مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” لە دەرهێنانی “توورج ئەسڵانی”، بە ڕاوێژکاری سیناریۆ و بە ڕۆڵ بینینی “بەڕۆژ ئاکرەیی” شاعیر، وەرگێڕ، فۆتۆگرافەر و چیرۆکنووسی ناوداری کورد و کاندیدی دوو خولی خەڵاتی ئەدەبی “هووشەنگ گوڵشیری” لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.
فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی”، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” MAAD Movie و هەروەها بەرهەمی هاوبەشی “ڕەز هەڵکەوت ڕەشید” لە هەرێمی کوردستان و سووریا، بە ڕاوێژکاری سیناریۆ و بە ڕۆڵ بینینی “بەڕۆژ ئاکرەیی” شاعیر، وەرگێڕ، فۆتۆگرافەر و چیرۆک نووسی ناوداری کورد و کاندیدی دوو خولی خەڵاتی ئەدەبی “هووشەنگ گوڵشیری” چیرۆکنووسی ناودار و بیرمەندی ئێرانی، بڕیاروایە لە ڕۆژی جەژنی قوربان واتە 20ی جوولای 2021 و هەروەها لە ڕۆژانی دوایی نمایشەکەی لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان دەست پێبکات و لە درێژەدا بچێتە سەر پەردەی سینەماکانی شارە جۆراوجۆرەکانی وڵاتی عێراقیش.
“بەڕۆژ ئاکرەیی” ساڵی 1963 لە کوردستانی عێراق لە دایک بووە. لە ساڵی 1975 دوای شکستی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردەکان، بە هاوڕێیەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی، ڕوویانکردە ئێران. بەڕۆژ، پازدە ساڵ لە ئێران و بیست و یەک ساڵیش لە وڵاتی سوید ژیانی بەسەر برد و ئێستا دوازدە ساڵ دەبێت کە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان. ئاکرەیی بە زمانی کوردی پێنج کۆمەڵە شیعری هەیە. ڕخنە دەنووسێت، شیعر و وتار وەرگێڕێت، بە کامێڕاکەی فۆتۆگرافەری دەکات و سیناریۆش دەنووسێت.
ئاکرەیی کۆمەڵێک بەرهەمی بەپێزی لە مەولانا، ئەحمەد شاملوو، فرووغ فەڕوخزاد، یەدوڵڵا روئیایی، بەهرام بەیزایی، سۆهراب سپێهری، محەمەدعەلی سپانلوو، هووشەنگ گوڵشیری، غوڵامحوسێن ساعیدی، مەهشید ئەمیرشاهی، سەفدەری، سەردۆزئامی، ڕەبیحاوی، حوسێن ئابکنار، کوروش ئەسەدی، زیاء مووەحید، موڕتەزا سەقفیان، عەبدوالعەلی عەزیمی، مەحموود داوودی، عەلی خودایی، مەهسا دێهقانی پوور و … بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و بڵاویی کردوونەتەوە.
وتووێژەکانی بەڕۆژ لەگەڵ هەندێک لە نووسەران و شاعیرانی ناودار و پێشەنگی ئێرانی لەوانە: ئەحمەد شاملوو، هووشەنگ گوڵشیری و … لە گۆڤارە کوردی و فارسییەکاندا چاپ و بڵاوکراوەتەوە کە لە لایەن هۆگرانەوە پێشوازییەکی بێوێنەیان لێکراوە.
ئاکرەیی بە فارسی تەنیا چیرۆک دەنووسێت. “ئێمە لێرەین” (ما اینجا هستیم) یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی ئەوە کە لە لایەن بڵاوکەرەوەی “نیلووفەر” و بە هاوکاری ناوەندی “هووشەنگ گوڵشیری” چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دووهەمین کۆمەڵە چیرۆکی بەڕۆژ بە ناوی “شتێک لەم دەورووبەرە” (چیزی در همین حدود) کە لە لایەن دەزگای “چەشمە” لە وڵاتی ئێران چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
“بەڕۆژ ئاکرەیی” لە یەکەمین ئەزموونی سینەمایی خۆیدا لە فیلمی سینەمایی “شوێنێک بۆ یاری” Memories On Ston لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” وەکوو ئەکتەر، ڕۆڵی بینی کە لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی فیلم لە ئاستی جیهاندا نمایشکرا و چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیشی بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستهێنا و هەروەها لە ساڵی 2016 نوێنەری سینەمای وڵاتی عێراق لە هەشتاو هەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتی سینەمایی ئاکادیمیای ئۆسکار Oscar بوو.
لە “بێ نیشتمان”دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ “هانی موجتەهیدی” گۆرانیبێژی ناوداری کورد تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، هاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/landlessmovie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان” لە فهیسبووک:
https://www.facebook.com/landlessmovie/
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “بێ نیشتمان”.