زانا دڵشاد دزەیى : دکتۆرە بەلقیس رایگەیاند، لەبەر سەرقاڵى بەکارە هونەرییەکانى خۆى وازى لەپڕۆگرامى (من جیاوازم) هێناوە و دەشڵێ “باهەر من لەسەر شاشە نەبم، باخەڵکانى دیکەش دەربکەون”.
هونەرمەند دکتۆرە بەلقیس، کە لەهەر چوار بەشى پڕۆگرامى (من جیاوازم)ـى کەناڵى زاگرۆس، ئەندامى لیژنەى هەڵسەنگاندن بووە، بە(سڤیل)ـى راگەیاند، بڕیارى داوە لەبەشەکانى ئایندەى ئەو پڕۆگرامەدا بەشدارى نەکات، لەوبارەیەوە دکتۆرە دەڵێت “دوو ساڵە لەسەر شانۆم و لەبەرچاوانم، پێم خۆش بوو وازبێنم، بۆئەوەى بوار بۆ کەسانى دیکە بڕەخسێنم دەربکەون، رەنگە زۆر کەس هەبێ، حەزبکات دەربکەوێ، باهەر من نەبم”. دکتۆرە بەلقیس بەسوحبەت و قسەخۆشەکانى بینەرانى دەخستە پێکەنین، بەتایبەت کاتێک موجامەلەى کوڕەکانى دەکرد، چەندین بەهرەمەند لەخۆشەویستى ئەودا بەشدارییان لەپڕۆگرامەدا دەکرد.
دکتۆرە راشیگەیاند، بڕیارە بەمنزیکانە سەردانى تورکیا بکات و دوو گۆرانى خۆى تێدا کلیپ بکات، گوتیشى “پێشئەوەى ئەندامى لیژنەى هەڵسەنگاندنى پڕۆگرامى (من جیاوازم) بم، هونەرمەندم لەبەرئەوە وازهێنانم پێ باشتر بوو، کە بتوانم کارە تازەکانى خۆم پێشکەش بکەم و رێگەش بەکەسانى دیکە بدەم بێنە سەر شانۆ، بۆچى هەر من بم؟”.