سەدیق سەعید رواندزی : بەرگری وەک کردارێکی خودی, گوزارشتە بۆ رووبەروبونەوەو,ھەوڵێکە بۆ داکۆکیکردنءپاراستنی ناسنامە لە ئاست بزربوونء سڕینەوەدا. بە دەربرینێکی تر بە رگریکردن رێگریە لەو ھەموو مەترسیانەی, بوونەوەرەکان لە ئاستی بووندا رووبەروی دەبنەوە. بەو مانایەی کاتێ ھەست دەکەن ژیانیان لە بەردەم نەمانء مەرگدایە, ئیدی بەرگری وەک کردارێک لە پێناو پاراستنی ئەو ناسنامەیە,بەرجەستە دەکەن.کەواتە لە پێناو زیندوەتیء مانەوەدا لە ژیان دەبێ, ھەمیشە بەرگری بکەینءبە گژسە ختیەکان دابچینەوە, دەنا مانەوەمان دەکەوێتە ژێر ھەرەشەی فەنابوون. بێگومان لە مێژوودا رەنگە ھیچ نەتەوەیەک, بە قەد ئێمە لە دۆخی بەرگریکردن دانەبێت. بەو مانایەی چونکە ناسنامەی نەتەوەیی ئێمە ھەمیشە لە بەردەم سڕینەوە دابوە, ئیدی لە پێناو پاراستنء رزگارکردنی ئەو ناسنامەیە,ناچاربووینە بەرگری بکەین. بۆیە دەبینین بە رگری وەک خەسڵەتێک رووبەرێکی بەر فراوانی لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمە گرتوە. تەنانەت بە شێکی سەرەکی لە ئەزموونی ئەدەبی ئێمە بە ھەموو ژانرەکانیەوە, ئەدەبی بەرگرییە بە تایبە تیش شیعر. شیعری بەرگری رووبە رێکی بەر فراوانی گوتاری شیعری کوردی گرتوە. کە تیایدا ھێماکانی بەرەنگاریء رووبە روبونەوەو پاراستنی ناسنامە دەگەیە نێت. بە تایبە تیش لە قۆ ناغە کانی چەو ساوەییء ژێر دەستەییدا. کەدەشێ بە گوتاری مانەوە وێنای بکەین.گوتارێک کە داکۆکی لە مانەوەی نەتەوە دەکات, لە ئاست داگیرکردنء سرینەوەدا. بۆیە بە شێکی سەرەکی لە گوتاری شیعری کوردیدا گوتاری بەرگریە, کە تیایدا شیعر وەک پەیامێکی سیاسیء شۆرشگێری, رۆلی رووبەروبونەوە لە ھەمبەر دوژمناندا دەبینێت. بە تایبەتیش لەو کاتانەی نەتەوە دەکەوێتە ژێر ھەرەشەی نەمانەوە. کەواتە ھەموو بەرگریەک ھەوڵێکە بۆ ھێشتنەوەی بوون لە مەترسی نەماندا. لەو سۆنگەیەشەوە دەتوانین بڵێین کە ماناکانی بەرگری پەیوەستە بەبوون, بە بێ بوونیش کردارێک نییە بە ناوی بەرگری. چونکە بەرگریکردن کردارێکی فسیۆلۆژیە.ئەم کردارە دەرەنجامی درککردنە بە مەترسیەکان. بەڵام ئەگەر بەرگری لە ئاستی جە ستە ییدا رووبەروبونەوەی ئەوانی تر بێت, ئەوا لە ئاستی زماندا بیناکردنء بەرجەستەکردنی ئەو وێنانەیە, کە ھانی مرۆڤ دەدەن بۆبەردەوامیدان بۆ ئەو بەرگریکردنە. بە دەربرینێکی تر ئەگەر مرۆڤ نەیتوانی لە ئاستی جە ستەییدا پە نا وەبەر بەرگریکردن ببات لە خود, ئەوا لە ئاستێکی تردا, ھەوڵی ئەو بەرگریکاریە دەدات کە ئەویش زمانە. واتە زمان دەبێتە چە کێکی دیکەی بەرەنگاری. ئەمەش خەسڵە تێکی سەرەکی شیعری سیاسیء شۆرشگێری کوردییە, لە قۆناغەکانی خە باتی چەکداری ئێمەدا.