هەر (چالاكییەكی كۆمەڵایەتی) كه بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا دەکرێ، پێوستی بە بەرنامە و پلان هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێ هەموو لایە ئەرێنی و نەرێنیەکان لەهەموو روویەکەوە شی بکرێتەوە، چوون لە ئەنجامی بێ بەرنامەییدا، دەکرێ تاکەکانی کۆمەڵ ببنە قوربانی ئەو بێ بەرنامەییە.
هەروەکوو ئاشکرایە میدیا رۆڵێکی گەورەی لەسەر تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە، دوا بەدوای هەموو ئەو گۆڕانگاریانەی بەسەر کتێب و نووسین و چاپدا داهاتووە، فۆرم و تەکنەلۆژیای نوێ هاتوونەتە ئاراوە کە (سەردەمی نیشاندانەبەدەنگ و رەنگهوه)، واتە (تەلەفیزێۆن) بە شێوازی جۆراوجۆر کاریگەریی تەواوی لەسەر ژیانی تایبەتی و ژیانی کۆمەڵگا لەهەموو روویەکی رامیاری، کۆمەڵایەتی، وێژەیی، هونەری و هزرییەوە هەیە.
بەڕای کۆمەڵێک شارەزا تەلەفیزێۆن کاریگەریی خراپی هەیە لەسەر پەروەردەکردنی جفات لە میانەی هەندێ لەو بابەتە تەلەفیزێۆنیانەی کە جەخت لەسەر توندوتیژی دەکەن و هەروەها زۆر جار تەلەفیزێۆن راستیەکانی ژیان دەرناخات واتە سەرلێشێواندنێك دروست دەکات بۆ مرۆڤەکان، جوانیەکانت لا ناشرین دەکات و بە پێچەوانەوە. تا جفات بگاتە ئەو دەرئەنجامەی بڵێ ئەمانە راست نین واتە جیهانێكی دروست کراوت نیشان دەدات.
یان زۆربوونی میدیا لایەنێكی نێگەتیفی تری هەیە، ئەویش بەدووبارە بوونەوە و زۆربوون و پێشاندانی بەردەوام وای کردوە کە هەندێ کاری قێزەونەی مرۆڤایەتی بۆ نموونە شەڕ و بەرەکانی جەنگ کاریگەریگەریەکی ئەوتۆی مرۆییانەی نەماوە یان هەستی مرۆڤایەتی بەرامبەر رووداوە دڵتەزێن و مرۆییەکان نامێنێت، تا وای لێهاتووە کوشتن و بڕین بۆتە بەرهەمی هەندێ لە کۆمپانیاکان بۆ بەرژەوەندی ماڵی، بەم جۆرە هەست و سۆزی مرۆڤەکان لەناو دەچێت، هەروەها کاریگەریی خراپ لەسەر ناخی تاک بەدی دێنێت .
هەروەها لەروویەکی ترەوە داگیرکردنی فەزای گشتی و هۆگر بوونە. کە بە جۆرێك لە جۆرەکان دەتبەستێتەوە، لە میانەی سەیرکردنی بابەتە تەلەفیزێۆنیەکان کە تاکەکانی کۆمەڵ لاواز دەکات لە ئاست چالاکیی لە پرۆسەکانی ژیاندا و فەزای خەیاڵ لای تاکەکانی کۆمەڵ بۆ خۆی رادەکێشێت کە لە ئەنجامدا دەکرێ کۆمەڵگایەکی ناچالاکی لێدەربچێت.
هەرلێرەوە دەچینە (سهر) مەبەستی ئەم نووسینەمان لەسەر بەرنامەیەکی تەلەفیزێونی بەناوی من جیاوازم کە لە کەناڵی زاگرۆس پێشکەش دەکرێ.
هەبوونی ئەم بەرنامەیە باشترە لە نەبوونی، بەڵام ئەمەش ناگاتە ئەو دەرئەنجامەی بەبێ پرسیارکردن و تێرامانێكی رەخنەییانە و شیکردنەوەیەکی لۆژیكی، بەرنامەکان پێشکەش بە بینەران و تاکی کورد بکەن .
بەرنامەی من جیاوازم لە بنەڕەتدا خۆی جیاوازە، چوون تا ئێستا هیچ کەس لە ئێمە نەیدیوە کە کەسێك هەبێت لەهەموو بوارەکانی ژیاندا وەك، موزیك، ئەکتەر، دانس، گۆرانی، هەموو ئەو جۆرە بەهرانەی لە مرۆڤدا هەیە لێزان بێت یان شارەزایی تەواوی هەبێت یان پرۆفیشناڵ بێت، راستە ئەم بەرنامەیە لاسایی و کۆپی کردنی بەرنامەی وڵاتانی ترە، بەڵام بەبێ رەچاوکردنی ئامانجی بەرنامەکە یان ئەو پەیامە هونەرییە، کەمێك لەنگی دروست دەکات کە ئایا مەبەست لەم برگە جیاواز و تێکەڵاوانە چیە کە پێشکەش بە بینەران دەکرێ؟
دەکرا بەرنامەی من جیاوازم هەر مانگەی تایبەت بکرایە بە باتێكی دەستنیشان کراو، بۆ نموونە موزیک، گۆرانی، سهما، هەموو ئەو بەهرانەی تر کە لەمرۆڤدا هەن. هەروەها دەستنیشان کردنی تەمەنی کەسەکانیش بکرایە، واتە منداڵ، گەنچ، یان کەسانی پێگەیشتوو .
