سەدیق سەعید رواندزی:
یەکێک لەو پرسیارە ئەنتۆلۆژیء سیاسیء مێژوویانەی،بە درێژایی مێژوو، لە ھزری مرۆڤی کورد بێ وەڵام ماوەتەوە،پرسیاری نەبوونی ناسنامەء بێ شوناسی نەتەوەییە،لە ئاستی ئەوانیتردا.بەومانایەی بۆچی ئەویش وەک مرۆڤێک،ھاوشێوەی ھەموو مرۆڤەکانی تـر، لە ئاستی ناسیۆناڵیدا،بێ ناسنامەیە؟ بۆچی بێ خاکء بێدەوڵەتە؟ئەم بێ ناسنامەیە لە ئاستی ئەوانیتردابەتایبەتیش نەیارانی کورد،
بۆ ئێمە خەمێکی قوڵء ھەمیشەییە. ئەو خەمە قوڵتر دەبێتەوە،کاتێ پرسیاری ناسنامەمان لێدەکرێت.ناسنامە بەماناسیاسیەکەی، کەخۆی لە دەوڵەتی نەتەوەییدا، بەرجەستە دەکات،نەک بەمانا کۆمەڵایەتیەکەی، کە ئاماژە بێ بۆ ناسینەوەمان لە ئاستی پێناسەدا.بە پێچەوانەوە ناسنامە بەو مانایەی،جیاواز دەرکەوم لە ئەوانیتردا،لە ڕووی خاکء ئاڵاوزمانء نەتەوە.کە ئەمەش پرسێکی سیاسیءناسیۆناڵیە، لەوەی پرسێکی کۆمەڵایەتیءخودگەرایی بێت بەتەنیا. شاعیری شەھید(دڵشاد مەریوانی) کە بە عسیە فاشیەکان، لە سێزدەی ئازاری ساڵی ھەشتاو نۆ لەسەر بیروڕای سیاسیءکوردایەتی لە سێدارەیاندا،لە شیعرێکی خۆیدا بە ناوی(وێنە) زۆربە جوانی،ئاماژە بۆ ئەو پرسە دەکات، کە ئەویش پرسی ناسنامەی مرۆڤی کوردە، کاتێ بە عسیەکان داوای ناسنامەی لێدەکەن. ئەو بێ وەڵام دەمێنێتەوەو چاوەکانی پڕدەبن لە فرمێسک.بێگومان ناسنامە ئەگەرچی پێناسێکە بۆ ناساندنء جیاکردنەوەو ناسینەوەی مرۆڤەکان،لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا،وەلێ لە ئاستی سیاسیدا، ڕەھەندێکی دیکەی قوڵتری ھەیە، کەئەویش ڕەھەندی سیاسیءنەتەوەییە. کە خۆی لەدەوڵەتدا دەبینێتەوە.لێرەوەش ھەموو ئاماژە یەک بۆ ناسنامە لە ئەزموونەکانی شیعری کوردیدا،لە قۆناغە جیاوازەکانء بەتایبەتیش سەرەتاکانی سەدەی ڕابردووتابە ئێستامان دەگات، ئاماژەیەکی سیاسین.واتە نەبوونی ناسنامە پەیوەست کراوە، بەنەبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی. کە لە بنەڕەتیشدا،ھەر وایە.تا ئەو کاتانەی دەوڵەتی کوردیش کە خەونی ھەموومانە،دێتە دی، بەردەوام ئێمە لە خەمی بێناسنامەیی خۆمان دەژینء ناتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، کە دەپرسێت(کواناسنامەکەت؟) وەک لە شیعری وێنەی دلشاد مەریوانی شەھید دەیبینین.کە دەوڵەت نەبوو ناسنامەش نابێت،کەناسنامەی نەتەوەییش نەبوو،ناتوانیت گوزارشت لە بوونی خۆت بکەی لە ئاست ئەوانیتردا.بۆیە دەبینین ھەمیشە مرۆڤی کورد، لەھەر سووچێکی ئەم دنیایە بژیت، خۆی وەک موسافیرێک دەبینێت، کە نەماڵ، نەشوێن و جێگەء ئەدرەسێکی نییە. ڕاستە ئەو وەک مرۆڤ، وەک ھاوڵاتی دەژیت،وەلێ چونکە بوونی خۆی لە بوونی نەتەوەکەی دەبینێتەوە، ئیدی بەردەوام جێگەو شوێنەکانی تر بە نیشتمانی خۆی نازانێتء لەو شوێنانەدا،وەک غەریبێک خۆی دەبینێت.