ئاریۆس حەمەسەعید، لاوێکە ھەم لە بواری دانانی ئاواز و دابەشکردنی میووزیکی گۆرانی و ھەم سینەمادا، ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە، بەڵام لە کاتی ئێستادا زیاتر گرنگی بە کاری میووزیک دەدات، چونکە وەکوو خۆی دەڵێـت: “لە میووزیکدا دەتوانم ئەو خەونە گەورەیەی کە ناخمدا ھەیە پێی بگەم”، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ” ھەولێر”، (ئاریۆس) وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە:
سروودی “بۆ ھەموو کوردێک” کە ئاواز دابەشکردنی لە لایەن (ئاریۆس)ـەوە ئەنجام دراوە، یەکەمین وێستگەی گفتوگۆکەمان بوو، ئەو باسێکی سروودکەی کرد و گوتی: “دوای ئەوەی بارودۆخی ئەم دواییەی کوردستان کەمێک نالەباری بە خۆوە بینی، باوکم بیرۆکەی سروودێکی لەم جۆرەی ھێنایە کایەوە، دوای ئەوەیش ئەو بە تێکست و منیش بە ئاواز و دابەشکردنەوەی بەشداریم کرد.
ئیدی بە یارمەتی چەند ھونەرمەندێکی بەتوانا، تواندرا سروودەکە تۆمار بکرێت و کلیپشی بۆ بکرێت. مەبەستی منیش لەم کارە تەنیا ئەرکێکی نیشتیمانی بوو بەرانبەر بە خاکەکەم.”
(ئاریۆس) باسی ھۆکاری چوونی بۆ پەیمانگە دەکات و دەڵێت: “لەبەر ئەوەی ژینگەی ماڵی ئێمە ژینگەیەکی ھونەری بوو، بۆیە بڕیارم دا بچمە پەیمانگە و پەرە بەو بوارە گرنگە بدەم کە باوانی من گرتوویانەتە بەر.”
(ئاریۆس) پێی وایە کە پێویستە ھونەرمەند ڕۆژانە ئاگای لە دنیا و دەوروبەری بێت و بزانێت کە لەبارەی میووزیکە چی ڕوو دەدات، چونکە میووزیک ھەمیشە پێویستی بە نوێبوونەوە ھەیە.
لەبارەی کاتەکانی خۆیشییەوە دەڵێت: “ڕۆژانە نزیکەی ١٠ سەعات کاتەکانم بۆ گوێگرتنی میوزیک و پڕۆڤەکردن تەرخان دەکەم.”
سەبارەت بە داھێنان و نوێکاری قسەی خۆی ھەیە و پێی وایە کە نوێکاری لە میووزیکدا پێوەست نییە بە تەمەنەوە، بەڵکوو لە ھەموو تەمەنێکدا ھونەرمەند دەتوانی کاری نوێ بکات، بە مەرجێک لە ناخییەوە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ ھونەر ھەبێت و ھەردەم ئامانجێک لە ناخیدا ھەبێت. لەو بڕوایەیشدایە کە مرۆڤ دەتوانێت ھەموو خەون و ئامانجەکانی بھێنێـتە دی ئەگەر ھەوڵی بۆ بدات.
ئەم ھونەرمەندە، لە بواری ئاواز و دابەشکردنی میووزیکدا دەورێکی بەرچاوی ھەیە و وەک خۆیشی دەڵێت: “ھەر میووزیکژەنێک بیەوێت خۆی لە ئاوازدانان و دابەشکردنی گۆرانی بدات، ئەوا دەبێت پێشتر باکگراوەندێکی ھونەری ھەبێت، ئەو باگکراوەندەیش لە شارازابوون لە بەرھەمی وڵاتی دی پەیدا دەبێ، یانیش دەکرێـت ئەو باکگراوەندە ھونەرییە لە ئەنجامی دەرچووی دامەزراوەیەکی ھونەرییەوە پەیدا ببێـت .”
(ئاریۆس حەمەسەعید) بۆ ھەریەک لە ھونەرمەندان (عەزیز وەیسی، دەلال، چۆپی، گەیلان و تارا ڕەسووڵ)، کاری ئاوازدان و دابەشکردنی میووزیکی بۆ کردوون و دواکاریشی دوو ئاوازە بۆ ھونەرمەند (چۆپی) و ھەروەھا ئاوازێک و کاری دابەشکردنی بەرھەمێکی (گەیلانی) و گۆرانییەکی (تارا ڕەسووڵ)ـیشی
لە بەرنامەدایە. ئەم لاوە ھونەرمەندە، حەز دەکات ئاواز بۆ ئەو تێکستانە دابنێت کە سادە و ناسکن و لەم پێوەندییەدا دەڵێت: “ڕۆژگاری ئێستا وای لێ ھاتووە کە خەڵک حەز لە گوێگرتنی گۆرانییەک ناکات کە تیکستەکەی قورس بێت.”
ئەم میووزیکژەنە لەبارەی پەلەکردنی ھونەرمەندان بۆ ئەنجامدانی کارێکی میووزیکی دەڵێت: “ھونەر بوارێکی جیایە لەگەڵ بوارەکانی دیکە، بۆیە پەلەکردن لە ھونەردا ئەنجامی باشی نابێت، ڕەنگە زیانی زۆرتری ھەبێت.
من بەش بە حاڵی خۆم بە ھیواشی کارەکانی دەکەم و دەمەوێ ئەو پەیامەی کە پێمە، بە جوانی بۆ ئاشقانی ھونەری بگوازمەوە.”
ئاریان دەرگەڵەیی