ئەحمەد سەنگاوی = بێژەری وەرزشی : ھەر لەتەمەنی مێرمنداڵیمەوە دڵم پەیوەست بوو بە یانەیەکی ئەوروپییەوە کە بەھەزارەھا فرسەخ لێمەوە دوورە، ئەویش یانەیەکە نە دەنگم دەبیستێ و، نە دەستم دەیگاتێ. لەگەڵ دووری و تێنەگەیشتن لە زمانیان، وەلێ دڵم پەیوەستە بە ھونەرەکەیانەوە، کەچی یانە ھاوشاری و ھاوزمانەکانم تاھەنووکە نەیانتوانیووە قەترەیەک لەخۆشەویستی یانە ئەوروپیەکە لە دڵم دەربکەن. ئەوەی بوو بە مایەی ئاشکراکردنی ئەم ڕازەی ناو ناخم، شکستی ( یانەی ھەولێر ) بە( یانەی زەورا ) ی دژبەری لەیاری کۆتایی خوولی عێراقدا لەیاریگای ( گەل) ی نێودەولەتی بەلێدانی یەکلاکەرەوە.
ھەمیشە زیاد لەجارێک ئەوپرسیارەم لەخۆم کردووە، بۆ نەبووم بەھاندەری یانەی ھەولێر؟ بۆئازارم نەچەشت بەشکستی یانەی پایتەختە بێتەخت وتاراجەکەم ؟ ئاخر یانەبەھێزەکەی کورد چەرخی لەچەمەرھەڵکێشراوە، بەھەرحاڵ من ھاندەری یانە ئەربائیلۆکە نیم، بەڵام ئەگەر ھاندەری یانەی ھەولێر بوومایە دەستبەجێ پرسیارگەلێکی جددی وھەستیارم لەخۆم دەکرد، ھەر لە دەسپێکدا دەمپرسی لەکاتی بەڕێکردنی یانەکەدا بۆ بەغداد ئەو ھەموو ڕاگەیاندنکارە وەرزشییە بۆئامادە نەبوون؟ تۆ بڵێی ئەمان تووشی دەمارگیری بووبێتن ؟
ھەرگیزاوھەرگیز جێگای بڕواپێکردن نییە، ئەم یانە زەردپۆشەکە بەجۆرێک متمانەی ناوخۆی لەدەستداوە و، بووە بەئامرازێک بەدەست ھێزێکی سیاسی گەورەوە. بۆدەبێت ھەوادارێکی ( گۆڕان, یەکگرتوو, کۆمەڵ, یەکێتی ) مافی ئەوەیان نەبێت شانازی بەیانەی ھەرێمەکەیانەوە بکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ھێند ئاسانە ھیچ پێویستی بەئارگۆمێنت ھێنانەوە نییە. دەبینین لەکاتی ھەرسەرکەوتنێکی یانەکەدا جارێک گۆرانی دەڵێن بۆ حیزبێک و جارێکی دی بەشانوباڵی سەرکردەیەکدا ھەڵدەدەن و دەیبەنە کەشکەلانی فەلەک، یان لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا پڕوپاگەندە دەکەن بۆپارتێکی سیاسی و، ناتوانن بێلایەنی خۆیان بپارێزن. لەم ھەرێمەدا بەردەوام ئەم ئامرازە وەرزشییە دەخزێنرێتە نێو گەمەیەکەوە کەکاری ئەو نییە. ئەگەر ھاندەری ھەولێربوومایە دەمپرسی بۆ تەنھا شارێک خەفەتبارو داخدارن بۆ شکستی ھەولێر؟ بۆناڕاستەوخۆ ھاندەرانی پارتە سیاسیەکانی دی خۆشنوود و خۆشحاڵن بە نوشووستی یانەی شارە ( ھۆلاکۆبەزێن )ەکە؟ بۆ دەبێت چالاک و ناچالاک، مردوو زیندوو قوربانی دەستی ھێزەسیاسیەکان بن؟ ئەگەرھاندەری ھەولێر بوومایە لەخۆم دەپرسی بۆجگە لە کەناڵەکانی پارتێکی سیاسی، کەناڵەکانی دی بایەخیان بەیاری کۆتایی نەدا؟ وەک ئەوەی نەبایان دیبێ و نەباران، بەجۆرێک ئەو ھەستەیان لەلادروستبووبوو وەک جارەکانی پێشوو لەگەڵ سەرکەوتنی یانەی ھەولێردا دووبارە ھەست و شعوورمان بریندار دەکەن، بەجۆرێک ھاوڕێیەکم دەیگوت :<< لەئەڵمانیا بووم لە بەردەم شاشەیەکی گەورە تەماشای یاری ئەڵمانیامان دەکرد، لەکاتی سەرکەوتنی ئەڵمانیا دەستمان کرد بەچەبڵەڕێزان وئاھەنگ گێران. وتی لەناکاو ئەڵمانیەکان ھاتن بۆلامان وتیان بۆ وادەکەن؟ وتمان ئەڵمانیاکەمان بردیەوە ، لەوەڵامداپێیان وتین پێویست ناکات خۆشحاڵ بن ئێوە نە ئەڵمانین، نەخەڵکی ئەم وڵاتەن، ھەتا خۆشحاڵی خۆتان دەرببڕن>>.
یەقین ھەبوو لەکاتی ئاھەنگ گێران و کەرنەڤاڵ، ھاندەرانی ھەولێر و یانەکەی بەھەمان چەشنی ئەڵمانیەکان ھەست وشعووریان بریندار دەکردین. ئەمە ئەو ھۆکارەیە وا لەمن دەکات کە بڵێم ھاندەری یانەی ھەولێر نیم.
بەبۆچونی من کات درەنگی نەکردووە بۆ ئەوەی ھەولێر واز لەم کردەوە ناجۆرو نابەرپرسانە بھێنێت، بۆئێمە ئەو مافەمان پێڕەوا نەبینرێت یانەی ھەولێرمان خۆشبووێت ؟ بۆ ھەردەم حیزب تەنگوچەڵەمەو ئاستەنگ بەپێش دێنێت. کاتی ئەوە ھاتووە ھاوارێک لەچەشنی نەعرەتەی شێر بکەین و بڵێین << قەبوڵمان بکەن بەھاندەری ھەولێر،تا ئەم یانەیە بەنوێنەری خۆمانی بزانین، تۆخوودا حیزبەکان دەست مەخەنە بیناقاقای یانەکانمان، مەبن بەخۆرەی گیانیان، ئیدی بەسییەتی بەرۆکی یانەکانمان بەربدەن وتۆوی دەمارگیری لەنێو وەرزشیشدا مەچێنن>> .