سەدیق سەعید ڕوانزی
ئەم دوو وشەیە، وەک دیاریکردنی کات لە ڕووی مێژووییەوە لە زمانی کوردی بەکاردێن، بەڵام بەشێک لە زمانزانان دەڵێن بەروار ھەڵەیە و نابێ بنووسرێت و پەیڕەو بکرێت، چونکە ئاماژەیە بۆ ناوچەیەکی کوردستان و دەبێ ڕێکەوت بنووسرێت. لە فەرھەنگی ئەستێرە گەشەدا، بەراور لە بەرانبەر( تاریخی) عەرەبی ھاتووە. بێگومان (بەراور) وشەیەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە (بەراوری) یەوە نییە کە مەبەست لێی ئەو ناوچە جوگرافییە یە کە کەوتۆتە سنووری پارێزگای دھۆک. واتا ئەوەی ھەیە بەراورییە، وەک چۆن دەڵێین( ئەلەند بەرواری ) و ناگوترێت( ئەلەند بەراور) ئەوانەی بڕوایان وایە بەروار لە بەراورییەوە ھاتووە، وەک ئەوەیە بێن (سلێمانی) بکەنە (سلێمان) کە ئەوەی یەکەمیان شارە، ئەوەی تریان ناوە، کە لە ڕووی ماناو ڕێنووسیشەوە زۆر دوورن لە یەکتری. سلێمانی و بەرواری لێرەدا، لە ڕێگەی پیتی (ی)ەوە، سیفەتێکیان پێ دەدرێت کە ئاماژەن بۆ شوێن و دەلالەتن بۆ ھاوەڵناو. وشەی (بەروار) لە ھەردوو وشەی(بەر) کە ھاوەڵکاری شوێنییە، لەگەڵ (وار) کە ناوێکی سادەیە پێکھاتووە. بەر بەمانای خوارەوە دێت، واریش واتا شوێن و جێگەیەک کە ئاوەدانی تێدا بێت، چونکە گەر ئاوەدانی تیا نەبێت، پێی ناگوترێت وار. بەروار واتا دیاریکردنی شوێنێکی تایبەت و دیاریکراوە، کە ئەمەش نزیکمان دەکاتەوە لەوەی ھەمان مەبەست بۆ ڕۆژ و کاتیش لە ڕووی مێژوویەوە بە کاربێت، کە مەبەست لێی دیاریکردنە بە تەواوەتی، وەک ئەوەی (بەر) و (وار) بە یەکەوە بۆتە بەروار، واتا بەر لەوەی بگەینە وارەکە، سەرەتا لە بەرەکەین، دواتر دەچینە وارەکە، بەمەش شوێنە دیاریکراوەکە دەبێتە بەروار. ئەم وشەیە ھیچ پەەیوەندی بە وشەی (بەرواری) یەوە نییە، کە ناوچەیەکی جوگرافی کوردستانە, لەلایەکی دیکەوە گەر بەراوردی بەراور بە ڕێکەوت بکەین، ئەوا دەبینین بەروار دروستترە لە ڕووی واتا، گۆکردن و نووسین، بە بەراورد لەگەڵ وشەی ڕێکەوت کە ھاوواتا (سوتفەی) عەرەبییە، گەرچی ھەردوو وشەکە بە ئاماژەکردن بە مێژوو، ڕۆژ و کات دێن کە ئەمەش نیشانەی بە بڕشتی زمانی کوردییە. بۆیە ئەوە نییە بەروار ھەڵەبێت، وەک ئەوەی کەسانێک لێکدانەوەی بۆ دەکەن، دەکرێ ھەردوو وشەکە بەکار بێنینین، بەڵام گەر بێتە سەر دیاریکردن و نووسین، ئەوا بەروار جوانترە لە ڕێکەوت و ھیچ ھەڵەیەکی زمانەوانی و بابەتی و واتایی لە وشەی بەروار نییەو ئەم وشەیە، بەکار ھێنانی زۆر ئاساییە.
*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە (٩٨٥٤) لە ٢٥/١١/٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
































































سەدیق سەعید ڕوانزی








Discussion about this post