لە بەردەوامی یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی عێراق و دراوسێکانی، ئەمڕۆ یەکشەم ٥ ی کانووی یەکەم/دێسێمبەر لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵ ٣ فیلمی سینەمایی لە بەشی پێشبرکێی سەرەکی فێستیڤاڵ هاتنە پیشاندان. کاتژمێر ١٧:٠٠ بەکاتی ناوەخۆ، لە هۆڵی شانۆی نیشتمانی لە بەغدای پایتەختی عێراقی فیدڕاڵ، فیلمی سینەمایی “سرتە لەگەڵ با” لە دەرهێنانی سینەماکار “شەهرامی عەلیدی” وەک یەکەم فیلمی کوردی لەو فێستیڤاڵە پیشاندرا، کە هونەرمەند عومەر چاوشین رۆلی سەرەکی تێدا دەبینێت.
پێشتریش لە کاتژمێر ١٠:٠٠ بەکاتی ناوەخۆ فیلمی ئێرانی “Farewell Baghdad” لە دەرهێنانی “مەهدی نادری” و کاتژمێر ١٣:٠٠ فیلمی تورکیایی “Uzak Ihtimal” لە دەرهێنانی “مەحموود فازڵ کوسکون” پیشاندران.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، عەقیل مەندەلاوی بەرێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری عێراق گوتی “بەشداری فیلمە کوردییەکان پێگەو گرنگی تایبەتی هەیە لای ئێمە، دڵنیام فیلمێکی کوردی خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵ وەردەگرێت”.
لە رۆژانی داهاتووش دوو فیلمی کوردی لە بەشی پێشبرکێی سەرەکی فێستیڤاڵ پیشاندەدرێت.
یەکەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی عێراق و دراوسێکانی لە رۆژی ٤ ی ئەم مانگە (کانوونی یەکەم/دێسێمبەر) دەستی پێکرد و ماوەی ٥ رۆژ دەخایەنێت، لە کۆی ٤ فیلمی بەشداربوو لە بەشی پێشبرکێی سەرەکی فێستیڤاڵەکە لە سەرتاسەری عێراق ٣ فیلمیان کوردین و بەرهەمی بەرێوەبەرایەتی گشتی سینەمای سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
دەرباز یونس
نوێنەری راگەیاندنی کوردی
نوێنەری راگەیاندنی کوردی لە یەکەمین فێستیڤاڵی سینەمایی عێراقی
مهرجان الجوار العراقی السینمائی الدولی الاول
INTERNATIONAL IRAQI NEIGHBORHOOD FILM FESTIVAL