ئەرسەلان مەحمود: شەش ساڵانە بوم، لەناو پێخەفێكی هێمنا، خەونی ئەرخەوانی منالانەم ئەبینی، لەپڕ هەستم بەدەستێكی گەورەو، ساردو سڕ كرد، گرتمی، دەستێكی تر دەمی گرتم، نەفەسێكیان بۆ هاوارم نەهێشتەوە، هەڵیانگرتم بەرەو گەرماوی ماڵەوە، نەمزانی ئەوان چەند كەس بون، شێوەشیانم بیر نەماوە، نایشزانم پیاو بوون یا ئافرەت، دنیا لەپێشچاوم تاریكهەڵگەڕا، ئەوەی تەنها بەسەر كاشیە لوسەكانی گەرماوەكەوەو، بەسەر جەستەی روتەكراومەوە هەستم پێكرد، لێكخشاندنی شتێكی كانزایی بوو كە دواجار خستیانە ناو ڕانەكانمەوەو شتێكیان بڕی!، ئەو شتە، پارچەیەك بوو لەجەستەم، كە گەورە بووم تێگەیشتم هیچ كچێك لەوە دەربازی نەبووە!
” نەوال سەعداوی “
میللەتی ئێمە ( كورد) خاوەن زمانێكی مرۆڤانەیەو، لەبەراییەوە هەڵگری چجۆرە زمانێكی نوسین یا شێوە ئاخاوتنێكی رەگەزی نەبووە، ئایا ئەمە مانایی ئەوەیە كورد پێش گەلانی ئەوروپایی و، ئەمریكی، لەباری چۆنایەتییەوە بەرهەڵستی سیستەمی پیاو سالارییانكردوە؟..
رەنگە تازە بەتازەیی، هەڵكشانی بزوتنەوەی ئافرەتانی دنیا بەرەو گۆرینی زمانی رەگەزی بۆ زمانێكی مرۆڤانەی هاوبەش، باشترین وڵامی ئەرێنی وەها پرسیارێك بێت، كەچی پێچەوانەی ئەو مێژوە، ئەمرۆ میللەتی كورد، بەشانازییەوە كەمئەندامكردنی جنسی رۆڵە نا كامەكانیان، هەروا سادەو، سەرپێی دەبینن و، بەشانازییەوە ئەو مەراسیمە دەماو دەم دەگوازنەوە، گوایە بەمە جڵەوی ناموسپارێزی و، لغاوی كردەوەی شەهوانی شەیتانی دەكەن!..
لێ، ئەگەر دۆڵانی مێینە، بەكردەوە عیبارەتبێ لەناموسی نێرینە!، پێچەوانەكەی دیارە لەبنەمادا وەها گوزارشتكردنێك، لەبێشەرەفی نێرینەوە سەرچاوەی گرتووە! ئایا تۆیەكی نێرینە وەها بێشەرەفییەكی ناوەكی و، سروشتیبوونی خۆتت پێقبووڵە؟! ئەگەر وڵامەكەی ئەرێیە پێویستە لەبەرچاوی كۆمەڵگە، ددان بەو بێشەرفبوونە سروشتیە دابنرێ، یان ئەوەتا ئەبێ رونبكرێتەوە خود شەرەفی نێرینە لەناو خۆیدا بەچییەوە بەندە؟!، باوەڕدەكەم نێرینە چ لەبێشەرەفی خۆی، شەرەفی مێینە بەهی خۆی بزانێ و، چ لەباری ڕەگەزییەوە، بوونییەی خۆی لەدۆڵانی مێینەدا ببینی، بێشەرەفی هەر بێشەرەفییە.
ئەی ئەگەر ئەم خۆ بەكەمگرتنە ڕەگەزییەی لای نێرینە، گریمان لەوڵاتانێك بووە بەحالەتێكی سروشتی! خودی مێینە ئەم هەرزانفرۆشییە جەستەییەی خۆی لەچییە؟ ئەگەر هۆكاری نا هۆشیاری، یا زوڵمی كۆمەڵگەو، كارتێكردنی كاریگەریەكانی دنیابینی باوگەراییە، ئەی ئیشی گروپ و، ئەم هەموو رێكخراو گەلەی بەناو ئافرەتان، ژنان، خوشكان، خانمان، باجیان و دایكان و،…تاد، چییە؟! هێشتا ساڵانە بەدەیان هەزار لەكچانی ئەم وڵاتەی ئێمە، لەبەرچاوی ئێوە كەمئەندامی جنسی دەكرێن! ئێوە ئەگەر بەكاری شمولكاری و تەشكیلاتی یا پەیوەستبوونی ئایدیۆلۆژییەوە، نەتانتوانیبێ كاریگەرییەك بۆ نەمان و بەرپێگرتنی ئەم دیاردەیە دابنێن، بەكردەوە ئەگەر كارتان، بۆ دەرهێنانی هاو رەگەزەكانتانە لەو قەسابخانە كۆمەڵایەتییە، بۆچی خۆتان هەڵناوەشێننەوەو، ساڵانە ئیش و فشارتان بۆ یەك ئامانج تەرخانبكەن؟ ئەی رۆڵی ئێوە، رێكخراوەكانی بەناو كۆمەڵگەی مەدەنی، ئایا ئەمەیە مەدەنیەت؟!..