بەردەوام خەون بەناسنامەوسەربەستی نەتەوەکەی دەبینێت، چونکە بە ئازادبوونی نەتەوە،بەسەربەست بوونی خاکءنیشتمان،ناسنامەی ئەویش ئازاد دەبێت.لێرەدا ناسنامە بەر لەوەی ڕەھەندێکی کەسیء کۆمەڵایەتی ھەبێت،کە گوزارشت لە بوونء ناسینەوەی مرۆڤێک بکات،لە کاتی پرسیارکردنی، ئەوا ڕەھەندێکی سیاسی ھەیە بۆ مرۆڤی کورد.ھەموو ئاماژە کردنێک بە شوناسی من وەک مرۆڤێکی کورد، لە شیعری کوردیدا بە گشتی، تاڕادەیەکی زۆر ئاماژە کردنێکی سیاسیە، کە دەبەسترێتەوە بەنەبوونی دەوڵەت. مرۆڤی کورد کە خۆی بێ شوناسء بێ ناسنامە دەبینێت، دەرەنجامی نەبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆی سیاسی خۆیەتی،کە دواجار ئەو شوناسەی پێدەبەخشێت،کە ئەویش ھاوشێوەی کەسانی تر،ھەڵَگری ناسنامەی خۆیەتی، کە پێی دەناسرێتەوە.کە دەوڵەتیش نەبوو، مانای وایە ئەو لە ئاستی سیاسیء نەتەوەییدا، ھەڵگری ھیچ ناسنامەیەک نییەء کە سێکی بێ جێگەو بێ ماڵء بێ ئەدرەسە. شیعری(لە نێوان ناونیشانەکانی /نیشتمان رەسول) ھەڵگری ئەو گوتارەیە، کە ئەویش بێ شوناسیء بێ ناسنامەییە. تەنانەت خودی ناونیشانی شیعرەکە، دەلالەتی بێ ئەدرەسی دەگەیەنێت. بێگومان مرۆڤ کە ناونیشانی نەبوو، مانای وایە شوناسی بوونی نییە. مانای وایە ھیچ ئاماژە یەک نییە بۆ ناسینەوەی ئەو وەک مرۆڤێک. بە پێچەوانەوە بەڵکو قەرەج ئاسا دنیا تەی دەکات، بە بێ ئەوەی دواجار شوێنێک ھەبێت ئۆقرەی لێبگرێتء ببێتە ناونیشانی ھەمیشەیی.ئایا کە وڵاتمان نەبوو،مانای وانییە، کە سێکی بێ لانەوبێ جێگەو بێ نیشتمانین؟تەنانەت ئەگەر لەھەر شوێنێکی دیکەی دنیاش بین؟بۆیە شاعیر کاتێ خۆی وەک بێ ناونیشانێک وێنا دەکات،ئەمە ناراستەو خۆ گوزارشتە بۆ ئەوەی کە بێ خاکء بێ نیشتمانء بێ دەوڵەتە.ئەگەر نا خۆ ئەو وەک مرۆڤێک، دەبێ دواجار شوێنگەیەک ھەبێت، کە لێی بژیت؟ کەواتە بۆچی بێ ئەدرەسە؟ ئەم بێ ناونیشانیەو ئۆقرە نەگرتن لە ھیچ شوێنێک، ئاماژەیەکە بۆ نەبوونی دەوڵەت، ئاماژە یەکە بۆ نەبوونی خاکێکی ئازادو سەربەست.ئاخر مرۆڤ کە نیشتمانی نەبوو، دەبێ قەرەج ئاسا ئەم سەرو ئەو سەری دنیا تەی بکات. ھیچ شوێنێک نابێتە جێگەو ئەدرەسی ھەمیشەیی ئەو. بۆیە شاعیر دەڵێت:_
بەدوای ناونیشانی مندا مەگەڕێن…
