دکتۆر دانا سەعید: ئەگەر ئەدای پەرلەمان وەک پێویست نەبێ، ئەوا بەشێکی زۆری خەتاکە دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمانتاران
چاوپێکەوتن: توانا تەھا : دکتۆر دانا سەعید سۆفی، پەرلەمانتاری کوردستانی لەم چاوپێکەوتنەی ھەفتەنامەی زاری کرمانجیدا باس لە ئەدای پەرلەمان دەکات و رایدەگەینێت کە”ئەگەر ئەدای پەرلەمان وەک پێویست نەبێ، ئەوا بەشێکی زۆری خەتاکە دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمانتاران”. ئاماژە بەوەش دەکات “پەرلەمانتاران لەو بەرپرسیارێتی و ئازادییەی کە بەپێی یاسا ھەیانە رادەکەن و دەیدەنەوە دەستی ناوەندە حیزبییەکان، بەو پێیەی پەرلەمانتاران مەجبوری حیزبن بۆ ژیانیان لە ئێستاو ئایندەیاندا”.
* ئەگەر سەرەتا لەوە دەست پێبکەین، بەرێزتان پێشتر چەند جارێک بڕیاری ئەوەتان دابوو کە دەست لە ئەندامێەتی پەرلەمان بکێشینەوە، ئایا ھۆکاری ئەم بڕیارەت چی بوو؟
– لەراستیدا من بڕیاری دەست لەکارکێشانەوەم تا ئێستا نەداوە، بەڵام چەند جارێک بیرم لێکردۆتەوە و نزیک بووم لە دەست لەکارکێشانەوە، دیارە ئێستاش خەیاری دەست لەکارکێشانەوە لەبەردەمم دایە، بەڵام ئەوەی منی راگرتووە لەو بڕیارە متمانەی ھاووڵاتیان و ئاسودەکردنی ویژدانی خۆمە، من وتوومە تا ئەوکاتەی کە دەتوانم سەربەخۆو ئازادانە کاربکەم و جێی متمانەی ھاووڵاتیان بم ئەوا لەکاری پەرلەمانتاری بەردەوام دەبم، بەڵام ئەگەر رێگریم لێبکرێ و نەتوانم دەنگی ھاووڵاتیان بم لە پەرلەمان و لە پرۆسەی سیاسیدا، ئەوا بێ دوودڵی دەست لەکارکێشانەوە باشترین رێگەچارەیە. من کە سوێندی پەرلەمانتاریم خوارد، خۆم خستە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییەی کە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی ھاووڵاتییان بکەم و ھەروەھا کار بۆ دادپەروەری و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ بکەم، ئەگەر لەسەر ئاستی دامەزراوەییش ئەم ئامانج و ئەم سوێندە قابیلی جێبەجێکردن نەبێ لە رەوشی ئێستای ھەرێمی کوردستان، خۆ دەتوانم لەسەر ئاستی گوتار بەرگری لێبکەم.
* وەک دیارە پەرلەمانی کوردستان چەند خولێکی تەواو کردووەو خەریکە پێدەنێتە خولێکی دیکەش، لێرەو لەوێ قسەیەک ھەیە کە گوایە پەرلەمانی کوردستان نەی توانیوە وەکو پێویست ئەدا بکا؟ بۆچوونی بەڕێزتان لەسەر ئەمە چییە؟
– ئەمە راستە، پەرلەمانی کوردستان بە ھەر سێ خولیەوە نەیتوانیوە رۆڵی راستەقینەی خۆی بەجێبگەیەنێ. دیارە ھەندێ جیاوازی ھەیە لەنێوانی خولەکانی پەرلەماندا، بەڵام ئەم جیاوازیانە نەوعی نین، بەو مانایەی ئێستا دەتوانین بڵێین لە خولی سێی پەرلەمان جموجۆڵی زیاتر بە پەرلەمانەوە دەبینرێ، بەڵام پەرلەمان بە شێوەیەکی گشتی پەراوێزخراوەو و لەژێر رەحمەتی حیزبەکاندا دایە، بەشێوەیەک کە ئەجێندای حیزبیی رەنگدانەوەی تەواوی ھەیە لە دانانی بەرنامەی کاری پەرلەمان، لە داڕشتنی یاساکان، لە ھەڵوێستی پەرلەمانتاران، ھەروەھا لە چاودێریکردنی حکومەت، ئیدی سەربەخۆیی و کارکردی پەرلەمان لە دەستی حیزبەکان دایە.