زمان لەو ئەزموونەی شیعری کوردیدا, ھەڵگری وێنەیەکی بەرەنگاریء تێکۆشانء یاخیبوونءھاتنەوەیە بە گژ ستەمی دوژمناندا. زمان لەو شیعرانەدا, ھەوڵێکە بۆ پراکتیککردنی بەرگری لە ئاستێکی دیکەدا, بەدەرلەو ئاستە فیزیکیەی بەرگریکردن. بۆیە کاتێ جەستە ناتوانێت بە کرداری بەرگری بکات, ئەوا شێوازی بەرگری رەھەندێکی تر بە خۆوە دەبینێت, کە ئەویش زمانی وێناکردنءگوزارشتکردنە لەو مانەوەیەدا.وەک ئەوەی کەسێک لە زینداندا شیعری بەرەنگاری دەنووسێت.بەدەربرینێکی تر کاتێ مرۆڤ دەکەوێتە بارێکەوە کە ناتوانێت, لەرووی فسیۆلۆژیەوە داکۆکی لە ناسنامەو, مانەوەی خۆی بکات, ئیدی ھەوڵدەدات شێوازەکانی ئەو بەرەنگاریە لە فۆرمێکی دیکەدا بە رجەستە بکات.کە ھێماو دەلالەت بێت, بۆمانەوەونیشاندانی بوون, وەک توخمێکی زیندوو. وەک ئەوەی بۆ نموونە شاعیرێک لە زینداندا شیعری یاخیبوونء بەرەنگاری دەنووسێت.کەواتە ماناکانی بەرگری پەیوەستە بەبوون.چونکە بەرگریکردن دواجار پارێزگاریکردنە لەو بوونە, لەدەرەنجامی ھەموو ئەو ھەرەشەوە مەترسیانەی رووبەروی دەبنەوە.
بێگومان بەرگریکردن, وەک چەمکێک کە ئاماژەیە بۆ کردارێکی جە ستەیی, یە کێکە لەو چەمکانەی رەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی ھەیە لە ئەزموونی شیعری کوردیدا.کەم تێکستی ئەدەبی ھەیە, بە ھەموو ژانرەکانیەوە بە جۆرێک لە جۆرەکانء بە شێوەیەک لە شێوەکان, ھێماکانی بەرەنگاریءبە گژھاتنەوەء یاخیبوونی تیادا نەبێت. دیارە ئەمەش دەرەنجامی ئەو ھەڵومەرجەیە کە نەتەوەی ئێمە لەرووی سیاسیء شۆرشگێرییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر تیایدا ژیاوە.بەومانایەی چونکە بوونی ئێمە وەک نەتەوە بە درێژایی مێژوو لە ژێر ھەرەشەی نەمانء سڕینەوە دابوە,ئیدی لە پێناو پاراستنی ئەو ناسنامەیە,بەرگریکردن بۆتە ئەدگارێکی سەرەکی ژیانی ئێمە. ئەمەش واقیعێکە لە تێکستی ئەدەبیدا رەنگیداوەتەوە تا ئەو رادەیەی ھەموو دیاردەیەک لای ئێمە بۆتە ھێمایەک بۆ بەرگریکردنء پارێزگاریکردن لە ناسنامەی نەتەوەییمان.بۆیە دەبین لە زۆر کاتدا کرداری بەرگری بە دەر لە مرۆڤ, وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەدرێتە پاڵ رە گە زی تریش بۆ نموونە وەک سروشت.