نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
حزبی بەعس لە ٧ ی نیسانی ١٩٤٧ بە فەرمی لە دیمەشق ی پایتەختی سوریا دامەزرێنرا لەلایەن میشیل عەفلەق و سەلاحەدین بەیتارکە لە چینی ناوەڕاست و خوێندەوار بوون و کۆمەڵێکی زۆر لە مامۆستا خوێندکاران وەکە حزبێکی نەتەوەیی عەرەبی دژی دەستوەردانی بێگانەلە کاروباری زۆرێک لە ووڵاتانی عەرەبی و یەکخستن و ڕێکخستنی نەتەوەی عەرەب ڕاگەیەنرا و کاریگەریەکی زۆریان ھەبوو لەسەر حوکم لە سوریا لە پاش سەربەخۆیی بە خێرایی بیروبۆچونەکانیان بە ووڵاتانی عەرەبیدا بڵاوکرایەوە لەوانە عێراق و لوبنان و فەلەستین و ئوردن و یەمەن وووڵاتەکەی خۆیان سوریا .
ئەگەرچی حزبی بەعس لە ٨ ی ئازاری ١٩٦٣ ەوە لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازیەوە دەستەڵاتی لە سوریا گرتە دەست تا ئیستاش بەردەوامە , ھەر لەو بەروارەش بە دواوە حزبی بەعس دوولەت بوو تووشی لێکترازان بوو میشیل عەفلەقی ئەمینداری گشتی و سەلاحەدین بەیتار بۆ یەکجاری سوریایان بە جێھێشت .
لە عێراقیش باڵەکەی تری حزبی بەعس لە ١٧ ی تەموزی ساڵی ١٩٦٨ لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازی سپیەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر تکریتی و سەدام حسین تکریتی تا لە ٩/٤/ ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانیەوە لە پرۆسەیەکی سەربازی گەورەدا توانرا عێراق ئازاد بکرێت کۆتایی بە فەرمانڕەوایی ٣٤ ساڵەی بەعس لە عێراق بھێنن , ئەمە سەرەتایەکی زۆر کورت لەسەر مێژووی بەعس و دەچمە سەر حزبی دەعوەی ئیسلامی و مێژووی سەرھەڵدانیان و دواتر بەراوردی سەردەمی فەرمانڕەواییان و کێشەی کورد دەخەمە ڕوو بۆ خوێنەرانی خۆشەویست.
حزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق یەکێکە لەحزبە سیاسیە کانی عێراق و سەرەکیترین حزبی ئاینزای شیعەیە لە عێراقدا کە یەکەم سەرۆکی ئەنجومەنی حوکم لە دوای ڕزگارکردنی عێراق ئیبراھیم جەعفەری ووتەبێژی ئەو حزبەبوو , دواتریش لە دوای کابینە کاتی و ئینتیقالیەکەی ئەیاد عەلاوی و دوای ئەنجامدانی یەکەم ھەڵبژاردن لە عێراقدا یەکەم کابینە بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئیبراھیم جەعفەری پێکھێنرا وھەر لەم حزبە بوو
دواتریش ھەردوو کابینەی یەک لە دوای یەکی مالیکیش کە ئەمیندار ی گشتی حزب بوو ھەر لە ھەمان حزب بوو کابینەکەی ئێستاش بە سەرۆکایەتی دکتۆر حەیدەر عەبادی کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی حزبی دەعوە لە ھەمان حزبە .
ئیستا ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردووی حزبی ناوبراو سەرەتاکانی سەرھەڵدانی بدەینەوە دەبینین لە ساڵی ١٩٥٧ ئەندامەدامەزرێنەرەکانی کۆبونەوەو ناوکی سەرەتایی حزبیان دامەزراند کە لە ھەشت کەس پێکھاتبوون دیارترینیان پیاوی ئایینی شیعە لە عێراق و جیھان موحەمەد باقر ئەلسەدر بوو کە ڕۆڵی سەرەکی ھەبوو لە سەرکردایەتی حزبدا دواتر لەلایە ڕژێمی بەعسەوە خۆی و بنت الھدی ی خوشکی لە سێدارە دران , ئەوان لە و باوەڕەدابوون کە دامەزراندنی ئەم حزبە دۆخێکی ئایدیۆلۆجی ھاوسەنگ بخوڵقێنێ لە گەڵ ئایدیۆلۆجیای کۆمۆنیستی و عیلمانی و نەتەوە پەرستی عەرەبی و بیرو بۆچوونەکانی تردا.
حزبی دەعوەی ئیسلامی لە ساڵانی حەفتاکاندا لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق وەدەرکەوت کە ھەڵمەتێکی چەکداری دەستپێکرد دژ بە ڕژێمی بەعسی عێراق وداوای ڕووخانی ئەو ڕژێمەیان دەکرد لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر قوربانی لە خەڵکی سڤیل و بێتاوانی لێکەوتەوە .