*لە کاتی سەرۆکی پێشوی پەرلەمان و ئێستاش کە سەرۆکێکی دیکەی ھەیە، ھەتا زۆرێک لە ئەندام پەرلەمانەکانیش باس لەوە دەکەن کە سەرۆک پەرلەمانەکان بڕیاری تاک لایەنە دەدەن و ھەر بڕیاری خۆیان ئەسەپێنن؟ ئایا ئەمە لە دونیادا ھەیە؟
– نەخێر، دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان لە پەرلەمانەکانی وڵاتانی دیموکراسی و دەوڵەتی قانووندا بەپێی یاسا دیاریکراوەو لە ئیدارەدانێکی ئۆتۆماتیکییانەی کاروبارەکانی پەرلەمان تێناپەڕێت. بەڵام لای ئێمە ئارەزوو و میزاجی سەرۆکیان سەرۆکایەتی پەرلەمان کاریگەری تەواوی ھەیە لەسەر دانانی بەرنامەی کار و بەڕێوەبردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان، ئەم دەسەڵاتە زۆرەی سەرۆکەکانی پەرلەمان لەسەرحیسابی خودی دەزگای پەرلەمان و ئازادی پەرلەمانتاران بووە. لە راستیدا لەرووی دامەزراوەیی و پەیڕەوی لەیاسا لەوانەیە رەوشی پەرلەمان لەزۆر لە دامودەزگا باڵاکانی دیکەی ھەرێم باشتر بێ، سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی دامودەزگاکانی ھەرێم تا ئەندازەیەکی زۆر لە دەسەڵاتی رێگەپێدراوی خۆیان زیاتر پەیڕەو دەکەن، ئەم حاڵەتە وادەکات کە دامودەزگاکان ببن بە موڵکی سەرۆک و بەرپرسەکان.
*ئایا پەرلەمانتارەکان خۆیان کەم و کوڕیان نییە، بۆنمونە نەکەوتوونەتە ژێر ھەژموونی حزبەکان تا ئەوەی پەرلەمان بەو شێوەیە بەڕێوەبچێت؟
– بێگومان ئەگەر ئەدای پەرلەمان وەک پێویست نەبێ، ئەوا بەشێکی زۆری خەتاکە دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمانتاران. بەداخەوە پەرلەمانتاران لەو بەرپرسیارێتی و ئازادییەی کە بەپێی یاسا ھەیانە رادەکەن و دەیدەنەوە دەستی ناوەندە حیزبییەکان، بەو پێیەی پەرلەمانتاران مەجبوری حیزبن بۆ ژیانیان لە ئێستاو ئاییندەیان، بۆیە ئەوەی سەرەڕۆ و سەرکێش بێ بەرامبەر بە حیزب وەک شێت و نائاسایی تەماشای دەکرێ بەپێی فۆرمە باوەکە. خەلەلەکە لە پرۆسەی دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ پەرلەمان لەلایەن حیزبەکانەوە دەست پێدەکات، کە نە لەپرۆسەیەکی دیموکراسی ناوخۆیی حیزب دیاری دەکرێن، نە بە پێی پسپۆڕی و شارەزایی، بەڵکو لەسەر بنەمای بەشبەشێن و باڵباڵێنء بەبێ گوێدانە تواناو کارامەیی کاندیدەکان بۆ ئەرکی پەرلەمانتاری. لە ئێستادا پەرلەمانتاران بە لە بوونیان بە پەرلەمانتار لەلایەن حیزبەکانەوە بە پرۆسەیەکی ناشەفافەوە