لە شیعری کوردیدا سروشت ھەر تەنھا پانتایەکی ئستاتیکی نییە, بە لکو ئامرازێکیشە بۆ ھاتنەوە بە گژ دوژمندا.واتە رە ھەندێکی دیکەی سیاسی لە پاڵ رەھەندی راستە قینەی خۆی وەرگرتوە. لەو روانگە یەوە شیعری (زمان)* ھەڵگری ئەو وێنە سیاسیە یە بۆ سروشت. لەو شیعرەدا بەرگری وەک کرداری بوونەوەرێکی زیندوو, رەھەندێکی تر وەردەگرێت ئەویش گۆرینیەتی بۆ توخمێکی نازیندوو کە ئەو یش سروشتە. بە دەربرینێکی تر سروشت لە وشیعرەدا, چوارچێوەیەکی دیکەی ھەیە, کە ھەڵگری گوتاری یاخیبوونء بەرگرییە. لەو شیعرەدا سروشت ھەر تەنھا ھێمایەک نییە بو جوانی, بە لکو ئاماژەیەکیشە بۆ تێکۆشانءجیاوازی نەتەوایەتی نێوان دوو نەتەوە. ئەگەر چی پێشتر سروشت وەک توخمێک ھەمیشە لە بونیادی دەقی شیعری بەرجەستە کراوە,وەلێ لە شیعری زماندا سروشت بونیادێکی تر بە خۆوە دەبینێت,کە ئەویش ھەرتەنھا ئاماژەیەک نییە بۆ جوانیءپاکی,بگرە ھێمایەکیشە بۆ بەرگریکردنءھاتنەوە بە گژ دوژمناندا.بە دەربرینێکی ترسروشت لەو شیعرەدا, توخمێکی نازیندووی مەتریالی نییە, کە بوونی ھەرتەنھا ماناکانی جوانی بگەیە نێت, بە پێچەوانەوە بەڵکو لە توخمێکی نازیندوەوە دەگۆردرێت بۆ توخمێکی زیندوو ھاوشێوەی ھەر رەگەزێکی تر خەسڵەتی بەرگری وەردەگرێت.لەو شیعرەدا سروشت بەرلەوەی رەھەندێکی سروشتیانەی خۆی ھەبێت,کە ھەمیشە لە شیعردا ئاماژەی پێدراوە, ئەوا رەھەندێکی سیاسیشی ھەیە.سروشت ھاوشێوەی مرۆڤ خە سلەتی بەرگریکردن وەردەگرێتءزمانی یاخیبوونءبە گژھاتنەوەی دوژمن دەگرێت.ھێمایەکە بۆ جیاوازی نەتە وایەتی نێوان دوو نەتەوە کە ئەویش کوردو دوژمنانیەتی.بۆیە دەبینین شاعیرسروشت دەکاتە چەکێکی دیکەی بەرگری نەتەوایەتی ئێمە. زمانێکی دیکە بە سروشت دەدات کەبەرمەبنای بیناکردنی ناسنامەیەکە. بۆ ئەو رەگەزە.بەو مانایەی ئەگەر سروشت لە لایەن مرۆڤەوە گوزارشتی لێکرابێت, ئەوا لەم دەقەدا بۆ خۆی گوزارشت لە خۆی دەکات,لەرێی خەسڵەتێک کە ئەویش زمانە.سروشت لەو شیعردا چیتر ئەو رەگەزە مردوە نییە, کە دەبێ ئێمەی مرۆڤ پارێزگاری لێبکەین, بە پێچەوانەوە بەلکو رەگەزێکی زیندووی بەرەنگارییە بەرامبەر دوژمن.ئەمەش وێناکردنێکی دیکەیە بۆ سروست لە شیعردا. بە شێوەیەکی تر ھەمیشە سروشت لە شیعردا لەءوێناکردنە دەرنە چووە, کە رەگەزێکی بێ دەسەڵاتەو کەوتۆتە ژێر ھەرەشەوچرنۆکی دوژمنانەوە,بەڵام لە شیعری زماندا سروشت بەرگری دەکاتءدەیەوێت ناسنامەو بوونی خۆی,ھاوشێوەی مرۆڤ بسە لمێنێت.زمان دەگرێتءگوزارشت لە ناسنامەی خۆی دەکات کە ھێمایە بۆ بوونی نەتەوەیەک کە ئەویش کوردە.