دانەر مەجیدی-نیویۆڕک : ڕۆژنامەنوسێکی کورد لەلایەن گەورەترین ڕێکخراوی جیھانی مافەکانی مرۆڤەوە خەڵاتی ساڵی پێ بەخشرا.
ڕۆژنامەنوس گۆران دوکانی لەڕیزبەندی(٤٧)کەسایەتی جیھاندا خەڵاتی (ھێڵمان\ھامێنت)ی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ,ناسراو بە(ھیومان ڕایتس ۆچ)ی بەدەست ھێنا.
لەلێدوانێکدا گۆران دوکانی ڕایگەیاند”زیاترلە پانزە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی پشتگیریان کردم بۆ وەرگرتنی خەڵاتی(ھێڵمان\ھامێنت)ی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ھیومان ڕایتس ۆچ, کەدیارترینیان ڕێکخراوەکانی(ئەمنیستی ئەنتەرناشناڵ, پەیامنێرانی بێسنوور, کۆمیتەی بەرگریکردن لەڕۆژنامەنووسان, پەیمانگای ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی)و چەند ڕێکخراوێکی دیکە, ھەروەھا پاڵپشت بەچەندین دێکیۆمێنتی سەلمێندراو کەلەماوەی ئەنجامدانی کاری ڕۆژنامەوانیدا لەھەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی ڕفاندن وھەوڵی تیرۆرکردن وزیندانی کردن و غرامەکردن ودەرکردن لەوەزیفەی حکومەت بومەتەوە, ھەمووئەمانە بونەھۆی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە.
سەبارەت بەپەیامی خۆی بۆوەرگرتنی خەڵاتەکە دوکانی گوتی”بەھۆی وەرگرتنی ئەوخەڵاتە نێودەوڵەتیەوە پیرۆزبای خۆم لەسەرجەم ڕۆژنامەنووسانی کوردبەگشتی وبەتایبەتیش ھەموو ئەوڕۆژنامەنووسانەدەکەم کەھەمیشە خاوەن ھەڵوێست بون و لەڕێگەی قەڵەمەکانیانەوە خزمەتی دۆزی نەتەوایەتی کوردیان کردوەو زۆرجاریش بەوھۆیەوە ڕوبەڕوی دەیان فشاری سیاسی بونەتەوە.
لاوڕێنس مۆس بەڕێوبەری خەڵاتی(ھێڵمان\ھامێنت)ڕایگەیاند”ساڵانە ڕێکخراوی ھیومان ڕایتس ۆچ لەسەرانسەری جیھاندا خەڵاتی ئەو کەسایەتیانەدەکات کەبەھۆی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیانەوە ڕوبەڕوی فشاری سیاسی دەبنەوەو مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت وبەوھۆیەشەوە نیشتیمانیان بەجێدێڵن”.
سەبارەت بەخەڵاتکردنی ڕۆژنامەنووس گۆران دوکانی, لاوڕێنس مۆس ئاماژەی بەوەکرد”دوای ھەڵسەنگاندنی سەدان ئەپڵیکەیشن کەلەسەرانسەری جیھانەوە بەدەستمان گەیشتبو, لیژنەی ھەڵسەنگاندنی خەڵاتی(ھێڵمان\ھامێنت) بڕیاری خەڵات کردنی(٤٧)کەسایەتی جیھانیدا کەلەناویاندا ڕۆژنامەنوسی عێراقی (گۆران دوکانی) ئەوخەڵاتەی پێبەخشرا”.
ڕێکخراوی(ھیومان ڕایتس ۆچ)گەورەترین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤەو ئۆفیسی سەرەکی ڕێکخراوەکە لەشاری نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە, ساڵانە ئەم ڕێکخراوە خەڵاتی ئەونوسەر وڕۆژنامەنووس وچالاکی کۆمەڵی مەدەنیانە دەکات کەبەھۆی بڵاوکردنەوەی بابەت وئەنجامدانی کارەکانیانەوە ڕوبەڕوی فشاری سیاسی وھەوڵی تیرۆرکردن دەبنەوەو ناچاردەکرێن زێدی خۆیان بەجێبێڵن.
خەڵاتەکە بڕی(٨٠٠٠)دۆلاری ئەمریکیە, لەگەڵ گەشتێک بۆو کەسانەی کەخەڵات دەکرێن بۆیەکێک لەکیشوەرەکانی جیھان, واش بڕیارە ئەمساڵ وێستگەی گەشتی خەڵاتکراوەکان بۆ وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ئەوروپابێت.