شاعیر، ھەموو مان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی کە بەدوای ناونیشانی ئەودا نەچین. ھەموو گەرانءپرسیارکردنێک لە ناونیشانی ئەو، دواجار دەمانگەیەنێتە مەحاڵ. چونکە خۆی وەک بێ ئەدرەسێک دەبینێت. بێگومان مرۆڤی کورد ھەمیشە،شوناسی خۆی دەبەستێتەوە، بە شوناسێکی گەورەتر کە ئەویش نیشتمانە. کاتێ نیشتمانیش ئازادء سەربەست نەبوو،مانای وایە خودی ئەویش بێ ئەدرەسە. لێرەوەش چونکە کورد وەک نەتەوەیەک، تائێستابێ خاکء دەوڵەتە ئیدی شاعیریش بێ ناونیشانە. لێرەدا پرسی پەیوەندی شوێنء مرۆڤ دەردەکەوێت. شوێن لە ڕوانگەی شاعیردا بەرلەوەی دەلالەتێکی سرووشتیء جوگرافی ھەبێت، دەلالەتێکی سیاسی ھەیە. شاعیر لە و دەر بڕینەیدا،پرسی شوێن بە سیاسی دەکاتء دەیبەستێتەوە،بە شوناسی خۆی. چونکە دەکرێ بپرسین، شاعیر چۆن ھیچ ناونیشانێکی نییە،لەو سەر زەمینەدا؟ چۆن دەبێ بێ ئەدرەسء شوێنء کات بژیت؟ ھەڵبەتە دەبێ ئەویش وەک ھەموومان لە شوێنێک بژیت. وەلێ چونکە شوناسی خۆی لە شوناسی نیشتمان دەبینێتەوەو بێ ئەدرەسی خۆی دەبەستێتەوە بە نەبوونی دەوڵًەت؟وێرای ئەمەش شاعیر بە ڕەشبینیء نائومێدیەوە، ئەو پەیامەمان ئاراستە دەکات، کە پێویست ناکات بە دوای ناونیشانی ئەودا بگەڕێین. چونکە ئەو بێ ناونیشانە.کە ناونیشانیشی نەبوو،کەواتە بێ ناسنامەیە. چونکە ناونیشان لێرەدا، ئاماژەیەکیش بۆ بوونءدۆزینەوە دەگەیەنێت. بە دەربڕینێکی تر، بۆ دۆزینەوەی ھەر شتێک، پێویستە ناونیشانەکەمان لابێت. ئەگەریش ناونیشان نەبوو، پرۆسەی دۆزینەوە مە حاڵ دەبێت.کەواتە ھەر گەڕانء پرسیارکردنێک لە ناونیشانی شاعیر، دواجار نامانگەیەنێتە ھیچ ئەنجامێک.چونکە ئەو لە بنەڕەتدا،خودی ناونیشانی ژیانی نییە. وەلێ ئەوەی لێرەدا بێ ناونیشانە، لە ڕاستیدا خودی شاعیر نییە وەک مرۆڤ، بە ڵکو نیشتمانە وەک دەوڵەت.لێرەوەش خودی شاعیر لە پاڵ خەمی بێ ناسنامەیی خۆی وەک مرۆڤ، خەمی ھەرێمە بێ ناونیشانەکەشیەتی. ھەروەک خۆشی ئەمجارەیان دەڵێت:_
خۆشم دەبمە گەریدە..
بەدوای ھەرێمە بێ ناونیشانەکەمدا…
ھەڵبەتە شاعیر دەزانێت، کە نیشتمان ئازاد نەبوو،کە نیشتمان سەربەست نەبوو، مرۆڤەکانیش ئازادو سەربەست نابن. بۆیە تا ناسنامەو شوناسی نەتەوە، لە ئاستی دەوڵەتدا خۆی بەرجەستە نەکات،مرۆڤەکانیش ناتوانن ببنە ھەڵگری ناسنامە. گەریدەکان، لە ھەر سوچێکی ئەم دنیایە بژین، دواجار باش ئەو حەقیقەتە تاڵە دەزانن، کە ئەوان جگە لە غەریبێک لەو شوێنانە ھیچی تر نین.ئەوان ھەرگیز ناتوانن ببنە مرۆڤی زەمەنء شوێنی ئەوێ. تەنانەت ئەگەر سەدان ساڵیش لەو شوێنانە بژین.کێ ھەیە لە غەریبیدا،ڕۆژێک لە ڕۆژان بە ئاواتی ئەوە نەبێت، بگەڕێتەوە نیشتمانەکەی؟لێرەوەش خەمی شاعیر ھەر تەنھا،بۆ بێ ناونیشانی خۆی نییە، بە ڵکو ئەو عەوداڵی دۆزینەوەی ناونیشانێکی گەورەترە، کە ئەویش ناسنامەی نەتەوەو خاکە.بێگومان گەڕان بە دوای شوناسی نەتەوەو قوربانیدانء خەباتکردن بۆ ئازاد کردنی ئەو شوناسە، خەونی گەورەی ھەموومانە. چونکە دواجار ئەوەی ناسنامە بە ئێمە دەبەخشێت، ئەو شوناسە یە. بۆیە کاتێ شاعیر لە بڕی گەران بە دوای ناونیشانی خۆی وەک مرۆڤ،بەدوای ھەرێمە بێ ناونیشانەکەی دەگەڕێت، دڵنیایە لەوەی ئەدرەسی بچووکی ئەو، لە نێوان سەدان ھەزار ئەدرەسی جیاوازی تردا،ھیچ بەھاومانایەکی نییە.