بۆیە بە گژ دوژمناندا دەچیتەوە. بەڵام لێرەدا دەکرێ بپرسین شاعیر بۆچی تایبەتمەندیەکانی وەک زمانءھەرەشەویاخیبوون بە سروشت دەدات,لەکاتێکدا ئەو رەگەزە بە بوونی خۆی بوونێکی نازیندووی ھەیە؟ یاخود بۆچی شاعیر زمان دەداتە پاڵ سروشت لە کاتێکدا, ئەوەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێک لە رەگەزەکانی تر جیا دەکاتەوە, بە تەنیا زمانە؟ بە بۆچوونی من ئەمە پەیوەندی بەبەرگریکردنی سروشتەوە ھەیە. بەدەربرینێکی تر شاعیر مەبەستیەتی لە ئاست ستەمءقەبارەی دوژمندا,بە ئەندازەی ئەوانیش چەکی بەرگریان روو بەرو بکاتەوە. بۆیە لە روانگەی شاعیرچەنێ دوژمن بێ بەزەییء دڵرەقء جەلاد بێت, ھاوتای ئەمەش بەرامبەر دوژمن ھێزێک ھەیە خۆراگرو نەبەزێن, کە ئەویش نەتەوە کەی شاعیرە. ئەمە لەلایەک, لەلایەکی ترەوە کاتێ بوون بە ھەموو رێگایەکەوە رووبەروی مەترسی نەمان دەبێتەوە,ئەوا لە بەرامبەردا دەبێ بە جۆرەھا رێگەش بەرگری بکرێت.بۆیە شاعیر سروشتیش ھاوشێوەی مرۆڤ بە بەرگری دەکاتءدەڵێ:_
ئاگر بەدەست لە ڕەزێ نزیک دەبنەوە..
درەختەکان ھاواردەکەن..
بێگانەکان لە زمانی درەختەکان ناگەن..
کە فەرمانی..کوشتنی جوتیارێک دەدەن..
ژنەکەی دەپارێتەوە..بێگانەکان.
مانای بەزەیی نازانن..
ئەگەر سەرنج لەو کۆپڵە شیعریە بدەین دەبینین, شاعیر سروشت وەک رەگەزێکی زیندووی بەرگریکار,ھاوشێوەی مرۆڤ بە رجەستە دەکات.چونکە خەسلەتی زمانءقسەکردن دەداتە پاڵ سروشت,کە ئەمە ھەرتەنھا خەسڵەتی مرۆڤە.ئاشکراشە ھەموو دەربرینێک لە ئاستی زماندا, ھێمایەکە بۆ مانەوە.واتە دەربرین گوزارشتکردنێکە لە بوون. بۆیە کاتێ زمان دەکرێتە,تایبەتمەندیەکی سروشت,وەک توخمێکی نازیندوو ئیدی مانای وایە, خودی ئەو سروشتە ھەلگری ناسنامەیەکە, کە ھێمایە بۆ بوون.ھاوارکردنی درەختەکانء دەنگ ھەڵبرینیان, ئاماژەیەکە بۆ بوونی ئەوان. بۆیە کاتێ ئاگر بەدەستەکان لە رەزێ نزیک دەبنەوەو,ھاوکات مەبە ستیانە گڕ لە درەختەکان بەبەربدەن, ئیدی درەختەکان لە پێناو مانەوەو بە رگریکردنی لە ناسنامەی سرءشتی خۆیان, دەنگ ھەڵدەبرن,واتە دە یانەوێت بەو دەنگ ھەڵبرینە ئەو پەیامە بە دءژمن بگە یەنن, کە ئەوان زیندوونءنەمردوون. ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە, درەختەکان کە زمانێکی جیاوازتریان ھەیە, لە زمانی ئاگربەدەستەکان مانای وایە, کە دووناسنامەی جیاش بوونی ھەیە. بە دەربرینێکی تر جیاوازی زمانی درەختەکانء ئاگر بەدەستەکان, دەلالەتێکە بۆ بوونی دوونەتەوەی جیاواز لە یەکتری . بۆیە زمان لەو دەربرینە شیعریەدا, ھەر تەنھا ئامرازێک نییە بۆ دەربرین, بە لکو سمبولێکیشە بۆ جیاکردنەوەی دوونەتەوە لە یەکتری, کە ئەوانیش کوردو دوژمنەکانیەتی.لەوروانگەیەشەوە کاتێ شاعیر دەلێ, ئاگر بە دەستەکان لە ھاواری درەختەکان ناگەن, مانای وایە لە زمانی یەکتری ناگەن. بێگومان جیاوازی زمانیش بە مانای جیاوازی نەتەوایەتی دێت, لێرەوەش شاعیر مەبەستیەتی ئەو پە یامە بگەیەنێتە دوژمن, کە ئێمە وەک کورد جیاین لە ئێوە, ئەگەر ئێوە زمانی تایبەتی خۆتان ھەبێت, ئەوا ئێمەش وەک کورد زمانی خۆمان ھەیە.لێرەوەش ھەموو ئەو جیاکاریانە دەردەکەون, کە کورد وەک نەتەوەیەک, لە ئەوانی تر, کە مەبەست دوژمنەکانیەتی جیا دەکاتەوە.ھەروەک شاعیر خۆشی ئەوانی تر وەک بێگانە, دەناسێنێت, ئاشکراشە بێگانە چ مانایەک دەگەیە نێت.بەڵام زمان لەو دەربرینە شیعریەدا مانایەکی تریش دەگەیەنێت, کە ئەویش ھێمایەکە بۆ مەرگدۆستیەتءجەڵادیبوونی دوژمنانی کورد.کە مانای ژیاندۆستیء بەزەیی نازانن. زمان دەلالە تێکەو بۆ نەتەوەیەک تێنوو بە خوێن رشتنء چەوسانەوەی ئەوانی تر.کە ئەویش دوژمنانی کوردن. ئەوان لە رێی زمانەکەیانەوە, ئەو شوناسەی خۆیان دەردەخەن, کە چەنێ مەرگدۆستءشەرانگێزءبێ بە زەیین.کەواتە زمانی ئەو کەسانە,زمانی ئەو بوونەوەرە نییە, کە پێی دەوترێت مرۆڤءچەندین,خەسڵەتی مرۆڤانەی خۆی ھەیە, کە پێی دە ناسرێتەوەو دەشێ لە رێی زمانەکەیەوە, گوزارشتی لێبکات.بە پێچەوانەوە, بە لکو زمانی کە سانێکن, کە ھیچ خەسڵە تێکی مرۆڤانەیان تیادا بەرجەستە نییە, کە دواجار بە ھۆیەوە, شوناسی مرۆڤیان پێ بدرێت.کەواتە ئەگەر زمان,ئەو تایبەتمەندیە بێت, کە شوناسێک بە مرۆڤ دەداتءجیای دەکاتەوە لە بوونەوەرەکانی تر, ئەو بێگومان لەو دەقەی شاعیردا, زمان ھەڵگری ئەو خەسڵەتە نییە.بە پێچەوانەوە بە لکو ئەوان لە بنەرەتدا, لە ئەرکء پەیامی زمان ناگەنءزمان بۆ ئەوان, واتە دوژمنان, لە بنەرەتدا ھیچ ماناو رەھەندێکی مرۆڤانەی نییە. بەو مانایەی کاتێ مرۆڤ لە رێی زمانەوە, داوای نزاء پارانەوەو ھاوکاری لە ھاو شوناسەکەی دەکات, ئیدی لەو رێگەیەوە مرۆڤەکان بە تەنگ یە کتریەوە دێن. بەڵام لەو شیعرەی شاعیردا دەبینین,ئەوانی تر کە مەبەستی شاعیر لێیان دوژمنەکانی کوردن,تەنانەت لە زمانی کە سانی تریش ناگەن.ھەروەک شاعیر خۆشی ئاماژەی پێدەکاتء دەڵێت:_
بێگانەکان مانای بەزەیی نازانن…
کە ئابڵوقەی شارێک دەدەن..
