سەدیق سەعید ڕواندزی
بیرکرنەوە لە بری ئەوانیتر، یەکێکە لەو تێگەیشتنە خراپانەی لە کۆمەڵگەی ئێمەا زۆرباوە. ئێمە ھەمیشە دەمانەوێت، تێگەیشتنی خۆمان بەسەر ھەموواندا بگشتێنین، بە بێ ئەوەی درک بەوە بکەین، کە مرۆڤەکان تایبەتمەندی خۆیان ھەیە و خەم و کێشە و مەراقی ھیچیان لەویتریان ناچێت. سرووشتی سایکۆلۆژیای ھەر مرۆڤێک لەویتر جیاوازە، کاتێ کەسێک لە پێناو خۆشەویستەکەی خۆی دەکوژێت، یان دایکی و دواتر خۆشی دەکوژێت، ئێمە ھەموومان ڕەخنە دەگرین، بەڵام دەبێ بزانین کەسمان ئەو نین و کەسیشمان ئەزموونی ژیانی ئەومان نەکردووە، بۆیە نابێت ژیانی خۆمان و تێگەیشتنی خۆمان، بکەینە پێوەر بۆ تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەوانیتر. لە کۆمەڵگەی کوردیدا، نێرێک نابینیتەوە حەز بکات خۆی بکاتە ژن و ڕەگەزەکەی خۆی بگۆڕێت، بەڵام کاتێ مرۆڤێک لە بنەڕەتدا ڕەگەزی ژنبوونی لە ڕووی بایۆلۆژیی و فسیۆلۆژی تێدایە و دێت خۆی دەکاتە ژن، پێویست ناکات بە کۆمێنت و پۆست و قسەی بریندارکەر، سووک و ڕیسوای بکەین و ڕەخنەی لێ بگرین کە بۆ ئەو کارەت کردووە، کێ دەڵێت ئەگەر تۆش بە ھەمان بوون و پێکھاتەوە وەک ئەو بووایت ھەمان کارت نەدەکرد؟ بۆیە دەبێ بزانین مرۆڤەکان، بە جیاوازییەوە دەژین و ژیان دەکەن، مەرج نییە ئەوەی من پێم پەسندە و دەیڵێم، لای ھەمووان وابێت و یاخود تەنھا بیرکردنەوەی خۆم پێ ڕاست و دروست بێت.
مرۆڤ پێکھاتەیەکە لە ھەست و ڕوانین و ھزر و دنیابینی، بۆیە سایکۆلۆژیای مرۆڤەکان و جیھانبینییان، ئەگەر ئەوەندە نزیک و ھاوشێوەی یەکتریش بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە پۆینتێک جیاواز دەکەونەوە، بۆیە دەبێت ڕێز لە بیرکردنەوەی مرۆڤەکان و ئازادی و تێگەیشتن و ڕوانگە و بیر و ڕایان لە بارەی ھەر پرسێکەوە بگرین. ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بە داخەوە لە پەراوێزی چاپکردنی سەدان کتێبی بازاڕی بە ناوی پەرەپێدانی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و گرفتی تاک و خێزان، جۆرە مۆدێک لەنووسین دروست بووە، کە ئەویش مۆدی بیرکردنەوەیە لە بری ھەمووان. بە جۆرێک کەسێک کتێبێک وەردەگێڕێت، یاخود دەنووسێت، مەبەستیەتی ئەوەی ئەو لەو کتێبەیدا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە خستوویەتییە ڕوو، بۆ ھەموو مرۆڤێکی ئەزموون بکات، وەک ئەو چۆن دەڕوانێتە مرۆڤێک، پرسێک، دیاردە و ڕووداوێک، ھەموو کۆمەڵگە لەگەڵ ئەودا بن و وەک ئەو بیر بکەنەوە، کە ئەمەش ئەوپەڕی دیماگۆجیەتە.