متمانەیان پێدەدرێ، بەڵام لە کاتی کارکردنیان وەک پەرلەمانتار متمانەیان لێدەسەنرێتەوە بەوەی ھەمیشە وابەستەن بە ناوەندە حیزبییەکان لە ھەڵوێست وەرگرتن دا. تۆ ناتوانی چاوەڕوانی ئەدایەکی کاریگەر لە پەرلەمانتارێک بکەیت کە نەتوانێ سەربەخۆیانە ھەم لە بەرژەوەندی خەڵک ئیش بکاو ھەم تێگەیشتنی بۆ ئایدۆلۆژیای حیزبەکەی ھەبێ. ئێمە ناتوانین پەرلەمانتار و حیزب بەتەواوی لێک جیا بکەینەوە لە گەمەی سیاسیدا، ھەمیشە پەیوەندییەک ھەیە لە نێوانی پەرلەمانتار و حیزب، بەڵام ئەم پەیوەندییە پێویستە بەشێوەیەکی ئۆڕگانیکی بێ نەک دینامیکی، واتە لەسەر بنەمای راوێژ و دیالۆگی ھاوبەش، نەک لەسەر بنەمای بڕیاردەرو جێبەجێکەر، یاخود ھەر شتێکی کە حیزب فەرمانی پێ بکا، ئەو کاتە ئێمە ناتوانین باس لە پەرلەمانتاری راستەقینە بکەین، بەڵکو ئەم حاڵەتە دەبێتە پەرلەمانتاری کارتۆنی. بەھەرحاڵ پەرلەمانتار دەبێ سەرپشک بێ لە نێوانی ناسنامەی حزبی و ناسنامەی پەرلەمانتاری، ئەگەر پێویست بکا دەبێ ناسنامەی پەرلەمانتاری و بەرژەوەندی گشتی بخاتە پێش ناسنامە و بەرژەوەندی حیزبی.
*پێتان وایە پەرلەمانی کوردستان وەک پێویست توانیبێتی لێپێچینەوە لەبەرپرسان بکات؟
– بەدڵنیاییەوە پەرلەمان نەیتوانیوە ئەرکی چاودێریکردن و لێپرسینەوەی حکومەت بەباشی بەجێ بگەیەنێت، مێژووی پەرلەمان شایەتی ئەوەیە تائێستا نەتوانراوە متمانە لە وەزیرێک بسەنرێتەوە یان بەرپرسێک لەسەر کار لابدات. لەراستیدا ئەگەر وەزیرێک ھەڵەیەکی گەورە یان سەرپێچیەک بکات، پێویستە خۆی دەست لەکار بکێشێتەوە، یان سەرۆکی کابینەکە داوای دەست لەکارکێشانەوەی لێبکات، بەڵام لای ئێمە ئەمە روونادات لەبەر سومعەی ئەو حیزبەی کە وەزیرەکە نوێنەرایەتی دەکات. بەڕای من حیزبەکانی لای ئێمە تێگەیشتنێکی ھەڵەیان بۆ ئەم مەسەلەیە ھەیە، ئەوان حیساب بۆ ئەوە ناکەن کە ئەگەر حیزبێک وەزیرێکی خۆی لەسەرکار لادا بە ھۆی ئەدای خراپەوە، ئەوا متمانەی جەماوەر بۆ حیزبەکە دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو وەزیرە یان بەرپرسە لەسەر کار مایەوە سەرباری ھەڵەو سەرپێچی، ئەوا جەماوەر حیزبەکە بە کەمتەرخەم لە قەڵەم دەدات کە گوێ بە ویست و داخوازی جەماوەر نادات، بەڵام بەداخەوە حیزبەکانی ئێمە پۆستەکان بە ھی خۆیان دەزانن و ئەگەر دەست بۆ وەزیرەکانیان درێژ بکەیت وا لێکی دەدەنەوە کە پەنجەی تاوان بۆ حیزبەکەیان درێژ دەکەیت.
