كارۆخ مەلائەسعەد:گۆرانیبێژ (دواڕۆژ) گۆرانیی و كلیپێكی تازەی بە شێوازێكی زۆر مۆدێرن بەرهەم هێناوە، ئاماژەیش دەدات كە كۆمپانیای (باڵباز) تەواوی خەرجی ئەو بەرهەمەی گرتووەتە ئەستۆ و سپۆنسەری كردووە.
(دواڕۆژ) دەربارەی ئەو بەرهەمە تازەیەی بۆ “هەولێر” گوتی: “دوای بڵاوكردنەوەی گۆرانیی (مەم دووێنە) كە كۆمپانیای (ئینڤی پڕۆداكشن) سپۆنسەری كردبوو و هەر لە لایەن (ڤین تیڤی)ـشەوە كەوتە پەخشكردن، بڕیارمدا كارێكی دیكە بهێنمە بوون و شەیدایانی دەنگم لە بەرهەمی تازەم بێ بەش نەكەم.”
گوتیشی: “تازەترین كارم گۆرانییەكە بەناوی (بۆ تۆ) و لە ئاوازی هونەرمەندی كۆچكردوو (شەماڵ سائیبە) و دابەشكرنی میووزیكیش (سەرمەند فوئاد) كاری بۆكردووە و كاری دەنگیشی لە شاری هەولێر بۆكراوە.”
ئەو دەربارەی كلیپكردنی ئەو گۆرانییە دەڵێت: “كلیپێكی پڕۆفیشاناڵانەیشم بۆ گۆرانییەكە كردووە، كە سینارێۆكەی هیی (ڕێكان ئەحمەد)ـە و وێنەگرتنەكەیشی لە لایەن (هۆزان محەممەد)ـەوە ئەنجام دراوە.”