دیــــدار نانەکەلی : پرۆژەی دەست لەکارکێشانەوەی پیپ گواردیۆلای کەتەلۆنی وەکو راھێنەر لە یانەی بەرشەلۆنە یەکێک بوو لە گۆڕانکاریە مێژوویەکانی ئەو یانەیە.
وەکو چۆن خستنە سەرپشتی دەرگای یانەکە بۆ گواردیۆلا لە سەرەتا بۆ راھێنەرێکی تاقی نەکراوە بۆ یانەیەکی زلھێزی ئەوروپا و جیھان سەیر و سەمەرە دەھاتە پێش چاو و تەنانەت زەحمەت لە دەروونی خۆشەویستانی ئەو یانە کەتەلۆنیە ھەزم دەکرا. لەگەڵ ئەوەی پیپ چەند سالێکی کەم بەرلەوەی ببێتە راھێنەر وەکو کاپتنی یانەکە چەندین دەسکەوت و ئەنجامی بە نرخی لە مێژووی بەرشلۆنە بەدەستی خۆی نوسیبۆوە. بەڵام مێژووی یانەکە و قورسایی ئەزموونەکەی رێگەی بە تاقیکردنەوەی سەلیقەی ھیچ کەس نەدەدا لە ھەژموونی زێرینی یانەکە کەمبکاتەوە . بۆیە گواردیۆلا بە پاڵەپاستۆی زۆری ھەموو ئەو چاودێریەی لەسەر یانەکەیە لە سەرانسەری جیھان ھاتە مەیدان. جیاواز لە ھەموو راھێنەرانی جیھان حوکمی پێش وەختەی زۆرینەی ھاندەر و کارگێڕیەکانی بەرشلۆنەی بە رکابەرەکانیشەوە بەتاڵ کردەوە ، کاتێک ترسیان لە توانای ئەو لاوە ھەبوو بۆ ھەڵگرتنی ئەو بارە قورسە. جیاواز لەوەی سەنگەرگرتنی ئەو راھێنەرە بۆ یار و نەیاربوو. بۆ بە پڕشکۆ مانەوەی ناوی بوو لە مێژووی یانەکەی. بۆ ھاتنە مەیدانێک بوو کە گەردەلول ئاسا کەموکوری و کەلێن و کۆسپەکان لەبەردەمیدا رامالێت. پیپ توانی شێوازێکی تایبەتی یاریکردن بۆ یانەی بەرشلۆنە دروست بکات و چەندین تاکتیکی نوێ بھێنێتە ناو یاریگا. بیرۆکەکانی ئەوەندە سەرنج راکێش بوون کە بووە ھۆی ئەوەی چەندین راھێنەری بە ئەزموونی ئەوروپا و جیھان سەرسام بکات و بکەونە خۆ بۆ خۆ نوێکردنەوە و تازەگەری.بە جۆرێک کە چەندین راھێنەر ھەوڵیاندا کە خۆیان لە تاکتیکەکانی گواردیۆلا لە شێوازی پلاندانانیدا نزیکبکەنەوە و بکەونە سەر ھەمان رێچکە، بەڵام دەرکەوت کە لە توانایان دانەبوو. جیاواز لە راھێنەرانی دیکە گواردیۆلا پشتی بە شارەزایی یاریزانەکانی دەبەست لە کاتی یاریکردن نەوەک ھێز و توانا و خێرایی. جۆرێک پەیوەندی پتەوی لەنێوان یاریزانەکانی لەنێو یاریگا دروستکرد کە ھاوشێوەی تۆرێکی لەیەک بەستراو دەیانتوانی ریکۆردی زۆرترین پاس لە کەمترین کات بشکێنن. کە ئەو شێوازە دەیتوانی سەرئێشە بۆ تیپی بەرامبەر دروست بکات و پێکھاتەیان ماندوو و ئاڵۆز بکات. دوای چەندین دەسکەوت و نازناوی میژوویی بۆ یانەکەی مەبەستە سەرەکیەکەی ھێنایە دی و دواتر وازھێنانی خۆی راگەیاند. رۆیشتنی گواردیۆلا کەلێنێکی گەورەی لە پلانە ستراتیژیەکان بەرشلۆنە دروستکرد. ھەرچەند جێگیرکردن و دانانی تیتۆ فیلانۆڤا وەکو شوێنگرەوەی ھەولێک بوو بۆ درێژەپێدانی بیرکردنەوەی دروستی گواردیۆلا بۆ دارشتنی پێکھاتە و جێگیرکردنی قورسایی یانەکەبوو لە پاڵەوانیەتیەکان، بەڵام بە پێچەوانەی مەبەستەکان لە سەرەتای ئەو وەرزەوە پێشبینی ئەوە دەکرێت کە تیتۆ نەتوانێت پلانەکانی گواردیۆلا جێبەجێ بکات و بەھەمان رێچکەدا بڕوات. بۆیە ئێستا یانەکە لە جۆرێک قەیران دایە بەوەی ھەوڵی بنیاتی چەندین ساڵەی گواردیۆلا بۆ یانەکە بە نەشارەزایی راھێنەرێک لەناوبچێت. بەڵام پێشبینی ئەوەدەکرێت کە لە داھاتوویەکی نزیک بەر لەو مەترسیە بگیرێت و شوێنگرەوەیەکی بەھێز بخرێتە شوێنی فیلانۆڤا.
بۆیە دەتوانین بلێین لەگەڵ ئەوەی کە دەستپێکی یانەکە لە خولی لالیگادا بەشێوەیەکی زۆر باش دەستیپێکرد،بەڵام مەترسی گەورە وون بوونی ئیرادە و توانست و پەیوەندی پتەوی پێشووتری یاریزانانی یانەکەبوو ،
کە ببووە ھۆکاری سەرەکی ھێز و قورسایی یانەکە.کە مەترسی لەو شێوەیە ھیچ کات ناتوانێت درێژبکرێتەوە لەسەر ھەژموونی پڕ لە سەروەری یانەی بەرشلۆنە.بەو پێوەرەی کە باسمان کرد فیلانۆفا دەرفەتی کەمی لەدەستە بۆ پرکردنەوەی ئەو درزانەی کە بناغەپتەوەکەی بەدەستی پیپ گواردیۆلا دروست بووە.