منداڵەکان..زراو رژاو..
دەزیرێنن….
لە زمانی منداڵ ناگەن…
لێرەدا کرداری تێنەگەیشتنی بێگانەکان, لە رێی زمانەوە لە ئەوانی ترء تەنانەت زمانی منداڵیش, لە رووێکەوە ھێمایە بۆ جیاکردنەوەی, شوناسی دووکەس لە یەکتری, کە دواجار ھەر یە کێکیان, سیبمبولە بۆ نەتەوەکەی.کە ئەمە ش دەریدەخات جیاوازی نەتەوایەتی کورد, وەک نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی تر,لە رێی زمانەوە بە رجەسە دەبێت,بەو مانایەی ھەر نەتەوەیەکءھەڵگری زمانێکی تایبەت بە خۆیەتی.ئەمەش وەڵامێکە بۆ ھەموو ئەوانەی, بۆچوونیان وایە کەکورد نەتەوە نییە. بۆیە شاعیر مەبەستیەتی, زمان بکاتە ئەو سیمبولەی,کە نەتەوەی کورد جیا بکاتەوە, لە نەتەوەکاتی تر,کە بێگانەکانن. لە راستیدا ھەر ئەمەشە پەیامءخەونی گەورەی شاعیر.بەو پێیەی نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی بۆ شاعیر ,دواجار ئەوھەستەی لادروست دەکات, کە زمان وەک سیمبولێک بۆ بوونی نەتەوە,بە رجە ستە بکات.
بێگومان لێرەدا ئەگەر بێگانەکان,لە زمانی منداڵء نزاو تکای ژنەکانء جوتیارەکان نەگەنء ھەروەھا لە ھاواری درە ختەکانیش نەگەن, مانای وایە ئەوان تەنیا زمانێک دەزانن, لە دەرەوەی زمانی راستە قینەی مرۆڤەکان. لێرەوەش شوناسی مرۆڤبوون لە بێگانەکان دە سەنرێتەوە.چونکە سادەترین خەسڵەت کە مرۆڤی پێ لە بوونەوەرەکانی دیکەی ژیان جیابکرێتەوە زمانە, کاتێ ئەوانیش لە ماھیەتی زمان ناگەن, مانای وایە لە بوونی ھاوشوناسەکانیان ناگەن, کە وەک ئەوان مرۆڤن.لێرەوەش بۆ ئەوەی بێگانەکان,لە زمانی سروشتء منداڵء جوتیارءتەنانەت زمانی ئاشتیش بگەن, پێویستیان بەوەیە بە ھەمان ئەو زمانەی ئەوان,بدوێین.بەدەربرینێکی تر, کاتێ لە رێی زمانەوە,ئەوان نایانەوێت بەزەییان بە منداڵ دابێتەوەولە ھاواری درەختەکان بگەن, ئەوا شاعیریش ناچارە پەنا وەبەر زمانێکی دیکەی ھاوشانی زمانی ئەوان ببات.ئەگەرچی پەنا بردنە بەر ھەمان زمانی بێگانەکان, لە دەرەنجامی بروابوونەوە نییە بە ھەمان ئەو زمانەی ئەوان. بە پێچەوانەوە بە لکو واقیعێک ناچاری دەکات.دوای ئەوەی بێگانەکان لە زمانی درەخت ناگەنء بەزەییان بە مرۆڤ دانایەتەوە, ئیدی شاعیریش ناچارە بە ھەمان ئەو زمانءلۆژیکەی ئەوان, وەڵام بداتەوە.ئەو زمانەی بێگانەکان, بروایان پێیەتی. بۆیە ئەمجارە دەڵێت:_
ژنەکانیش بە کوڵ دەگرین..
ھەتا لە گریانیش ناگەن…
بێگانەکان…
لە زمانی ئاشتیءبرایەتی ناگەن..
تەنیازمانێ تێیدەگەن..
پێشمەرگەیە…
ئەویش تفەنگەو پارێزگاری..
ئەم خاکەیە..
ئەگەر سەرنج لە ناوەرۆکی ئەو کۆپڵە شیعریە بدەین دەبینین, شاعیر ھەرگیز بروای بە زمانی شەروکوشتنءخوێن رشتن نییە, بە پێچەوانەوە بە لکو ئەوە بێگانەکانن ئێمە ناچار بەو زمانە دەکەن.بۆیە دوای ئەوەی بێگانەکان نایانەوێت, لە زمانی ئاشتیء برایەتی بگەن, ئەوا دەبێت بە ھەمان ئەو زمانەی ئەوان وەڵامیان بدرێتەوە, کە ئەویش زمانی تفەنگە, لە بڕی زمانی قسەکردنءدیالۆگ.بەڵام لە چ کاتێکدا پە نا دەبردرێتە بەر ئەو زمانە؟بێگومان کاتێ زمانی ئاشتیءبرایەتی لای ئەوان, ھیچ بایە خێکی نەبوو.لێرەوەش شاعیر مەبەستیەتی ئەو پە یامە بگەیەنێت, کە دۆزی کورد( کە ئەو وەک پێشمەرگەیەک خەباتی تیادا کردوە)دۆزێکی ئاشتیخوازانەیەو, کورد وەک نەتەوەیەک ھەرگیز بروای بە کوشتنء زمانی چەکء خوێن رشتن نییە, بگرە ئەو بێگانەکانن لە بەزەییء ھاواری منداڵەکانیش ناگەنءھەوڵی سوتاندنی رەزوباغءسروشتیش دەدەن.بێگومان کاتێکیش خاکءنیشتمانمان کەوتە ژێر پۆستاَلی رەشی دوژمنان, ئەوا ئەرکێکی مۆراڵیء نیشتمانییە, کە داکۆکی لە خاکءسەربەستی نەتەوەونیشتمان بکەینء لەورێگەیەوە گیانمان ببە خشین. لێرەدا گرنگە ئەوە روونبکەینەوە, کە بروا بوونی شاعیربە زمانی چەک, بروابوون نییە بە مەرگدۆستیەتءشەر. بە پێچەوانەوە ئەوە بێگانەکانن, کە جگە لە زمانی تفەنگ لە ھیچ زمانێکی تر ناگەن.بۆیە لە روانگەی شاعیر دەبێت بە ھەمان ئەو زمانەی ئەوان, وەڵامیان بدرێتەوە. چەک لەو دەربرینەی شاعیردا,سیمبولێکە بۆ گە یشتن بە ئازادیء سەربەستی. لێرەدا چەک ئامرازێکە کە دەمانگە یەنێتە, ژیانێکی ئازادترو بە شکۆتر. بۆیە لە پێناو گەیشتن بەو ژیانەش دەبێ, زمانی چەکء پێشمەرگە وەڵامی بێگانەکان بدەنەوە. ئەگەر چەک نیشانەیەک بێت, بۆ شەرو کوشتنءخوێنرشتن, ئەوا لە و شیعرەی شاعیردا, سیمبولێکە بۆ ئازادکردنی نەتەوەو نیشتمان.ئەگەر چەک ھەمیشە گوزارشت بێت بۆ جەنگء ماڵوێرانکاریء سرینەوەی ژیان, ئەوا لەو دەربرینەی شاعیردا مانایەکی تر دەگە یەنێت کە ئەویش, ئازادکردنی نەتەوەو نیشتمانە. چەک ئامرازێکە بۆ سەندنەوەی ژیانێک لە دوژمن, کە ئازادی تیایدا ونە. چەک ئامرازێکە بۆ داکۆکیکردن, لە بوونء ناسنامەی نەتەوەایەتیمان.بەبێ لولەی چەکەکان, بە تایبەتی لەوکاتدا, بوونمان دەکەوتە بەر ھەرەشەی مەترسیء نەمان, بۆیە لە پێناو پارێزگاریکردن لەو ناسنامەیەدا,دەبێ پەنا ببەینە بەر تفەنگ. ئەگەر سەرنجیش لە ناوەرۆکی شیعرەکە بدەین دەبینین, دوایین زمانی لێک تێگەیشتنی ئێمە لە گەڵ بێگانەکاندا زمانی تفەنگە. لۆژیکی تفەنگ لەو کاتانەدا دەبێتە زمانی وەڵامدانەوەی ئێمە بۆ بێگانەکان, کە ئەوان دواجار لە زمانی ئاشتیء برا یەتی ناگەنء مانای بە زەیی نازانن.کاتێکیش نایانەوێت لەزمانی ئاشتی پێکەوە ژیان بگەن, ئەوا دواجار دەبێ بە ھەمان ئەو زمانە وەڵامیان بدرێتەوە, کە بروایان پێیە.شاعیر مەبەستیەتی ئەو پەیامە بگەیەنێت,کە کورد وەک نەتەوەیەک, ئاشتیخوازەو ھەرگیز لەگەڵ شەرو خوێن رشتن دانییە. وەلێ ئەوە بێگانەکانن, کە مەبە ست دوژمنانی کوردە, بروایان بە زمانی ئاشتیء بەیەکەوە ژیان نییە, بۆیە دەبێت بە زمانی پێشمەرگەو تفەنگ, وەڵامیان بدرێتەوە. لەو شیعرەی شاعیردا, ھەموو توخمەکانی دیکەی ژیان لە نێویشیاندا سروشت, فۆرمێکی بەرگریکارانە, لە ھەمبەر دوژمنان وەردەگرن, ھەموو ئەو جیاوازیانەی لە نێوان بێگانەکانءسروشتء درەختەکان داھەیە, دەلالەتێکن بۆ جیاکردنەوەی کورد وەک نەتەوەیەک, لە نەتەوەکانی تر کە بێگانەکانن. کاتێ سروشت لە زمانی ئاگر بەدەستەکان ناگات, وەک شاعیر ئاماژەی پێدەکات, مانای وایە ھەڵگری دوو زمانی لە یەکتر جیان. ھەموو جیاوازیەکیش لە زماندا, بە مانای جیاوازیە, لە بوونء ناسنامە. بۆیە شاعیر دواجار بە بێگانەکان دەلێت, کە درەختەکانی نێو سروشتی ئێمە, لە زمانی ئێوە ناگەن,کەواتە ئێرە شوێنء وڵاتی ئێوە نییە.بۆیە دەبێت جێی بھێڵن. دەنا بە لولەی تفەنگەکانءزمانی پێشمەرگە دەرتان دەکەین.کە بێگومان سەرەنجامیش لە گەڵ بێگانەکاندا, ھەر ئەو زمانە سەرکەوت, کەشاعیر لە شیعرەکەیدا, ئاماژەی بۆ دەکات, کە ئەویش زمانی تفەنگء پێشمەرگەیە…
sadiqrwandze@yahoo.com
تێبینی/ زمان, کورتە شیعرێکی خولێخۆشبوو( ئەبوبەکر خۆشناو)ی شاعیرە, لە ژمارە(١٥٨)رۆژنامەی(بدرخان) بڵاوکراوەتەوە……
*لە ھەفتەنامەی( رێگای کوردستان)، ژمارە (٩٨٨) ،(٩٨٩) بڵاوکراوەتەوە .