ھەولێر: “زریکەی کۆچ” گەشتێکی موزیکی گروپی مۆسیقای بێسارانی بوو لە چەند شار و شارۆچکەیەکی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، دوایین وێستگەی گەشتەکەش لە ھەولێری پایتەخت بوو.
ئەم کۆنسێرتە بە سپۆنسەری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوو، دوای بەڕێوەچوونی لە سلێمانی، سۆران و کەلار، رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە ھەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو.
کۆنسێرتەکەی ھەولێر بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسانی، رۆشنبیران، ھونەرمەندان، میدیاکاران و ھەوادارانی ھونەری موزیک و گۆرانی، لە ھۆڵی میدیا بەڕێوەچوو و پێشوازیەکی بەرچاوی لێکرا.
“زریکەی کۆچ” گەشتێکی ھونەری گروپی مۆسیقای بێسارانی بوو، لە یادی ٢٥ ساڵەی کارەساتی ئەنفالدا پێشکەش کرا.
ئەم گەشتە ھونەرییە کارکردێکی موزیکییە لەسەر دەقی (رەنگدان)ـی شاعیر شێرکۆ بێکەس، (رەنگدان) دەقێکی بەرزی شیعری کوردییە و رۆچونە بەناو چەند وێستگەیەکی مێژویی شاعیر و نەتەوەی کوردا، لەرێگەی تێڕوانینە خودییەکانی “شێرکۆ”وە بۆ رەنگ و مەوداکانی بینین.
شیعری “رەنگدان” ئازارەکانی ئەنفال تەمورە دەھێنێتە ژەنین و رەزمەکانی دەف رەنگە لم لێنیشتوەکانی سەحرا دەھێنێتەوە خرۆش و پێکەوە گۆرانییەک دەڵێن بۆ مانەوە، مانەوەی نەتەوەیەک کەخستیانە ناو ئاگرەکەی ئیبراھیمەوە، مقاوەمەت و رۆحییەتی رەسەنی مرۆڤانەی ئاگرەکەی سارد و سەلامەت کرد.
گروپی بێسارانی ساڵی ٢٠٠٥ دامەزراوە، زیاتر لە ١٠ کۆنسێرتیان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان سازکردوە، بۆ ئەم کارەیان جگە لە ژەنیارانی ھەرێمی کوردستان، چەند ژەنیارێک لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە بەشداری پێکرد.
کامەران حەسەن کاری ئاوازدانان و دابەشکردن و سەرپەرشتی گروپەکەی لە ئەستۆ بوو و شیعرەکان لە لایەن ھەماوەند لھۆنییەوە خوێندران.
بە وتەی سەرۆکی گروپەکە، لە بەرنامەیان دایە ھەمان کۆنسێرت لە کاتێکی دیکەدا وەک کۆنسێرتێکی تایبەت بۆ کەسانێکی دیاریکراو، ساز بکەن. گوتیشی “پرۆژەی کاری ھونەری دیکەشیان دەبێت”.
گروپی بێسارانی تا ئێستا ئەم کۆنسێرتانەیانە پێشکەش کردووە، کۆنسێرتی “زایەڵەی تەمورە” لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ھەولێر و وھەڵەبجە، کۆنسێرتێکی موزیکی لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ھەولێر، بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی کلتوری فاس لە وڵاتی مەغریب لە ساڵی ٢٠٠٩، لە ساڵی ٢٠١٠ دوو کۆنسێرتی جیاوازی بە ناوەکانی “نەوای تەمورە” و “ئەم ماَلە چۆڵە” لە ھەولێر پێشکەش کردووە، لە ساڵی ٢٠١٢ لە فیستیڤاڵی نەورۆز لە شاری کارکۆف لە پۆلۆنیا بەشداربووە، ئەلبوومی “رێگای مەستان”ـی بەم زووانە بڵاو دەکاتەوە.
*راگەیاندنی گروپی مۆسیقای بێسارانی
*بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بکەن بە کامەران حەسەن خاوەنی پرۆژەکە و سەرپەرشتیاری گرووپی بێسارانی ٠٧٥٠٧٦٣١٥٢٠