دواتر دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بە ڕابەرایەتی ئایەتوڵا خومەینی سەرکردەکانی دەعوە پەیوەندییان دروستکرد لە گەڵ سەرکردەکانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران کە خاڵێکی ناکۆکی لە نێوانیاندا سەری ھەڵدا ئەویش ئەوە بوو خومەینی بڕوای بە ڕژێمی ولایەتی فەقیە ھەبوو واتە ووتەی دوایی لە ھەموو کاروبارە گرنگەکانی ووڵاتدا بۆ پیاوانی ئایین بگەڕێتەوە , بەڵام ئەمان واتە حزبی دەعوە پێیان باشتر بوو ئەو دەستەڵاتە بۆ خەڵک بگەڕێتەوە .
تا ئێستا مێژووی سەرھەڵدان و فەرمانڕەوایی ئەو دووحزبەم باسکرد زۆر بە کورتی کە مەبەستم بوو بەڵام ئامانجی سەرەکی بابەتەکەم بۆچوون وچارەسەرەکانی ئەو دوو حزبەیە بۆ کێشەی کورد لە عێراقدا من نامەوێت باسی زوڵم و زۆرداریەکانی بەعس بەرامبە بە شیعە بە گشتی و حزبی دەعوە بە تایبەتی بکەم چونکە ئەوانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆریان لەسەر ووتراوەوە نەک بە وتارێک بەڵکو بە کتیێبێکیش تەواو نابیت .ھەروەھا بە پێچەوانەشەوەلە حوکمی دوانزەساڵی ڕابردووی حزبی دەعوەشدا کە تائیستاش بەردەوامە گەلێک پێشێلکاری گەورە گەورەو سامناک دەرھەق بە سونە کراوە بە گەواھی زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەوانە ھیومن رایتۆچ واتا جۆرێک لە تۆڵە سەندنەوەو توندوتیژی یان بەرامبەر بەیەک کردووە .
لە کۆتاییدا ئامانجی سەرەکی وتارەکەم دەخەمە ڕوو کە ئەگەر بەعس دوای ھەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلول لە ساڵی ١٩٦١ لە ساڵی ١٩٧٠ دا گەیشتنە ڕێکەوتن و بەیاننامەی ١١ ی ئازاریان دەرکرد کە بۆ یەکەم جار وەکو بەڵگەنامەیەکی مێژوویی دان بە مافە ڕەواکانی کوردا نرا لە چوارچێوەی عێراقدا و دواتر سنوری ناوچەی ئۆتۆنۆمی دیاری بکرێت کە پاشتر کە پێگەی خۆیان قاییم کرد بەعسیەکان خۆیان لە جێ بەجێکردنی ڕێکەوتنەکە شاردەوە و جارێکی تر کەوتنەوە پیلانگێران و ڕێکەوتنامەی جەزائیریان مۆرکرد لە گەڵ ئێراندا بۆ خامۆشکردنەوەی شۆڕشی کوردستان .باتائێرە بەس بێت لە ئەزموونی بەعس .
لە دوای پرۆسەیئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە و پاش نووسینەوەی دەستووری عێراق و جێگیرکردنی مافەکانی کورد بە تایبەتی ناوچە جێناکۆکەکان لە مادەی ٥٨ و دواتر مادەی ١٤٠ تا ئێستەش حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی حزبی دەعوە ھەرجارەی بە بیانوویەک خۆ لە جێ بەجێکردنی مادە دەستووریەکان دەدزنەوە ئەم مانگ بۆ ئەو مانگ و ئەم ساڵ بۆ ئەوساڵی پێ دەکەن و ئەم لیژنە بۆ ئەو لیژنەی دەسپێرن .
لە دوا ڕەفتاریشیاندا ئەوە بۆ ماوەی ٣٨٠ رۆژە بوودجەو مووچەو موستەحەقاتی خەڵکی کوردستانیان بڕیوەو زۆر بیمنەتانە دەڵێن بڕۆن جیابنەوە ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی سێ یەکی خاکی عێراق لە بندەستی تیرۆرستانی داعشدایەو بارودۆخی ووڵات لە ئاستێکدایە لە ھەموو ڕووەکانەوە کە کەس ئیرەیی پێ نابات .
بۆ یە لە کۆتاییدا جێ ی خۆیەتی بپرسم ئەمانە لەم باروودۆخە شپرزەی ئێستەی ووڵاتدا رێَز لە مافەکانی کورد ناگرن و دەستوور جێ بەجێناکەن خۆ ئەگەر ببنە خاوەنی سوپایەکی بە ھێزی وەکو سوپاکەی سەدام لە ئەو خراپترمان بەسەردا ناھێنن ؟؟؟؟؟