بێدەنگبوون نیشانەی رازیبونە، ئەگەر نا، شەرەفپارێزی و، رێگریكردن لەرەها بوونی ئەندامە سێكسییەكان، پەیوەستە بەهاتنە كایەی پەروەردەیەكی بنەڕەتی مرۆڤسالاری، نەك برینی یەكێك و تیژ كردنەوەی ئەوی دی، فەرموو جیهانی عەرەبی ببینە، وەك ئەوەی ئاینی ئیسلام تەنیا ئاینێكبێ و، رێیبەو ئازادیە تاك رەگەز سالاری و سێكسیە دابێت، پیاوانیان لەهەموو سەردەمەكان، تایبەتیش لەو ساتەوەی سیستەمی خیزانی باوكسالاری سەری هەڵداوە، بەردەوام لەدەرەوەی ژیانی هاوسەرێتی و، بەنهێنی سێكسیانكردوە، خۆ پیاوانی كڵێساش بەنهێنی وەها سێكسێكیانكردووە، ئەی ئایا گرتنە بەری هەموو ئەو رێوشوێنە جیا بینیە رەگەزیە، دزاجار لەشفرۆشییان زیاترو بەربڵاو تر كردوە یا پاشەكشێیان پێكردووە؟..ئەرێ هەرگیز گوێبیستی ئەوە بوون بگوترێ ئەو ئافرەت و ئەو پیاوە، لەشفرۆشن لەبەر ئەوەی كەمئەندامی جنسی نەكراون و، ئەوانەیەش بەشەرەفن لەبەر ئەوەی بەشێكی جەستەیان بڕدراوە؟!..
ئەگەر ئیسلامێتی، وەك ئەوەی دەگوترێ، روانینێكی گوناهبارانەی بۆ حەوا وەك پاشخان بۆ مابێتەوە، بەوەی سەرپێچی لەفەرمودەی خودا كرد، بۆیە لەبنەرەتەوە سێكس بەشەیتان و ئافرەت، پەیوەستكرا بێ، یانی پیاو هەر چەن ئارەزوێكی زۆر تری هەبێ، گوناهەكە ناكات تەنها بەهۆی دڵكێشی و، شەیتانیاویبوونی ئافرەتەوە نەبێت، خۆ هەزاران ساڵە لەكۆمەڵگە هاوشێوەكانی وەك ئێمەدا، خۆشی و ترشی هیلانەی شەیتان! دەبڕدرێ، ئەی ئێستا ئەو ئاژەوەگێڕە، ئەم هەموو گەرایە لەكوێ دەرێژێ؟، كەوابوو دەبێ ئەم دیاردەیە وەك میرات و كاردانەوەی ململانێیەك ببینین كە بۆ كۆتوبەندكردنی ئافرەتە وەك رەگەز نەك كۆنترۆلی سێكسی و سنوربەندی ئارەزویەكی شەیتانی و تافی، چونكێ ئەگەر بڕینی بەشێكی جەستەی پیاو، هۆكارێكی زانستی و تەندروستی لەپشتەوە بێ، ئەی برینی بەشێك لەجستەی ئافرەت چمانا یا پاساوێك زانستی هەڵدەگرێ؟، شارەزایان لەو باوەڕەدان پیاو لەئافرەت بترسێت، دەڵێن ترسەكەیشی سروشتیەو، باوەڕدەكا ئافرەت هەمیشە شتێكی نا سروشتی دەسەپێنێتە سەر سروشت، بەلاتەوە سەیر نەبێ هێشتاش زۆرێك پیاو هەبن هیچ لەنهێنی سكپری ئافرەت نەزانن، چیرۆكەكەی ئادەم و حەوا، بەو مانایەی شەیتانێتی ئافرەت بەرجەستەكردنی ترسی پیاوە، ئێ ئافرەتێك هێندە بەهێز بێت، پیاو لەبەهەشتەوە بەرەو دۆزەخ راكێشێ، هەردەبێ لێی بترسێ! زانایانی بواری دەرونشیكاری باس دەكەن بەرئەنجامی هەموو ترسێك رق لێبوونەوەو سەرهەڵدانی جەنگێكی شاراوەو، تەنها لەهێماو ئاماژەو كاردانەوەكاندا دەتوانرێ ببینرێ و، بەرجەستە بكرێ، ئەوەتا فرۆیدا ددانی بەو راستیەدا هێناو دەڵێ” پیاو بۆیە رقی لەئافرەتە چونكێ بەسەرچاوەی مەترسی سەر خۆی دەزانێ”.