشێوەیەکى دروست خەوەکەیان بگێڕنەوە. ڕەنگە بڵێن” ئاژەڵێکى ناشرین یا سەگێکى گەورە. لەم حاڵەتەدا پێویستە پێیان بوترآ کەبەڕاستى لەناو ژورەکەیدا هیچ شتێک وجودى نیە. دەشتوانى لەگەڵ منداڵەکەتدا هەموو شوێنێکى ماڵەکەت بپشکنى.
8_ هەندآ جار بۆ بەرگرى لە مۆتەکە باشتروایە ڕێگە نەدەى مندالڕ سەیرى تەلەفیزوێن بکات.
9_ لەکاتێکدا ئەگەر هاتوو ئەم کێشەیەبەردەوام لاى منداڵەکەت دروست بوو، پێویستە سەردانى دکتۆری پێبکەیت.
بۆ بەرگرى کردن لە بینینى خەونى ترسناک لەمنداڵەکەتدا، باشتر وایە پێشتر چەند کارێک ئەنجام بدەیت وەکو:
_ شەوانە هەمیشە گڵۆپێکى کز لەژورى منداڵەکەتدا داگیرسێنە. لەتاریکیدا پێش ئەوەى منداڵەکە خەوى لێبکەوێت سەیرى شتءمەکى ژورەکەى بکەء بزانە هیچ شتێک خراپ دانەنراون. بۆنموونە سێبەرى کورسیەک ڕەنگە ببێتە هۆى ترساندنى مندالڕ. یا دەتوانیت بووکەشووشەیەکى بدەیتآ، یا لەژورەکەیدا هەڵیواسى، پێى بڵێ ئەم بووکە شووشەیە دەتوانێت ڕێگە بگرێت لەخەونى ترسناک.
_ هەوڵبدەن منداڵەکەت لەپێش نوستنیدا فلیمى ترسناک تەماشا نەکاتء یا یارى ئاڵۆزء شەڕانى ئەنجام نەدات.
_هەوڵبدە پێش ئەوەى منداڵەکەت خەوى لێبکەوێت چیرۆکى بۆ بخوێنیتەوە” ئەڵبەتە چیرۆکى خۆشء باش ئەو شتانەى کە منداڵەکەت حەزى لێیەء پاشان پێى بڵێ: ئارەزووم وایە ئەمشەو بێتە خەوت”.
بەدڵنیاییەوە ئێوە دەتوانن بەقسەء ئامۆژگاریەکانتان ژیانێکى ئاسوودەء بارێکى دەروونى ئارامء باش بۆ منداڵەکانتان درووستبکەن.
سەرچاوە : سایتى همشهرى انلاین