*قسەیەک ھەیە لەسەر ئەوەی کە ئەو رۆڵەی پەرلەمان دەبوو ھەی بێت، تا ئێستا نەی توانیوە وەکو پێویست کاری لەسەر بکا رۆڵی بەرچاوی خۆی ببێنیت؟
– بێگومان پەرلەمان رۆڵەی راستەقینەی خۆی نەگێڕاوە و لە زۆر بواردا پشتگوێ خراوە، بۆ نموونە لە سیاسەتی دەرەوەی ھەرێم و پەیوەندی ھەرێم بە بەغداوە، ئەسلیەن ئەو مەلەفە بە پەرلەماندا تێناپەڕێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە پێشتریش باسمان کرد پەرلەمان بە ھۆی ململانێی حیزبییەوە نەیتوانیوە دەوری خۆی لە چاودێریکردنی حکومەت بەباشی وازی بکات، خەڵکی چاوەڕوانی زیاتر لە پەرلەمان دەکەن بۆ کارکردن لەسەر داخوازی و خەونەکانیان، بەداخەوە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان بەر لەوەی ھەوڵ بدەن لە ئاست داخوازییەکانی خەڵک دابن، ھەوڵ دەدەن لە ئاست داخوازی حیزبەکانیان دابن، ئەمە لەکاتێکدا پێویستە داخوازی خەڵک جیانەکراوە بێ لە داخوازی حیزبەکان، بەڵام ھەر حیزبەو بەشێوازی جیاواز ئیشی لەسەر بکات.
* بۆچوونی بەرێزتان چییە لەسەر ئەوەی کە ئەندامێکی پەرلەمان کە چوار ساڵی پەرلەمان کار بکات و دواتر خانەنیش بکرێت؟
– بەرای من دەبێ پێداچوونەوە بە پرسی خانەنشینی پەرلەمانتار و وەزیرو ھەموو پلە تایبەتییەکان بکرێت، بەشێوەیەک کە رەچاوی دادپەروەری بکرێت بەبەراورد لەگەڵ چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵ، بەبەراورد لەگەڵ خانەنشینی کارمەندەکانی دیکەی دامودەزگاکانی وڵات. لە خانەنشینی پەرلەمانتار و پلە تایبەتییەکانی دیکە پێویستە حیساب بۆ وەزیفە و کاری پێشوویان بکرێت، واتە حیسابی تەمەن بکرێت، ھەروەھا ناشکرێت بۆ ئەوەی کە تەمەنی کەمەو پیشە و کاری تری نەبووە پیشتر خانەنشینیەکەی بۆ ھەتا ھەتایە بێت.
*ئۆپۆزیسیۆن زۆرجار گازاندەی ئەوە دەکات کە ھەرکاتێک بۆ لێپێچینەوە بەرپرسێک بانگێشتی پەرلەمان دەکرێت، بەزۆرینەی دەنگ لەلایەن ھاوپەیمانی کوردستان بە چەپڵەرێزان پێشوازی لێدەکرێت و بەڕێش دەکرێت؟
– من چاوەڕوانییەکی زۆرم نییە لەو متمانە بەخشین یان لێپێچینەوانەی کە لەپەرلەمانی کوردستان روودەدەن، من ئەم پرۆسانە بە پرۆسەیەکی حەقیقی نازانم و ھەڵوێستی پەرلەمانتارانیش لەو کاتانەدا بە ھەڵوێستی حەقیقی نازانم، زۆر پەرلەمانتار ھەیە ئەگەر بە ویستی خۆی بێ بەشێوەیەکی جیا دەنگ دەدات، بەڵام وەک پێشتر باسمکرد، بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران دەستیان بەستراوەتەوەو ھەڵوێستیان تەعبیر لە ناخیان ناکات. بۆیە متمانەی راستەقینەو لێپێچینەوەی راستەقینە لای ھاووڵاتیان و لە دادگای جەماوەرە، نەک پەرلەمان، لە کاتێکدا دەبوایە پەرلەمان تەعبیری لە ویستی جەماوەر بکردایە بە پێی ئەوەی کە نوێنەرایەتی جەماوەر دەکات.
