دوای ئەندام پەرلەمانەکە، چەند کەسێکی بێویژدان، سەر بەخۆ و بێ ئاگای کەوتوونەتە لەکەدارکردنی عەدنان کەریم و ھونەرەکەی. پێشنیارم بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لەکەداری کەن، تەنیا ئەمڕۆ سەردانێکی بکەن، بۆ کاتی پرۆڤەکردنی کۆنسێرتەکەی، بزانن چۆن شەرمەزاری داتان ئەگرێت، کە ھونەرمەندێکی گەورەی ئەم نەتەوەیە نزیکەی ٤٠ ساڵە ھونەر ئەکات، کەچی خاوەنی ھیچ نییە و ئەو بە تاقی تەنیا سەرجەم بەڕێوبەری کارەکانی و سەرجەم بەرھەمەکانی ئەگرێتە ئەستۆ، لە کاتێکدا ھەموو ھونەرمەندێک لە دونیادا دەیان بەڕێوەبەری کاری ھەیە و کارەکانی بۆ ڕای دەکەن. لە بری ئەوەی بە ھونەرەکەی خاوەنی دەیان ڤیلا و کۆمپانیا بێت.
– ئەو خاوەنی موچەیەکی مامۆستاییە، کە لەملیونێک و تۆزێکە.
– جۆری سەیارەکەی (سەنی) ئەوەی کە لە ووڵاتدا (تەکسییە) کەم کەس بەکاری دەھێنێت نرخی لە ٩٠٠٠ دۆلار تێپەڕناکات.
– شوقەیەک کە ئیستا ھەموو فەرمانبەرێک توانای کڕینی ھەیە.
من ھەموو جارێ کە سیمای ماندووی ئەو کەسە ئەبینم، باس لە خەمەکانی ئەکات، لە جیاتی نەتەوەیەک شەرمەزاری دامئەگرێت، کەچی خەڵکانێک سەربەخۆ و بێ ئاگا سووکایەتی پێ ئەکەن، گوایە ھونەری کردۆتە بازرگانی، پارە وەردەگرێت! ئەی چی وەرگرێت؟ سوپاس؟؟
ئایا ئەزانن لەم ووڵاتەدا سوپاس ھیچ ناکات ئەزیزانم!!؟
بەڵی ئەبێت ھونەر بێتە بازگانی ئەگەر نا، ھەر لەم جێیەی ئێستادا دەبێت، بەڵام ئەوەی من ئەیبینم و بە ھەڵەی ئەزانم ئەوەیە کە (عەدنان کەریم) بازرگانی ھونەر نییە، عاشقی ھونەرە پێوست بوو ھونەرکەی بە بازرگانی بکات تا پێشی بخات.
سبەینی کۆنسێرتی (کۆمەکی پێشمەرگە) سازی دەکات، خەڵکانێک باسی وەرگرتنی ٥٠٠٠٠ دۆلار ئەکەن، لە پای کۆنسێرتەکەی، ئەگەر عەدنان ئەوەندە پارەی ھەیە بۆچی خاوەنی ھیچ نییە؟؟ ئەوەندەی من ئاگادارم ئەو بە خۆبەخشکردوویتی و تەنانەت خۆی تکتکی کۆنسێرتەکەی خۆی کڕیووە؟؟؟ پرسیار لە چ ووڵاتیکدا ھونەرمەند تکتی کۆنسێرتی خۆی ئەکڕێت؟؟
لەوەش ئاگادارم کە تەواوی گروپەکە ھەر یەکەیان زیاتر چوار تکتی کڕیووە، بۆ کۆمەکی پێشمەرگە. بە بڕوای من ئەگەر لە پای ئەم کۆنسێرتە پاداشتێکیش وەرگرن زۆر ئاساییە، چونکە ئەوە حەقی ماندوو بوونە، لە (خەزینەی حکومەت نییە بەڵکو سپۆنسەرەکانیانە)، بڕی پارەکە ئەگەر وەری گرن کە بڕواناکەم کەسیان قبوڵی بکەن!! پارەی چەند تکتێک کە خۆیان کڕیویانە. من لەوە زیاتر ناڵیم دوا قسەم ئەوەیە: ئێوە دزی لە (عەدنان کەریم) مەکەن و سیدی و بەرھەمەکانی کۆپی مەکەن، ئەو دەتوانێت بە بەرھەمەکانی چەند نەوەی خۆی بژیەنێت و ھاوکاری دەیان کەسیشی پێبکات. کاتێ کە بەرھەمەکانی دەدزن ئەو ھیچ ناڵیت، دە لێگەڕین جار جارە تەنیا مافی ماندوو بوونی خۆی وەرگرێت.
توانا حەمە