بەفرین ئیبراھیم :پرۆژە و ئاواتم ئەوەیە بتوانم ھونەری کوردی بە جیھان بناسێنم
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
خاتوونی ھونەرمەند” بەرفرین ئیبراھیم” ھەرلەسەرەتایی قۆناغەکانی ژیانی منداڵی حەزوو ئارەزووی بۆ ھونەری نیگار کێشان ھەبووە،ھەروەھا لە بواری نواندیش بەھرەێکی باشی ھەیە بەشداری چەندین کورتە فیلمیش کردوە، خاوەنی چەندین پیشانگای شێوەکارییە،کاریگەری ھونەرمەندی جیھانی (ڤانگۆک)،لەسەر کارە ھونەرییەکانی ڕەنگی داوەتەوە لە تابلۆکانیدا زیاتر بابەتی ئافرەت و ژینگە لە خۆ دەگرێت بەھۆی دەست رەنگینی لە ھونەری شێوەکاری داواکاری زۆری لەسەر تابلۆکانی ھەیە ھاوڵاتیان لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵاتییەکان داوای تابلۆکانی دەکەن بەمەبەستی ئاگادار بوون لە چالاکییە ھونەرییەکانی ئەم ھەڤپەیڤینەمان لەگەڵی سازدا.
* ئەگەر بکرێت بۆ خوێنەرامان باس لە ژیانی ھونەری خۆتان بکەیت.
– من بەفرین ئیبراھیم بە”بەفرین چەلەبیانی ” ناسراوم ،خەڵکی مەھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستانم و پێشتر لە ئێران ٦ پێشانگای شێوەکاری و ٢ پێشانگای کاریکاتۆرم کردۆتەوە، بەڵام ئەمە چەندساڵێکە لە سلێمانی دەژیم و لە دوو گەلەری دایمۆند و نەوا ئیشی ھونەری دەکەم و ھەروەھا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان داواکاری خەڵک وەرئەگرم و تابلۆی شێوەکاری بۆیان دەکێشمەوە .
*بەکامە ھونەرمەندی شێوەکاری کورد یاخود جیھانی سەرسامیت و کاریگەریان لەسەرت ھەبووە؟
– زیاترین کەسێکی ھونەرمەندی گەورە لەسەر من کاریگەری ھەبووە ڤانگۆک بووە کە ھەم بە کارەکانی و ھەروەھا ژیاننامە و شێوازی جیھانبینی کاریگەری لەسەر من داناوە و تەنانەت چەند بەرھەمێکم کێشاوەتەوە و ھەروەھا ئیلھامم لە تابڵۆکانی وەرگرتووە بۆ کارەکانی خۆم.
* چۆن ھەڵسوکەت لەگەڵ رەنگەکان دەکەیت و بۆ جوانکردنی تابلۆکانت بەکار دەھێنیت؟
– من ھەم بە ڕەنگی ڕۆنی و ھەم بە ئەکریلیک ئیش دەکەم بەڵام زیاتر ڕەنگەسەرەکیەکانم ھەیە و خۆم تێکەڵاویان دەکەم و ڕەنگی تازەیان لێ دروست ئەکەم لە ھەمان کاتدا ھیچکات ڕەنگە سەرەکیەکان بە تەنیا بەکار ناھێنم و ھەوڵ دەدەم بە تۆنێکی دڵخواز و تایبەتی خۆم بیانگۆڕم و بەکاریان بھێنم. من کاتێ تابلۆیەک دەکێشم خۆم لە نێو تابلیۆیەکە دەبینمەوە لەگەڵیدا دەژیم ھەست دەکەم لەو دونیاییەدا دادەبڕێم.
* بابەتەکانی تابلۆیەکانت چین؟
-بابەتی تابڵۆکانم ھەمووشتێک لەخۆ دەگرێت بەھۆی ئەوەی کە من بەپێی داواکاری خەڵک کارئەکەم و ئەوانیش ھەمووشتێکی جۆراوجۆر داوا دەکەن بەڵام وەک حەزی خۆم کە زیاتر بابەتی ژن و ژینگە لە کارەکانم ھەڵدەبژێرم چونکە ھەست ئەکەم زوڵمیان لێ کراوە.
* قوتابخانەکانی ھونەری شێوەکاری زۆرن وەکو ( واقعی ، سوریالی ،تەجریدی ..) تۆ زیاتر لەکام قوتابخانەی ھونەری کار دەکەیت؟
– ئەوانەی کە داواکاری خەڵک بن زیاتر واقعی یان ڕیئالن و وێنەی کەسێکی تایبەت یان سروشت و گیاندارە بەڵام خۆم زیاتر کاری سورڕەئالم پێ جوانترە و ھەروەھا ئیمپەرسیۆنیزم و کارەکانی مامۆستا ڤەنگۆک سەرنجم ڕادەکێشن و کار لەو بوارانەش دەکەم.
*پێتان وایە بەھرەی خۆرسک ،بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ھونەرمەند داھێنان بکرێت؟
– پێموایە ھەموو مرۆڤێک جۆرە بەھرەیەکی تێدایە و خۆرسکیش گرنگە بەڵام ئەوەی کە کەسێک پێشدەخات ھەوڵدانی بەردەوام و بێ وچانە و چەندە کاتی زیاتر بۆ شتێک دابین بکەی ئەوەندە تێیدا شارەزا دەبیت بۆیە دەڵێم بەردەوامی و ھەوڵدان.
* ئەو کێشەو گرفتانە چین کەدەبنە رێگر لەبەردەم کاروانی ھونەریت ؟
– بەداخەوە بەربەستیش ھەر ھەیە بەتایبەت لە کوردستان گرنگی بە ھونەرە جوانەکان وەک شێوەکاری و پەیکەرتاشی نادرێت و لە دانانی پێشانگایەکی نێودەوڵەتی کە ناتوانین بیکەین تا ھەڕەشەی ھەندێ کەسانی توندڕەو کە دەڵێن کارەکەت حەرامە تووشی زەحمەتی و ناخۆشی دەبین.
*پرۆژەی داھاتووتان ھەیە؟
– من بەردەوام دەڵێم پرۆژە و ئاواتم ئەوەیە بتوانم ھونەری کوردی بە جیھان بناسێنم و ھیوادارم ڕۆژێک بتوانم لە زۆربەی وڵاتان پێشانگای ھونەری کوردی بکەمەوە.
Discussion about this post