ناونیشان لێرەدا بۆ ئەو وەک مرۆڤ گرنگ نییە.بەڵکو ناونیشان وەک، خاک، نەتەوە، نیشتمان،ناسنامەی نەتەوەیی، کە خۆی لە دەوڵەت دەبینێتەوە، گرنگە.بۆیە ئەو لە بڕی گەران بە دوای ناونیشانی خۆی،بەدوای ناونیشانێکی گەورەتر وێڵە، کە ئەویش ناسنامەی ھەرێمەکەیەتی.لێرەوەش شاعیر دڵنیامان دەکاتەوە، کە ھەموو گەڕانء پرسیار کردنێک،لە ناونیشانی ئەو، لە کۆتاییدا بێ وەڵام دەبێت. چونکە ئەو ھێشتا، وێڵی ناونیشانێکی ترە، کە بەبێ بوونی، ناونیشانی ئەویش نابێت. کە ناونیشانیش نەبوو، کەواتە لانەیەک بۆ ژیانکردنء تەناھیءجێگیربوون نابێت.مرۆڤ کە ھیچ ناونیشانێکی نەبوو، کەواتە ماڵیشی نییە. کە ماڵیشی نەبوو، واتە وەک گەریدەیەک دەژیتء خاوەنی ھیچ نییە. گەریدەء بێ ماڵەکانیش ھەمیشە بە خەونی ماڵێکی سەربەخۆ دەژینء دەمرن. ماڵ وەک چوارۆچێوەیەکی کۆمەڵایەتیء خێزانی نا، بە لکو وەک چوارچێوەیەکی سیاسیء نەتەوەیی. بۆیە شاعیر بە خەونی ئەوەی ببێتەوە خاوەن ماڵ،دەژیت. ھەروەک خۆشی لە شیعرەکەیدا دەڵێت:_
نھێنیترین ناونیشانم بدۆزەوە..
خۆم لە خۆمدا..بدۆزەوە..
بمبەوە بۆ ماڵەکەم…
ھەروەک لەو کۆپڵە شیعریە دەردەکەوێت، کە شاعیر بە دوای فریادرەسێک دەگەڕێت، تاماڵە نەبوەکەی بۆ بدۆزێتەوەو جارێکی تر،بچێتەوە بۆ ماڵەکەی..ئەمەش بەلای شاعیرەوە نھێنیترینء پیرۆزترین ناونیشانە.بەڵام بەرلەوەی ماڵەکەی بدۆزێتەوە دەبێ بەر لەماڵ ناونیشان بدۆزێتەوە. چونکە ماڵ بێ ناونیشان، ھیچ ئاماژەیەک ناگەیەنێت.بێگومان ئەو ناونیشانەش خۆی لە دەوڵەتدا بەرجەستە دەکات،وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد. لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە لە ڕوانگەی منەوە وەک خوێنەرێکی ئاسایی شیعر، ئەو شیعرەی(نیشتمان رەسول) گەرچی بە زمانێکی سادەی شیعریانەی جوان نووسراوە،بەڵام لە ئاستی ناوەڕۆکدا، ھەڵگری دەربڕینێکی قوڵء خەونێکی سیاسیء نەتەوەیی پیرۆزە. خەونێک کە ھەر ھی شاعیر نییە بە تەنیا، بەڵکو خەونی ھەموومانەوە، وەک مرۆڤێکی بێ خاکء دەوڵەت. ئاخر بە تەنیا ئەوانە دەزانن کە خەمی بێ ناسنامەیی، چ خەمێکی قوڵە، کە خۆیان بێ ناسنامەن. شاعیر چونکە بێ ناسنامەی نەتەوەییە، ئیدی دەزانێت، نەبوونی ناسنامە لە ئاستی ئەوانیتردا، بە تایبەتیش کە ئەو خۆی لە ھەندەرانء لە نێوان ملیۆنان مرۆڤی بە ناسنامە دەژیت، چ برینێکی قوڵە….
sadiqrwandze@yahoo.com
تێبینی/ ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی(نسێ)ی ئەدەبی ژمارە(٧٩)ی ڕۆژی ٢٤/٢/٢٠١٤بڵاوکراوەتەوە………