سەدیق سەعید ڕواندزی
گەر سەرنج لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بدەین، دەبینین بە بەردەوامی حەماس ھۆکار و دەستپێشخەری شەڕ بووە و لە پەراوێزی وەشاندنی دوو سێ مووشەکی دەستکرد، ئیسرائیل ڕادەکێشێتە نێو شەڕێک کە جگە لە تێکدان و وێرانکردنی سەرخان و ژێرخانی کەرتی غەزە، ھیچی تری لێ ناکەوێتەوە. ئەمە بەو مانایە نییە، کە ڕەوایەتی بە ھێڕشەکانی ئیسرائیلیش بدەین، بەڵکو بەو مانایەی لە ھاوکێشەی کار و کاردانەوەدا، ھەمیشە کاردانەوە بەھێز تر دەبێت. لە ڕووی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە، کەرتی غەزە دابڕاوە لە ناوچەکانی دیکەی فەلەستین و تەنھا ھاوسنووری ئیسرائیلە، بۆیە نزیکترین ئامانجە کە ئیسرائیل بیەوێت بیپێکێ، کەواتا ھەر جۆرە دەستپێشخەریەکی شەڕ لەلایەن حەماسەوە بێت، بە دڵنییایەوە دۆڕاوی سەرەکی دواجار ھەر خۆی دەبێت. کێشەی عەرەب و ئیسرائیل، ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی ھەیە و لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا، عەرەبەکان چوار جەنگیان لە دژی ئیسرائیل کردووە، لە ھەر چواریان دۆڕاو بوونە و ئەگەر ڕێککەوتننامەی کامپ دیڤد نەبووایە، کە بە حەکیمایەتی سادات کرا، ئێستا نیوەی میسریش لە ژێرد ەستی جولەکەکان دەبوو، کەواتا بۆچی دەبێت حەماس ھێندە کورتبین بێت و بەرچاوی خۆی نەبینێت؟ شەڕێک بە بیست و دوودەوڵەت یەکلایی نەکرێتەوە، ناوچەیەک بە چوار شەڕ و بە سەدان ھەزار سەرباز ئازا دنەکرێت، ئاخۆ گاڵتەجاری نییە کەسانێک پێیان وابێت ئەمە بە حەماس دەکرێت؟ ئەو شەڕەی حەماس دە مانگ لەمەو بەر فتیلەکەی داگیرساند، جگە لە وێرانکاری زیاتری غەزە ھیچ دەرەنجامێکی دیکەی نابێ. نە تونای لۆجستی و دارایی، نە توانای سەربازیی و مرۆیی ئەو بزووتنەوەیە، لەو ئاستەدا نییە بتوانێت بچێتە شەرێکی درێژخایەنەوە لەگەڵ ئیسرائیل.
وڵاتانی عەرەبی، ھەمیشە لە ئاست ئەو شەڕانەی حەماس بێ دەنگی ھەڵدەبژێرن، چونکە دەزانن سرووشتی ئەو بزووتنەوە توندڕۆیە، بەو سیاسەت و ستراتیژەی کاری لە سەردەکات، خزمەت بە کێشەی فەلەستین ناکات و ئەوەندەی تر، ئەو کێشەیە ئاڵۆزتر دەکات و ململانێکان قووڵتر دەکاتەوە, دەمێکە ئسرائیل، بۆتە دیفاکتۆیەکی سیاسی و جوگرافی و دیموگرافی و عەرەبەکان جگە لە قبولکردنی ئەو دیفاکتۆیە سیاسییە، ھیچ چارەیەکی دیکەیان نییە، بە تایبەتیش چارەسەرێک بە ڕێگەی شەڕ کە پێشتر چوارجار تاقیانکردۆتەوە وە تیایدا سەرکەوتوو نەبوونە. بۆیە پتر وەک بینەرێکی داماو بەد یار شانۆگەری وێرانکردنی غەزە، کە حەماس سیناریۆیەکەی نووسی دادەنیشن.
ھەرچی پەیوەندی بە ئێمەی کوردەوە ھەیە، گەرچی شەڕی ئەوان بۆ ئێمە بایەخێکی ئەوتۆی نییە، بەڵام لە مێژووی ڕزگاریخوزای فەلەستیندا، سەرانی ئەو بزووتنەوەیە، بە یەک ھەڵوێست و وشەش پرۆتستۆی ئەو کارەساتانەیان نەکردووە، کە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بە سەر گەلی کوردیان داھێناوە. سەردەمانێک کە بەعس و سەدام کوردیان ئەنفال و کیمیا باران دەکرد، عەرەفات دەچووە بەغدا و شانی سەدامی ماچ دەکرد. لە ھەموو شەڕەکاندا، پشتگیری سەدامی دەکرد و بە پارێزەری عەرەبەکانی دەزانی. محمود دەرویش ، لە ھەموو ژیانی شیعرێکی بۆ کوردستان نووسی و دواتر لێی پەشیمان بووە وە و نەیخستە دیوانەکەی. ھەنییە، بەردەوام پێشمەرگەی بە چەتە ناو دەبرد و پێی وابوو کافرن و پیاوی ئیسرائیلن و دەیان جار لێدوانی لە دژی کوردەکان داوە، کە ھەموو جارێکیش مام جەلال، وەڵامی دەدانەوە. ئیدی نازانم بۆچی ئیسلامیییەکانی ئێمە کێچ کەوتۆتە کەوڵیان و لێرەوە شین و ڕۆڕۆ بۆ ھەنییە دەکەن؟ بۆچی ھاوسۆزیی ئەو بزووتنەوە تیرۆرستییە دەبن، بەڵام چاویان ئەتککرنی ژنێکی جوولەکە نابینێت کە ھەردووکیان مرۆڤن؟ ئەم جەنگەی حەماس ھەڵگیرساند، ڕەوایەتی بە داخەوە بە کوشتنی سەدان ھەزار فەلەستینی دا، کە لە سایەی دەسەڵاتەکەیەوە لەو پەڕی گوزەرانێکی خراپدان. وێرای ئەوەی غەزە وێران بوو، خەڵکی سڤیل باجەکەی دا، دواجار ھەنییەش لە ئێران کوژرا کە بێگومان ھەر کەسێک پێی وابێت ئێران بێ ئاگایە لەو بە ئامانج گرتنە، بە بڕوای من لە سیاسەت نازانێت.
ئیسرائیل، دواجار لە بری کلکی مارەکە ، سەری مارەکەی پانکرد، بە کوشتنی ھەنییە و بەرپەسەکانی دیکەی حەماس، ئەو بزووتنەوەیە کۆتایی دێت، ئەمە جێگەی داخ نییە، بەڵکو وێرانکردنی غەزە، کوشتنی ژن و منداڵ جێگەی داخە بۆ مرۆڤایەتی، وەک چۆن ئەو بە ساڵاچووانەی ئیسرائیلیش کە لە ترسی توندڕۆیەکی تیرۆرستی حەماس لە زینداندا گیان لە دەست دەدەن، ھەر جێگەی داخە. جەنگ بە ئاسانی ھەڵدەگیرسێت، بە ئەستەم دا ئەمڕکێتەوە، حەماس وایکرد، بۆیە دەبێت باجی شەڕەکە بدات، ئەوەشی پێی وایە لە شەڕدا لە بری کوشتن و خوێن و فیشەک و بۆمبا، گوڵی سوور و کۆتری سپی دەبەحشرێتەوە، ئەوا دەبێ مێژوویی مرۆڤایەتی و شەڕەکان بخوێنێتەوە، تا لە ماھییەتی شەڕ بگات.
Discussion about this post