لەگەڵ هەڵبژاردنی دەستەیەك لە هەڵسێنگەران کە شارەزایی تەواویان هەبێت لەو بەشانەدا، واتە ئەو دەستەیەش گۆڕانی تێدا بووایە، نەك تەنگ هەڵچنین بە هەندێكیان کە بابەتێك پێشکەش دەکرێ گەر زانیاریشی لەسەر نەبێت ناچارە هەر شتێك لەسەری بڵێت، کە زۆرجار لەنگی بۆ ئەو کارەکتەرانە دروست دەکات و دەکەونە هەڵەوە . یان لەکاتی هەڵسەنگاندندا زیادەڕۆییەك بە پەیڤەکانەوە دەبینرێ کە نەبوونی زانیاری دەردەخات لای ئەو بەرێزانە، لەلایەکی ترەوە ئەو پرنسیبانەی بۆ بەرنامەیەك هەیە رەچاو ناکرێ، بۆوێنە، کات، وەك دەڵێن کات وەك تیر وایە نەیبڕی دەتبڕێ کە بەداخەوە زۆر جار قەدری نازانرێ و بە فیڕۆ دەدرێ لەم بەرنامەیەدا .
پەیامی هەر بابەتێكی هونەری یان وێژهیی یان هزری، دەبێت رەچاوی لایەنی زانستی و پەروەردەیی تێدا بكرێت، گەر نا ئەوە شیاوی بڵاوکردنەوە نیە و کاریگەریی تەواویان لەسەر منداڵان و مێردمنداڵان بە شێوەیەکی خراپ دهبێت، هەر بۆ نموونە لەکاتی لە سێدارە دانی سەدام حسێنی گۆڕ بەگۆڕدا چەند منداڵێك لە میانەی یاریەوە لاساییان کردەوە و بوو بە تڕاژیدیا.
لەکاتی پێشكەش کردنی هەندێ لەو بڕگە نەشیاوانە، بینەر هەست بە تێڕامان دەکات، بۆ نموونە کابرایەک لەناو سەتڵێك ئاودایە و کارەبای لە خۆی بەستوە و و هەڵدەپەرێت، یەکێكی تر ئۆتۆمبێلێك بەسەر دەستیدا دەڕوات، یان گەنجێك لەسەر بزمار پاڵدەکەوێت و بلۆک لەسەر سنگی دادەنێن و بە چەکوش بلۆکەکان دەشكێنن و چەندین دیمەنی تر، راستە ئەم کەسانە ئەو توانا گەورەیەیان هەیە بەڵام نەشیاوە بۆ پێشاندان، ئەمە تووشی شۆکت دەکات لەبەر ئەوەی کارێكێ راست نیە لە رووی پەروەردەوە و دەکرێ ببێتە هۆی لاسایکردنەوە و رۆڵێکی خراپ بگێرێ لەناو کۆی جفاتدا.
ئەم بەرنامەیە لە هەندێ جاردا هەست دەکەیت لە هۆڵی دادگایکردندا دانیشتووین، تۆنی قسەکانی دەستەی هەڵسەنگاندن نەک هەر هەمووی ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەو شێوەیە دەگات کە هەروەك لە پەروەدرەماندا هەیە، دەبێت گەنجان بچووك بکرێنەوە و تا هەست بەشەرم بکەن کە دەبوو پێچەوانەکەیان بسەلماندایە کە سنوورەکان ببەزێنن، دیوارەکان لابەرن، فەزای ئازادی و خۆشی و کەش و هەوایەکی سەردەمیانەیان بهێنایهته ئاراوە تا گەنجەکان بیانتوانیبایە لەو ئازادییەدا باڵەفڕێیان بە خواست و ویستەکانیان بکردایە.
دوای ئەوە لەهەندێ هەڵسەنگاندندا هەست بەوە دەکەی کە مافی ئەو بەهرەمەندانە دەخۆن، نموونەمان بەهرەمەندێك کە لەقۆناخی سێیەم دا بوو بەناوی (جێژووان )، کە نەتوانرا وەك پێویست بەهرە هونەرییە تازە ئامێزەکەی شی بکەنەوە و وەکوو پێوست پاڵپشتی بن، ئەو کوڕە دەمی نەدەکردەوە و گۆرانیەکانی دەووت، یاریی بە تۆنی دەنگی دەکرد و دەیگۆڕی کە ئەمە بۆ خۆی جیاوازە. دوای ئەوە بینەر هەستی بە هیچ جووڵاندنەوەك نەدەکرد لە دەموچاوی ئەو گەنجەدا لەکاتی گۆرانی گووتنەکەدا کە بەراستی جیاواز بوو.
