ئەلبوومی موزیکی “بەرەکەت” بە دەنگی گۆرانیبێژی کورد “پەیام عەزیزی” و گۆرانیبێژی ناوداری جیھان “سامی یۆسف” لە دنیادا بڵاوکرایەوە.
ئەلبوومی موزیکی “بەرەکەت” Barakah بە دەنگی ھاوبەشی گۆرانیبێژی کورد “پەیام عەزیزی” و گۆرانیبێژی ناوداری دنیا “سامی یۆسف” لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی موزیکی سەرتاسەری جیھاندا بڵاوکرایەوە و ئەوە یەکەمین ھاوکاری ئەم گۆرانیبێژە نێودەوڵەتییە لەگەڵ گۆرانیبێژێکی کورد و ئێرانی دێتەئەژمار کە تیایدا دوو گۆرانی لە ئەلبوومی “با قودسیانی ١” بە ناوەکانی “یا رەسوڵ اللە یا شای مەدینە” بە زمانی کوردیی و ھەروەھا گۆرانی “موسوڵمانان” بە زمانی فارسی کە پێشتر بە دەنگی “پەیام عەزیزی” بڵاوکراوەتەوە، لە ستۆدیۆیەک لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیماڕات دیسانەوە بە شێوەی ھاوبەش لە لایەن ئەم دوو گۆرانیبێژەوە خوێندراوە.
“بەرەکەت” حەوتەمین ئەلبوومی “سامی یۆسف” گۆرانیبێژی ناوداریی نێودەوڵەتییە کە تەواوی پارچە موزیکەکانی لە مێلۆدییە کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێکھاتووە کە لە سەدەی ناوەندییدا لەم ناوچەیە باوبووە و ھەروەھا مێلۆدییە ڕەسەنەکانی لە ئەندۆلۆسەوە تاکوو چین و مەغریب، کوردستان، خوراسان و بەلخی لەخۆدەگرێت.
“سامی یۆسف” بە بیستنی گۆرانییەکانی یا “رەسوڵ اللە یا شای مەدینە” و “موسوڵمانان” بە دەنگی “پەیام عەزیزی” بە بەرھەمەکانی ئەم گۆرانیبێژە کوردە ھۆگریی پەیدادەکات و چەند مانگ پێش ئێستا بانگھێشتی لەم ھونەرمەندە کوردە کرد تاکوو سەردانی شاری دوبەی لە وڵاتی ئیماڕاتی یەکگرتوو بکات و لە ستۆدیۆی تایبەتی خۆی لەوێی بە ھاوبەشی یەکتریی ئەم دوو گۆرانییەیان دیسانەوە بە ھاوکاریی گرووپی موزیکی ئەم گۆرانیبێژە ناودارە نێودەوڵەتییەیان تۆمارکرد.
ھاوکاریی گۆرانیبێژی ناوداریی کورد “پەیام عەزیزی” لەگەڵ “سامی یۆسف” و بانگھێشتی ئەم گۆرانیبێژە ناودارە نێودەوڵەتییە لەم ھونەرمەندە کوردە لە ئەلبوومی “بەرەکەت”دا، ھەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ کۆمەڵگای موزیکی کوردستان دێتەئەژمار کە ھونەرمەندانی کوردیش لە ئاستە نێودەوڵەتییەداندا پێگەیەکی شایستە بۆ خۆیان پەیدابکەن و تا لەم ڕێگایەوە مۆسیقا و گۆرانی کوردیش لەوە زیاتر بە خەڵکانی دنیا بناسێنن.
ئەلبوومی موزیکی “بارەگا” بە ئاوازدانەری موزیکزانی ناوداری کورد و ئامێرژەنی ڤیۆڵۆن و عوود “ئەرسەلان کامکار” و بە ھاوکاری ئەندامانی گرووپی موزیکی کامکاران، دوایین بەرھەمی “پەیام عەزیزی”یە، ئەم گۆرانیبێژە کوردە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دوو ئەلبوومی بە ناوەکانی “سەرۆکی دڵ” بە زمانی کوردی و “ھەتاوی مەستان” بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەڕەبی بە ھاوکاری ئەندامانی گروپی موزیکی کامکاران بڵاوکردۆتەوە.
ھەروەھا ئەلبوومی “با قدسیان” بە گۆرانی ناوداری “اللە مەدەد” بە ئاوازدانەی موزیکزانی بەئەزموونی کورد “جەلیل عەندەلیبی”، ئەلبوومی “لەبەیک” بە ئاوازدانەی موزیکزانی ناودار و کۆچکردووی کورد “موجتەبا میرزادە” و ئەلبوومەکانی “پەیامی عاشیقان” و “مەلێکا” بە ھاوکاری “عەلی پەژووھێشگەر” و “پاشا ھەنجەنی” ژەنیارانی ئۆرکسترای سەمفۆنیکی تاران بڵاوکردۆتەوە.
عەزیزی تاکوو ئێستا لە وڵاتانی جۆراوجۆری کیشوەرەکانی ئەورووپا، ئاسیا و ھەروەھا لە ھەرێمی کوردستان بە زمانەکانی کوردی، فارسی و عەڕەبی کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.