ماوەی دە رۆژە وەك تەماشاوانێك دێمە فەیسبوکەوە، بێ هیچ چالاکییەك ، نە بە لایك کردن ، یا نوسینی کۆمێنت بەشداریم نەکردوە، جاروبارە لای خۆمەوە بڕیار دەدەم فەیسبووکەکەم دابخەم،
بەڵام چیبکەم ناتوانم فەیسبووك بۆتە دڕکێك لە قوڕگمدا نە ئەوەیە بتوانم قوتی بدەم ، نە ئەوەیە بتوانم تفی بکەمەوە، جێگەی داخە ئێمەی کورد وەکو پێویست سودمان لەم تۆڕەکۆمەڵایەتییە نەبینیوە، زۆر بەسەقەت بەکار دەبرێت، هەرکەس هەڵدەستێت لە جێی خۆیەوە دەبێت بە شیکەرەوەی سیاسی هەرچەندە ئەلف و بێی سیاسەتیش نازانێت ( لەگەڵ رێزم بۆ هەندێکی کەمیان) ، یان لەخۆیەوە گرتەی ڤیدیۆیی دادەبەزێنێت پێبزانێت یا نەزانێت هەندێکیان خزمەت بە دوژمن دەکەن لەروی دەرونییەوە، کە شەڕی دەرونیش هیچی ئەوتۆی کەم نییە لە شەڕی بەرەیی و شەڕی دەستەویەخە، لەهەندێك باردا کاریگەری ترسناکی دەبێت لەسەر ورەی هێزی پێشمەرگە و جەماوەر، بەپاشەکشێ کردن لە شەڕ و چۆڵکردنی گوند و شارۆچکەکان. لەبەرئەوە بەپێویستی دەزانم، پێش تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی بابەتێك لەخۆوە لایك نەکرێت یا کۆمێنتێك نەنوسرێت کە لە بەرژەوەندی کوردو کوردستان نەبێت، بە هەمان شێوە بە وشیارییەکی تەواوەوە بابەت و وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان ( شیر) بکرێت. شەڕی راگەیاندنی حیزبەکانیش لەولاوە بوەستێت ، بەهەمو ئەو رۆژنامەو گۆڤارو سایتانەی حیزبەکانیان و راگەیاندنی سێبەر دڵیان ئاوناخواتەوە هانی دەروێشەکانیان دەدەن لە فەیسبووك دا تەراتێن بکەن لە بەرژەوەندی حیزبەکانیان، لەمڕۆدا پێویستە ناکۆکییە حیزبییەکان بەلاوە بنرێت تا رۆژی خۆی، تەنها کار بۆ بەرژەوەندی باڵای کورد و کوردستان بکرێت. ماوەیەکی زۆر ململانێی حیزبی و دەوڵەتانی داگیرکاری کوردستان، رێگر بوو لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، هۆکارەکەشی دەگەڕایەوە بۆ سەرکردایەتی سیاسی کورد کە خاوەن بڕیاربون لە بەستن یا نەبەستنیدا، بەڵام ئەمڕۆ لاپەڕەیەکی تری جینۆسایدی ئێزیدیەکان نەتەوەی کوردی بە ئاگا هێنایەوە، کۆنگرەی نەتەوەیی کورد لە سەر ئەرزی واقع لەبەرەکانی جەنگدا بەسترا بەیەك دەنگ و بەیەك دەست کوردانی کوردستانی گەورە ئامادەباشن بۆ بەرگریکردن لە خاکی پیرۆزی کوردستان، پێشمەرگە گەریلایە ، شەڕڤان پێشمەرگەیە ئەمە خواستی گەلە سەرکردایەتی سیاسی کورد بیەوێت یا نەیەوێت ، هەرحیزبێکیش گوێڕایەڵی خواستی گەل نەبێت پێش زیان گەیاندن بەدۆزی رەوای گەلەکەی زیان بەحیزبەکەی خۆی دەگەیەنێت. لە کۆتاییدا دەڵێم کاتی ئەوە هاتوە کە چۆن بە شەقی زەمانە لە دوای ئەنفال و کیمیاباران بەرەی کوردستانی لە ١٩٨٨ دا پێکهێنرا، جینۆسایدی ئێزیدییەکان و دڕندایەتی ( داعش) ببێتە شەقی زەمانە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی گەورە، کە ئارمانجی خزمەتکردنی دۆزی رەوای نەتەوەکەمان بێت و بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی لەبیربکرێت.