وشیار ئەحمەد ئەسوەد : سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” گەیشتووەتە ئاستێک لە نەست و هەستی هەمووماندایە، من گومانم لەوانەیش هەیە کە بانگەشەی گۆڕانی ئەو سروودە دەکەن و پێم وایە باش دەزانن چ زوڵمێک لە ڕابردوو و ئێستای خۆیشیان دەکەن.. وایدەبینمەوە هەندێک بۆ چەپڵەلێدانی بانگەشەکانی سەرکردەی سیاسی و هەندێکی تریش بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان ئەو هەوڵە دەدەن.
من پێشتریش کە (هەڵکەوت زاهیر) دەیویست بۆ جێگرەوەی “ئەی ڕەقیب” کار لەسەر شیعرێکی (شێرکۆ بێکەس) بکات، بابەتێکی درێژم لە ڕۆژنامەی “پرس”دا دژی بیرۆکەکەی بڵاو کردەوە، خۆ ئەگەر پێویست بکات، لە ئێستادا بێ ئەوەی بەدەستەواژەکانی ئەوکاتدا بچمەوە، بابەتی درێژتر بۆ داکۆکیکردن لە “ئەی ڕەقیب” لە هەست و نەستدا ئامادەیی هەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا نووسینەوەیەتی.
کاتێک بەسەرۆکایەتیی هونەرمەند (لالۆ ڕەنجدە) لە هەولێر “دەستەی بەیاساییکردنی “ئەی ڕەقیب”مان دامەزراند، نە پێویستیمان بەخۆدەرخستن بوو و نە یارییەکی منداڵانەیشمان دەکرد، ئەوەیش تەنیا هەستی ئێمە وەک کۆمەڵە گەنج و پیرێک نەبوو، چونکە ئەوەی دەستەکەی جوان کردبووەوە و ڕژدیی پێوە دەبینرا، لە تەمەنی جیاجیا و توێژ و چینە جیاجیاکانی کۆمەڵگە پێکهاتبووین، پیاوان و ئافرەتان هاوشانی یەکتر کاری ڕژدمان لەو داکۆکیکردنەدا دەکرد، بۆیە جەخت دەکەمەوە کە ئامادەییمان هەیە لە هەر ساتێکدا ئەو دەستەیە زیندوو بکەینەوە کە گومانم نییە لەوەی ئەمجارەیان خۆپێشاندانی جەماوەریش دەکاتە یەک لە ئەرکەکانی خۆی.
ئەگەر مەبەست ئەوەیش بێت کە هەردوو چەمکی سروودی نیشتمانی و نەتەوەیی جیا بکرێنەوە، ئەمەیان تا ڕادەیەکی زۆر ئەستەم دەوەستێت، ڕاستە سروودی “ئەی ڕەقیب” پتر مۆرکە نەتەوەییەکەی لەخۆ گرتووە، بەڵام بەدیوەکەی دیکەیدا لە نیشتمانیبوونی دانەبڕاوە، بۆیە ئەستەمە کۆدەنگی بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو چەمکە لە سروودی “ئەی ڕەقیب”دا دروست بێت.
کێشەی ئێمە لە جیاکردنەوەی چەمکەکاندا ئەوەیە ئەوانەی داوای گۆڕینی دەکەن یان بێڕێزیی بەرامبەر دەنوێنن، خۆیان کوردن نەک لە نەتەوەکانی دیکەی کوردستان، تا ئێستا نەمانزانیوە هیچ یەکێک لەو نەتەوانەی غەیرە کوردن لە کوردستاندا داوای گۆڕینی “ئەی ڕەقیب”یان کردبێ، ئەوانەی ئەو داوایەیان کردووە ژمارەیەکی زۆر کەم لە نێو هونەرمەندان یان خاڵێکی بچووکی ئیسلامی سیاسیی کوردن.. کەواتە بیرۆکەی گۆڕینی “ئەی ڕەقیب” دوور و نزیک پێوەست نابێت بەجیاکردنەوەی چەمکەکانی نەتەوەیی و نیشتمانی.
ڕۆژنامەنووس کارزان گلی لە هەفتەنامەی “هونەری هەولێر”دا باسی ئەوەی کردووە لە کاتێکدا ئەگەر پێویست بەگۆڕینی ئەو سروودە بکات، دەبێ ئەوەیان بەڕاپرسی جەماوەر بێت و کێبەرکێی هونەرمەندان و هاوکات شاعیران بکرێت.. ڕاستیتان دەوێ من ئەمەیشیان ڕەت دەکەمەوە، چونکە ئەو ڕاپرسییە جەماوەرییە لەناو نەتەوەی ئێمەدا نەک تەنیا ئەستەمە، بگرە مەحاڵیشە بکەوێتە بۆتەی جێبەجێکردنەوە، من نازانم چۆن ڕاپرسی لە ماردین و قامیشلۆ و مهاباد و دیار بەکر دەکەین، بەڕاست کوردانی ئەو شوێنانە زۆر لە ئێمە ڕژدترن بۆ پاراستنی “ئەی ڕەقیب” و بەپیرۆزی دەبینن، هاوکات نەک تەنیا ئەوان، بگرە ئێمەیش لە هەرێمی کوردستاندا تا ئێستا قۆناغی “ئەی ڕەقیب”مان جێنەهێشتووە، قۆناغەکە بەو واتایەی ئەوەی دەستەبەرمان کردووە جێگیر نەبووە، بۆیە هیچ کاتێک دووری نابینم بگەڕێینەوە دۆخی قۆناغەکانی پێشتر، پێموایە هەموویشمان لەسەر ئەوە کۆکین کە جگە لە کورد خۆی، هیچ کەسێکی تر دۆستی ڕژدی ئەم میللەتەی ئیچمە نییە.. کەواتە لەپای چی گۆڕینی “ئەی ڕەقیب”؟ بڵێی ئەوانەی خاوەنی ئەم بیرۆکەیەن، چ کێشەیەک لە کوردستاندا نەبینن جگە لەم سروودە نەتەوەییە بۆ دژایەتیکردنی؟ من دەڵێم ئەگەر تاکە شت ئێستا پێویست بەکۆدەنگیمان بکات و هەنگاوی ڕژدی چارەسەرکردنی کێشەکانمان بێت، دژایەتیکردنێکی ڕژد و کردەنیی گەندەڵییە، نەک سروودی “ئەی ڕەقیب”، ئەدی ئەگەر ئێمە بتوانین کێشەی گەندەڵی لە کوردستاندا چارەسەر بکەین، هەموو دەرگەکانی ترمان بەڕٍوودا دەکرێنەوە بەچارەسەرکردنی کێشەی مادەی 140یشەوە، ئێمە یەکدەنگی و کۆدەنگیمان لەوێدا دەوێت، نەک هێشتا تەپ و تۆزی دنیامان لەسەر نیشتووە و نەمانتەکاندووە، کەچی بێین و یەخەگیری “ئەی ڕەقیب” بین.