( ٢)
بورھان شێخ ڕەئوف
وا چرکە بە چرکە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ نزیک دەبینەوە , ئەو شارەی کە ئەبوبەکر بەغدادی بانگی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی تێدا دا و کۆتایی بە پەیماننامەی سایکس – بیکۆ ھێناو سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریای سڕیەوە قوولەی پاسەوانەکانی سەر ئەو سنوورانە ی ڕمان لە دوای سەد ساڵ .
بەڵێ مووسڵ ئەو شارە گرنگ و ئیستراتیجیەیە کە خاڵی بە یەکگەیشتنی ھەرسێ وڵاتی عێراق و سوریا و تورکیاو ھەرێمی کوردستانیشە گەوروەترین شاری بندەستی دەوڵەتی ئیسلامیە وسەرچاوەیەکی گرنگی ئابوری و داھات بوو بۆ دەوڵەتەکەیان کە چەندین بیری نەوتو و سەرچاوەی سروشتی تری تێدایە ھەر وەھا ھەروەکو عەرەبە سوونەکان دەڵێن دەکەوێتە سەر ئەو ڕێگە ئاورێشمەی کە ئێران دەگەیەنێتە سەر دەریای ناوەڕاست لە ڕێگەی سووریاوە ھەر بۆیە وڵاتانی ناوچەکە لە ململانێ ی ئەوەدان بەشداری ئەو جەنگە بن و بەشی خۆیان لە دەستکەوت و غەنیمەکانی ئەو جەنگە بەربکەوێت .
لەبیرمە ئەو کاتەی مووسڵ لە ١٤ حوزەیرانی ٢٠١٤ کەوتە دەست تیرۆریستانی داعش ئەمریکیەکان وتیان ڕزگارکردنی مووسڵ زیاتر لە دووساڵی گەرەکە بەڵێ وا ئێستاش لە دوای زیاتر لە دووساڵ ئەمریکیەکان و ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دژ بە داعش لە ھەوڵی ئازادکردنی مووسڵدان کەبە بەشداری زیاتر لە ٦٠٠ شەش سەد ڕاوێژکاری ئەمریکی نزیکەی ٧٠٠٠ حەوت ھەزار جەنگاوەرلە ھێزەکانی پێشمەرگەو و سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی حەشدی نیشتمانی سوونەو وڵاتانی تری بەشدار لە ھاوپەیمانێتیەکە لە دوای ئامادەکارییەکی زۆر وردو مکوم لە سەعاتی سفر نزیک دەبینەوە .
بەڵی بڕیاری ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بڕیارێکی ئەمریکیە بە ئیمتیاز کە دەبێت پێش ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە مانگی داھاتووداو پێش کۆتایی ھاتنی ولایەتی سەرۆک ئۆباما ئەنجام بدرێت ئەوانیش ئەمریکیەکان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەیان وەکو دوو ھێزی کاریگەرو بنەڕەتی دیاریکردووە بۆ بەجێھێنانی ئەو ئەرکە لە بەر چەند ھۆیەک لەوانە :-
١. جێگیرکردنی جێ پێ ی خۆیان ( ئەمریکا ) لە قووڵایی خاکی عێراق و بە دیاریکراوی لە بنکەی سەربازی گیارە لە ٥٨ کم مووسڵ کە لە ماوەی ڕابردوودا لە دەستی داعش ڕزگارکراو ھەروەھا وەکو باسدەکرێت بەم ھەنگاوەیان ڕێگە لە ھەژموون و دەستێوەردانی ئێران لە عێراق دەگرن .
٢. ھەروەھا وەکو سەرکەوتنێکی سەربازی گەورە بۆ ئۆباما تۆماربکرێت کە کاریگەری دەبێت لە سەرکەوتنی پاڵیوراوی دیموکراتەکان ھیلاری کلینتۆن بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی .
٣. پەیامێکە بۆ ڕووسیا کە سەرۆکی ئەمریکا ھەرچەندە لە دوا رۆژەکانی حوکمیشیدا بێت دەتوانێت بڕیاری ئیستراتیجی وجەنگ بدات .