دووەم، بڕگەیەکی شانۆیی بووکەڵە شووشەکانی پێشکەش کرد کە خۆی گۆرانی بەقوڕگ دەووت و بووکەڵەکەش رۆڵەکەی دەبینی، من پێـم وابوو نەرمین کاوانی بەهۆی ئەوەی شارەزایی لە کاری نواندندا هەیە دەبوو بەرێزی تیشکێكی بخستایە سەر ئەو شانۆی بووکەڵەیە کە زۆر بەجوانی توانی رۆڵی دووکەس ببینێ، کە ئەوە بۆ خۆی هونەرێكی جیاواز و تازە بوو بۆ ئێمەی کورد، کە جێی داخە هیچ کامیان نەیاتوانی هەست بەم جیاوازییە هونەرییە بکەن، دوا بەدوای ئەمانەش زانا شیکردنەوەیەکی نالۆژیکیی بۆ ئەو بەهرەمەندە کرد گوایە هیچ تێناگات لە ووشەکان، کە دەبوو ئەو باشتر تێبگات ئەم بە قورگ دەیڵێت نەك بە کردنەوەی دەم و لێوەکانی بجوڵێنێت تا بتوانێ وشەکان بگەیەنێت. دوا بەدوای ئەمە بەرێز زەهاوی کەوتە هەڵسەنگاندن کە من ئەوەندە تێگەیشتم کە زۆر ناشاییست قسەی لەسەر کرد و مرۆڤی بێزار دەکرد. لە هەمووشی بەرچاوتر ئەوە بوو کە پلەی (٩) ی پێبەخشی کە ئەمە کۆمیدیایە. خۆشبەختانە نەرمین کاوانی توانی (١٠ )ی پێ بدات کە جێی خۆی بوو.
بەڵام بە شیوەیەکی گشتی نەیانتوانی لەروویەکی هونەرییەوه هەڵسەنگاندنێكی تەواو بۆ ئەو بەهرەمەندە بکەن، ئەمە جێی سەرسوڕمانە، دووبارە بوونەوەی هەندێ لەم درامایانە لە (بەرنامەی من جیاوازم) دا ئێمە تووشێ تێرامان و پرسیار دەکات، کە ئایا کەسی شیاو لەشوێنی شیاودایە؟ یان کاری هونەری پەیامی خۆی دەگەیەنێت؟
یان بەرنامە و پلانمان هەیە؟ یان تاکەکانی ئێمەی کورد ئەو دڵسۆزییهمان تێدایە کە داوامان لێبکرێت لەبەرنامەیەکدا بەشداری بکه ینچالاکانە بتوانن هەوڵەکانی خۆمان بخهینهگەڕ؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری تر کە پێویستە لە خۆمانی بکەین، وە چۆن هەنگاوەکانمان باشتر بکەین؟ بە چ رێگایەك؟
دیارە هەموو پرۆسەیەك لە ناو جفاتدا پێوسیتی بە هەرەوەزی و دڵسۆزیی تاکەکانی کۆمەڵگا هەیە، هەر بۆیە رووی گازندەکانمان هەموو لایەك دەگرێتەوە، چوون ئێمەی کورد لەکاتی قسەکردن و پێشنیارەکاندا زۆر زیرەك و وریاین و پەیڤی باشـمان پێیە، بەڵام کە دێتە سەر پراکتیزە کردنی ڕوویەکیتر نیشان دەدەیین، واتە خۆمان دەدزینەوە لەو بەرپرسیارێتیە، نەبوونی هەست بە پرسیارێتی بە تەوێڵی زۆربەی کایە رامیاری و هونەری و وێژهیی و هزرییهکانمانەوە دیاره.
هەر بۆیە دەبێ تاکی کورد چالاکانە بێتە مەیدان و ئەسپی خۆی تاو بدات لەهەموو روویەکەوە تا بە هەموو لایەکمان هەڵە و پەڵەی خۆمان ببین و بە لێبوردەیی و خۆشەویستی و زمانی گفتوگۆ بتوانین راڤە و شیکردنەوەمان هەبێت تا کەش وهەوایەك لە ئازادی بێنینە کایەوە. تا هەست بە ئازادی نەکرێ ناتوانرێ داهێنانیش لەگەڵ ئاستی سەردەم و تەکنەلۆژیادا بکەین، ئەمانەش زادەی بیر و تێڕامانی کۆمەڵگایەکی شارستانی دەسەلمێنێت کە لۆژیك بەرێوەی دەبات.
بە سوپاسەوە سودم لەشاکارە بەنرخەکەی کاک فاروق رەفیق وەرگرتوە بەناوی ؛
یەك کاتژمێری ماوە بۆ نیوەشەو.
shnapenjweny@live.nl
هٶڵەندا ٣-١١-٢٠١٠