مرۆڤەکان، وەک چۆن لە ڕووی بایۆلۆژییەوە لە یەکتری جیان، بەو شێوەیەش لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی، ژیان و بیرکردنەوەیان جیان. گەر گوزەرێک بە نێو دنیای کتێب و بڵاوکردنەوە لە کتێبخانەکاندا بکەین، دەیان ناونیشانی سەیر و سەمەرەی کتێب سەرنجت ڕادەکێشن و ئەگەر یەکجار ھوشیار و بیرکەرەوە و خاوەن ناسنامەی کەسییانەی خۆت نەبیت فریوت دەدەن. سەدان کتێب ھەن، باس لەوە دەکەن ( چۆن بە ڕۆژێک دەوڵەمەند دەبیت ، چۆن کۆنتڕۆڵی تووڕەییت دەکەیت، لە ماوەی چەند چرکەیەک چۆن دەبیتە زمانزانێکی باش و قسەکەرێکی لێھاتوو، بە ئاسانی واز لە دوودڵی بێنە، بۆچی پیاوان گوێ ناگرن، چۆن زیرەک دەبیت ، چۆن ژیانی خۆت لە چەند ڕۆژێک دەگۆڕیت، زاڵبە بە سەر ژیانت، بە یەک ڕۆژ ئەتەکێتی ژیان فێر بە، چۆن بە ئاسانی دەوڵەمەند دەبیت، چۆن بە ئاسانی دەبیە بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو) ئەم ناونیشانانە و دەیانی تر، لە ڕاستیدا بێ بەھاکردنی کتێب و بە بازاڕیکردنی کتێبە، لە پێناو قازانجی کەسی و بەشێک لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە. ئاخر مرۆڤ ئەگەر کەمێک ھوشیاری ھەبێت، دەبێ بزانێت دوودڵی، نەخۆشییەکی ترسناکی دەروونییە و نەک بە ڕێنوێنی وەرگێڕێکی نەزان، لە ڕێگەی کتێبی نووسەرێکی نەناسراوەوە چارەسەر ناکرێت، بەڵکو ئەم نەخۆشییە پێویستی بە دەیان دیدەنی پزیشکی دەڕوونی و ڕێنمایی دەروونی ھەیە، ئەمە وێرای بەکارھێنانی زۆرتر لە چارەسەرێک، لەگەڵ ئەمەشدا، ھەزاران لەو مرۆڤە دوودڵانە، نەک چاک نابنەوە، بەڵکو سەرەنجام نەخۆشیەکەیان سەردەکێشی بۆ خەمۆکییەکی قووڵ و دواتریش بە داخەوە خۆیان دەکوژن. ئیدی نازانم چۆن بە کتێبێک، مرۆڤێک لەو نەخۆشییە چاک دەبێتەوە؟ یاخود بۆ ئەوەی ببینە بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو لە ھەر بوارێکدا، ئەوا دەبێ چەندین ساڵ کۆشش بکەین، فێر بین، ئەزموونمان ھەبێت، ئیدی نازانم چۆن بە یەک دوو وتاری نێو کتێبۆکەیەک، دەبینە بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو؟
بۆ ئەوەی ببینە زمانزانێکی باش، دەبێ ھەزاران کتێب بخوێنینەوە، زمانزانی و ڕۆشنبیریی قسەکردن و ھونەری دەربڕین، کاری یەک ڕۆژ و دوو ڕۆژ نییە. ئەمانە و دەیان ناونیشانی دیکەی بێ مانا، کە گوایا لە چوارچێوەی ڕۆشنبیریی گشتی و پەرەپێدانی مرۆیی دەخرێنە ڕوو، بە داخەوە ھیچ نین جگە لە بێ بەھاکردنی کتێب و ڕێز نەگرتن لە مەعریفە و نووسین. ئەم جۆرە قسە و بیرکردنەوە سادانە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، مەترسی گەورە و کوشندەن، چونکە ھوشیاری زۆربەی ھەرە زۆری تاکەکان، لەو ئاستەدا نییە درک بە جیاوازییەکان بکەن و قووڵ ببنەوە و بپرسن، بە ڕاست چۆن مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە ھەژار موکریانی و شکور مستەفا؟ بۆیە بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەریەتی ئەو بیرکردنەوە سادە و چەواشەکارانە و سەرەنجامڕەنگە ڕێگەیەکی ھەڵە ھەڵبژێرن. ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، ژمارەی سپاردن بە ھەموو کتێبێک نەدات، بواری چاپ و بڵاوکردنەوە ڕێکبخات، نەک لە پەراوێزی ھەبوونی سانسۆر و ئازادی بڵاوکردنەوە و نووسین، بە داخەوە کتێبخانەکانی ئێمە پڕ بکرێن لە کتێبی بازاڕیی و بێ مەعریفەیی لەو شێوەیە! کە لە ڕاستیدا جۆرێکە لە بە گەمژەکردنی تاک کە پێویستە لە ھەموو قۆناغەکانی ژیانی و سەردەمێکدا خاوەنی بیرکردنەوەو ڕوانینی سەربەخۆیانەی خۆی بێت و بە ئاسانی چەواشە نەکرێت، بە تایبەتیش لە ڕووی ئایینی و ئایدۆلۆژییەوە.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە (٤٠٠١) ڕۆژی ٢٤/١/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post