لەوەیە شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی ناوچەکە ھەڵە نەبن کە شەڕی مووسڵ بە شەڕێکی ئاسان وەسف نەکەن لەبەر ئەوەی لەلایەک وەکو بەشکردنێکی ناوچەی ھەژموون و دەستەڵات لە نێوان ڕووسیاو ئەمریکادا ڕەنگ بداتەوە چوونکە لە یەککاتدا لە سوریا پەلاماری حەلەب دەدرێت بە پشتیوانی ڕووسیاو لە عێراقیش پەلاماری مووسڵ بە پشتیوانی ئەمریکا لە ھەمانکاتدا کۆکردنەوەی ھەموو ئەو ھێزە ناکۆکانە بۆ شەڕی مووسڵ لەوانەیە بەرەو شەڕی ئتنیکی و تائیفی بڕوات دۆخەکە نەک شەڕی داعش , ھەرچەندە ئەمریکیەکان بۆ بەر پەرچدانەوەی سووکایەتیەکانی ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا بە عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە ھەر ھێزێک بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە بکلات دەبێت بە ڕەزامەندی حکومەتی عێراق بێت .
لەلایەکی ترەوە ھەندێک لە شرۆڤەکارانی تورک لە و بڕوایەدان کە نیگەرانیەکانی ئەردۆگان لەسەر چۆنیەتی شەڕەکە نیە بە قەدەر ئەوەی ترسە لەو ھاوکێشەی ھێزەی دوای ئۆپەراسیۆنەکە دێتە ئاراوە و ئەردۆگان نەیشاردەوە کە وتی ئێمە ڕازی نابین جگە لە عەرەبی سوونە کەسی ترحوکمی مووسڵ بکات بەڵام ئێستا ترس لە کورد کە قوربانی گەورەیان داوە لە شەڕی تیرۆر و بە تەمای بەشی شێرن لە غەنیمەو دەستکەوتەکانی جەنگ و ھەروەھالە شیعەش لەوەدەترسن تەلعەفەر بکەنە بنکەیەکی خۆیان نزیک لە سنوورەکانی تورکیا .
سەرەڕای ھەموو ئەو فاکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتی سەربازی جیۆگرافیانەی کە شەڕی مووسڵیان ئاڵۆزکردووە و سوپای عێراق لە کاتی ڕزگارکردنی شارەکانی ڕومادی و تکریت و فەلووجەو روتبەو ئەوانی تر لە دەستی داعش تووشی ئەو کێشانە نەبوون لە بەرئەوەی ئەو شارانە ھەموو دانیشتووانەکەی عەرەبی سوونە بوون بەڵام مووسڵ کە دانیشتتوانەکەی نزیکەی ٣ ملیۆن کەسە کە پێکھاتووە لە کوردو عەرەب و مسیحی و یەزیدی وشەبەک و تورکمان و زەردەشتی و سابیئەو کاکەیی و ھی تریش بۆیە ترسی ئەوە ھەیە ئەم فرە جۆری جیاوازیانە ببنە کێشەو قەیرانی قورس لە دوای داعش چونکە داعش لە دووساڵی ڕابردوودا جینۆسایدی ھەموو پێکھاتە ئتنیکیەکانی تری کردووە کە کەسیان متمانەیان بە عەرەبی سوونە نەماوە چ مەسیحی و چ کوردو چ تورکمان و چ شیعەو شەبەک .
لە کۆتایی ئەم بەشەی وتارەکەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەگەر دەڵێن کەرکوک عێراقی بچووکەو مووسڵیش عێراقی بچووکە ھەموو پێکھاتەکانی تێدایە کێشەکانی بە چارەسەر نەکراوی ماوەتەوە نەوە بۆ نەوە خوێنی لە بەر دەڕوات ئەگەر لە ڕابردوودا بەعس بە ھۆکاری زانراو ھەموو تاوانەکان خرایە ملی ئەوان خۆ ئێستە بەعس نەماوە بەڵام لە بەعس ترسناکتر سەریھەڵداوە قاعیدە ی ناوە ئەویش لە بەین برا لە لە ٢٠٠٧ بە دواوە دواتر دەوڵەتی ئیسلامی لەدایک بوو چ کارەساتێکیان خووڵقاند ھەموو جیھان ھاتووەتە مەیدان تاوەکو بەریان لێبگرن و سنوورێک بۆ تاوانەکانیان دابنێن ئێستاش وا لە دوای سات و ڕۆژ و چرکەکانی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامیداین ئەگەر چارەسەری بنەڕەتی و یەکجارەکی بۆ ھەموو کێشە ئتنیکی و مەزھەبی نەتەوەییەکانی ناوچەکە دانەنرێت دڵنیام ھێزو ڕەوتی لە داعش سامناکتر سەرھەڵدەدات .