* ئایا دەبوو حیزبەکان بەو شێوەیە بن، یان لەسەر ئەساسی فیکرو ئایدیۆلۆژیا بێت، نەوەک پێچەوانەوە دەسەڵات و شتی دیکە کە ئێستا لە پەرلەمان ھەیەو بەشێکی زۆری ئەندام پەرلەمان رەنگە تەنیا بەناو ئەندامی پەرلەمان بێت و کاری تەنیا دەست بەرزکردنەوەبێت؟
– بێگومان ئەگەر پرۆسەی سیاسی و ململانێی نێوان ھێزە سیاسییەکان خاڵی بێت لە جیاوازی لە پرەنسیپی فیکری و ئایدۆلۆژی، ئەگەر بەرژەوەندی حیزبی و کەسی لە بابەتی دەسەڵاتخوازی و پاوانخوازی ئاڕاستەی ململانێکان دیاری بکەن، ئەوا ناتوانین چاوەڕوانی شتێکی دیکە بکەین غەیری کارەساتی سیاسی. دەتوانم بڵێم کە گەمەی سیاسی لە کوردستان ئێستا لەسەر بنەمای جیاوازی فیکری و ئایدۆلۆژی ناکرێت، بەڵکو بزوێنەری سەرەکی بریتییە لە دەسەڵات خوازیی و بەرژەوەندی ماددی رووت. بێگومان ئەم حاڵەتە گوازراوەتەوە بۆ پەرلەمان، چونکە حیزبەکان ئەکتۆری سەرەکین لە گەمەی سیاسیدا کە بەشێکی گەورەی ئەم گەمەیە بە پەرلەماندا تێدەپەڕێت. بێگومان لە بارێکی وادا پەرلەمانتار ناتوانێ رۆڵی راستەقینەی خۆی وازی بکات، لەبەر ئەوەی ویستی حیزب بۆتە ویستی ئەویش، ململانێی و بەرژەوەندی حیزب بۆتە ململانێی ئەویش، بۆیە دەست بەرزکردنەوە دەبێتە کارێکی ئۆتۆماتیکییانەی پەرلەمانتار. حاڵەتی دەست بەرزکردنەوەی ئۆتۆماتیکیانەی پەرلەمانتار بۆ ھەردوو بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن راستە.
*بەو پێیەی کە لەپەرلەمانی کوردستان، ئۆپۆزسیۆن ھەیەو دەنگ ھەڵبڕین ھەیەو تا راددەیەک خەڵک پێیان وایە ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن ھەولی بۆ دەدات لەبەر ژەوەندی خەڵکی فەقیرو ھەژارە، بە پێچەوانەشەوە ھەندێک لایەن پێیان وایە ئەمانە تێکدەرن و چاویان بەم ئەزموونە ھەڵنایەت، بۆچوونی بەرێزتان؟
– دەکرێ ھەڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن لە بەرژەوەندی خەڵک دابێ، بەڵام لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش سەرەتا بیر لە بەرژەوەندی حیزبی خۆیان دەکەنەوە لەو ململانێ حیزبییە دوژمنکارانەی گەمەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان دا، ناتوانین بەچاوی تێکدەر تەماشای لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکەین، بەڵکو وەکو چەند ئەکتۆرێکی گرنگی ناو پرۆسەی سیاسی لەھەرێم دەبێ لێیان بڕوانین، چونکە بەبێ بوونی ئۆپۆزیسیۆن ناتوانین باس لە پەڕینەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی بکەین، بەڵام بێگومان ھەموو حیزبەکانی ھەرێم لێوانلێون لە کەموکوڕی، بە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، لەرووی پرەنسیپی رێکخراوەیی و ژیانی دیموکراسییانەی ناو حیزب و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر و لە شیوازی مامەڵەیان لەگەڵ دامودەزگاکاندا.
