عەبدوڵا تۆفیق/ ڕاهێنەری دەروونی: لەبەر ئەوەی مەبەست لە ڕاهێنانی دەروونی بردنی کەسێکە بە ئاراستەیەکی ئەرێنیدا پێویستیش ئەکات لەکاتی ئەنجامدانیدا بیرو وێنە خەیال و هەستەکانمان گەشبین و ئەرێنی بکەین. وشەی بیرکردنەوەی ئەرێنی زۆر کات بەهەڵە بەکاردێت و بووەتە دەربڕینێك کە زۆرکەس هەستێکی نەرێنیان هەبێ بەرامبەری. تەنانەت وای لێهاتووە کە بەشێوەیەك بەکاردەهێنرێ کەوا دەزانرێت ئێمە وایان پیشان ئەدەین کە درۆ ئەکەین بەرامبەر بە ئەوان و خودی خۆمان. ئەوان وا دەزانن کە ئیتر ئەبێ ئێمە هەمیشە و بەردەوام وەك تیشکی ڕۆژ لەسەرەوە بین و خۆشحاڵ و ڕووخۆشبین ئەمە تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە جەخت لە بیرکردنەوەی ئەرێنی ئەکەینەوە.
ئەگەر بکۆڵینەوە لە ناوەڕۆکی وشەکە بۆمان ئاسانتر ئەبێت کە تێبگەین. وشەی (پۆسیتیڤ) کە وشەیەکی ئینگلیزی بەمانی(دڵنیای) ئەگرێتەوە کە ئێمە بە کوردی لەدەمی دەرووناس و زمانەوانەکانمانەوە بە (ئەرێنی) ناوی دەبەین، مەبەستەکەش هەر ئەوەیە لە بیرکردنەوەی ئەرێنی. تۆ بیر ئەکەیتەوەو تەواوی چەقی قورسایت ئەخەیتە سەر ئەوشتەی کە تۆ خوازیاریتی و ئەتەوێ ڕووبدات. تۆ لەو کاتەدا بیر ناکەیتەوە کە خراپترین شت ڕووبدات. بیرکردنەوەی ئەرێنی تەنها ئەوەنیە کە تۆ وا بزانیت تەنها ئەگەر تۆ وا بیر بکەیتەوە ئیتر ئەوە ڕوو ئەدات. بەڵکو ئەبێت بیر لەو شتە باشانە بکەیتەوە کە تۆ بە تامەزرۆوە بتەوێ ڕووبدات.
بیرکردنەوەی ئەرێنی ئەوەیە کە تۆ خۆت بۆ ئەو شتە باشە ئامادەبکەیت کە ڕووبدات، وە بیرکردنەوەی خراپ ئەوەیە کە تۆ بیر بکەیتەوە لەو شتانەی کە تۆ نەتەوێ ڕووبدات. ئەمە پرسیارێك نیە کە تۆ پیچەوانەی واقیع ببیتەوە، دان بەوەشدا بنێ کە ژیان کێشە و سنوری خۆی تیایە بەڵام بڕۆ بەرەو چارەسەرەکان، ئەگەرەکانیتر ببینە.
هەمیشە مرۆڤ توانای هەبوو کە ڕاهێنان بە باشتر کردنی تواناکانی خۆی بکات، بۆیە خۆشبەختانە ئێمە ئەتوانین ڕاهێنان بکەین بۆ ئەوەی بیرکردنەوەکانمان باشتر بکەین، هەروەك چۆن بمانەوێ ڕاهینان بۆ ئامادەکردنی خۆمان بکەین لە هەر بوارێکیتری ژیاندا. ئێمە ڕۆژانە هەزاران بیرکردنەوەمان هەیە، خۆ ئەگەر هەندێ لەو بیرکردنەوانەمان نەرێنی و خراپ بن بێگومان کار ئەکاتە سەر چۆنیەتی تەندروستی و گەشەکردنمان. ئێمە خۆمان بیرکردنەوەکانمان هەڵدەبژێرین و وە هەمیشە خۆمان ئەتوانین بڕیار بدەین کە چۆن لە حاڵەتێك بنواڕین و لێکدانەوەمان بۆی هەبێ جا بە ئەرێنی بێ یان بە نەرێنی. ئێمە تەنها خۆمانین واقیع بۆ خۆمان دروست ئەکەین لە ڕێگەی ئەو بۆچون و شیکردنەوانەمان کە دەیکەین سەبارەت بەو ڕووداوانەی دەوروبەرمان.
ئەوەی کە مرۆڤێکی ئەرێنی پێ ئەناسرێتەوە ئەوەیە کە ئەو هەمیشە بەشوێن چارەسەرەکاندا ئەگەڕێت و هەوڵ ئەدات کە کێشەو ڕێگر وەك ئەگەرێك و کێبڕکێیەك لەگەڵ خۆیدا سەیر ئەکات. ئەگەر بتەوێ کەسێکی ئەرێنی بیت با چەقی قورسایت/ سەرنجت لەسەر چارەسەری نوێ و ئەگەرەکان بێت، نەك کێشە کۆنەکان. یاسایەکی باش بۆ کەسێکی ئەرێنی ئەوەیە کە هەمیشە کەمترین کات لە ڕۆژێکدا دادەنیت بۆ سەرقاڵبوونی بە کیشەکانەوە و زۆرترین کاتی بۆ چارەسەر دۆزینەوە تەرخان ئەکات.
کە بۆچوونی خۆت بگۆڕی بێگومان کاتێکی زۆرتری ئەوێت لەوەی وابزانی کە بەشەو ڕۆژێك ئەگۆڕێیت، ئەمەش هەروەك ئەوە وایە کە تۆ بتەوێ ڕاهێنانی ماسولکە بکەیت کە دەست بەجێ هەست بەگۆڕانکاری لە ماسولکەکانتا ناکەیت. بەڵام کاتێك کە گۆڕانکاریت کرد لەسەر سەرنجەکانت، بیرکردنەوەکانت و هەسەتەکانت تەنها بۆ کاتێکی کەمیش بێت، تۆ لەماوەیەکی دیاری کراودا لە ئایندەدا هەست بەگۆڕانکاریەکان ئەکەیت.
سەرکەوتوبن