ھەرێمی کوردستان بەرھەمی خوێن و ماندوو بوونی تێکڕای جەماوەری کوردستانە. سەرانی کورد لە ھەرێمی کوردستان بەرپرسیاریەکی مێژووی گەورەیان لە سەر شانە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان. ھەموو کورد چاوی ھیوای بڕیوەتە ئەو تروسکەی ئازادیەی لە ھەرێمی کوردستانا ھەیە. لەبەر ئەوە ھەر کێشە و قەیران و نسکۆیەکی سروشتی, سیاسی یان ئابووری بۆی ھەیە ببێتە مایەی کارەستی کۆمەڵایەتی گەورە.
ئەوەی ڕاستی بێ عیراقی فیدرال لە رووی سیاسیەوە بە جێگیر و سەقامگیر ئەژمارد ناکرێت وە بە ھەمان شێوە ھەرێمی کوردستان کە لە ھەناویا دروست بووە. ھەموو ئەو ھەڕەشە ناوەکی و دەرەکیەکانەی لە سەر قەوارەی عێراق ھەیە بێگومان ھەرێمی کوردستانیش ئەگرێتەوە. ئەوەی لێرەدا جیاوازە ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان بە حوکمی ئیمتیدادی ستراتیجی نیشتمانی و نەتەوەییەوە ھەل و مەرجێکی زیاتر لەرزۆکی ھەیە و ھەڕەشەی زیاتری لەسەرە. ھەروەھا لە ناو قەوارەی عیراقدا زیاتر بەرچاوی نەیارانە و(مستھدف)ە بۆ تێکدان.
قەوارەیەکی سیاسی و ئیداری نا جێگیری بەو جۆرە چۆن بتوانێت گەشەی سروشتی خۆی بکات و بەرە و پێش بڕوات, ئەگەر ئیرادەیەکی بەھێز نەبێت بۆ پاراستن و برەو پێدانی. لە ڕاستیا دروستکردنی پشێوی و ئاژاوە ئەگەرچی گرنگی خۆی ھەیە بەڵام بۆ لیپرسراوە کورتبینەکان نەک نابێتە ھۆکاری چاک کردن بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕەنگە کاریگەری نیگەتیڤی ھەبێت بەو مەنزورەی کە ھەڵپەی گەندەڵی و فرکان فرکانی فەرھوودکردن زیاتر ببێت نەکا ئەمە دوا ھەلی زێڕینی ڕاو و ڕووت و گەندەڵی بێ. لەوەش بترازێت ڕەنگە کاریگەری نیگەتیڤی ھەبێ لەسەر کارەکتەر و ڕادەی وورە و ئینتیمای نیشتمانی جەماوەر وەکو ئەوەی ئێستا ھەستی پێ ئەکەین.
ھەرچی خەڵکە دووربینەکانیشە جەختئەکەن لەسەر زەرورەتی بوونی ئۆپۆزیسیۆن لە ناو پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگا. وای ئەبینن کە خۆپیشاندان و پشێوی ھەمووی دیاردەی کاتین و وردە وردە ڕەوشەکان زیاتر ئاسایی و سەقامگیر ئەبن. مادام زۆربەی تیۆری و لێکۆڵینەوە زانستیەکانی کۆمەڵناسی ئەم ڕاستیانە ئەسەلمێنن کەواتە بۆ نا؟ با شەقام و جەماوەر بە ئازادی و بە ھێمنی بتوانن بە میکانیزمی نارەزایی و خۆپیشاندان کاریگەریان ھەبێ و ببنە بەشێکی بەشدار و چالاک لە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن و ئاسودەیی کۆمەڵگا. ئەوانەش کە کەمفرسەت و تۆقیوون ئەمڕۆ بێ یا سبەی ئەبێ چۆڵی کەن.
فەلاحی شێخ رەئووف
falaharazu@msn.com
٢٠١١-٠٥-٢٧ سلێمانی