* دکتۆر دانا سەعید، ماوەیەک لەمەوبەر دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و دەنگدانەوەی زۆری ھەبوو لەلایەن شەقام و لایەنە سیاسییەکان، ئایا چۆن بوو بڕیارێکی وەھات دا، پێچەوانەی زۆرینەی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان؟
– لەراستیدا من دەنگی خۆم نەخستۆتە پاڵ دەنگی ئۆپۆزیسیۆن، من ھەڵوێستی تایبەتی خۆم ھەبووە و ھەیە. من نەبەنەفەسی ئۆپۆزیسیۆن، نەبەنەفەسی دەسەڵات ئیش ناکەم، ئەرک و بەرپرسیارێتی من وەکو پەرلەمانتار بەیاسا رێکخراوە، ئەویش پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و مافی ھاووڵاتیانە، ھەروەھا چاودێریکردنێکی راستەقینەی حکومەتە، بۆیە ھەڵوێستی من لە داخوازی و ویست و خەمەکانی جەماوەرەوە سەرچاوە دەگرێ، من ناتوانم ناحەقی قەبوڵ بکەم، من لایەنگری ناحەقی ناکەم، جا ئەو ناحەقییە لە بەرژەوەندی حیزبەکەم، فراکسیۆنەکەم یان لە بەرژەوەندی ئۆپۆزیسیۆن بێ، بۆ من لە ھەڵوێست وەرگرتن دا بەرژەوەندی جەماوەر سەرمەشقە، نە حیزبەکەکەم و نە ئۆپۆزیسۆن نابنە ھۆی ھەڵوێست وەرگرتنم، چونکە ھەموو حیزبەکان سەرەتا بیر لەبەرژەوەندی تایبەتی خۆیان دەکەنەوە ئینجا بەرژەوەندی خەڵک، بۆ من بە پێچەوانەیە.
* دواپرسیار بەوە کۆتایی پێدێنم ئایا لە کوردستان کۆمەڵگەی مەدەنی بوونی ھەیە، ئەگەر نییە کێ لەوە بەر پرسە؟
– وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە چ پێناسەیەک کە دەدەینە پاڵ کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەگەر مەبەستمان لە کۆمەڵگەی مەدەنی سێکتەری سێیەم بێ لە پاڵ ھەردوو سێکتەری سیاسەت و بازاڕ، ئەوا بێگومان دەتوانین بڵێێن کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان بوونی ھەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم سێکتەرێکە وەک پێویست گەشەی نەکردووە. ئەگەر لە کۆمەڵگەی مەدەنیش مەبەستمان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی یان رێکخراوە ناحکومییەکانە، ئەوا دەتوانم بڵێم کە مێژوویەکی کورتیان ھەیە، ھەرچەندە لەم ساڵانەی دوایی ژمارەیەکی زۆر رێکخراو دامەزراون، بەڵام بەشیوەیەکی گشتی نەیانتوانیوە کار لەسەر ئامانجە راستەقینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن، ھۆکارەکانیشی تا رادەیەک ئاشکران، نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە کاروباری رێکخراوەکان بەشێوەیەکی دروست رێکبخات، دەستێوەردانی حیزبی، بەکارھێنانی بواری رێکخراوەکان وەک سەرچاوەیەکی دارایی، ھەروەھا نەبوونی تواناو شارەزایی تایبەت لای چالاکوانان و رێکخراوەکان، ئەمانە ئەو ھۆکارانەن کە تائێستاش بە شێوەیەکی نێگەتیڤ ناھێڵن کۆمەڵگەی مەدەنی ببێتە ئەو سێکتەرە سێیەمەی کە ھاوتای سێکتەرەکانی تر بێ و کاریگەری خۆی دابنێ لەسەر پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان.