لە دوای بڵاوە پێکردنی خۆپیشاندانەکانی سلێمانی و دەوروبەری پێویستە ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوە بۆ لایەنەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بکرێ لە سەر پێکھاتە و ئەجیندای سیاسیان, بۆ ئەوەی ھەر لایەک وەکو پێویست مافی خۆی پێبدرێ و لەوێشەوە پێشبینی ھەموو کاریگەریەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو لایەنە بکرێ.
ھەرچی لایەنەکانی دەسەڵات و ھاوپەیمانەکانیانە پەیامێکی زۆر روون و ئاشکرایان پێگەشت کە گەندەڵی و ناعەدالەتی بنچینەی ناڕەزاییەکانە. بۆیە جۆرێک لە ووریا بوونەوە و بەخۆدا چوونەوەیان تیا بەدی ئەکرێ و لە پاشەکشێدان یان بە ھەمان شێوەی جاران دەستکراوە و بێ باک نین. لەلایەکی ترەوە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن کۆمەڵێک راستیان سەلماند بۆ خەڵک و بۆ خۆیان. سەلماندیان کە بەشی زۆری ئەو ھاش و ھوشە کۆنە قینە یان داش جوڵانی ووڵاتانی دراوسێی خاوەن کۆماندۆ یان تەنھا کەم فرسوتی بوو بۆ ھەندێکیان. بەڵام ھەر لە سەرەتاوە بێ جڵەوی تیا بەدی ئەکرا جگە لەنەبوونی بەرنامەی دیموکراتی کۆنکرێت بۆ چاکسازی و ریفۆرم. ھەروەھا پەلکێشکردنی شەقام بەرەو لا ڕێ و دوایش ئیحتیواکردنیان لە لایەن ئیسلامی سیاسیەوە.
ئەگەر ئەو ڕاستیانەی سەرەوە ببنە بنەمایەک بۆ داڕشتنی بەرنامەی کار بۆ داھاتوو ئەوا خۆی لە خۆیدا ئەکرێ ببێتە ھەوێنی پێشکەوتنێکی نەوعی لە حوکمڕانی. بە مانا دەرکەوتەوە کە دوو جەمسەریی لە حوکمرانی پێویستە ئەگەر مەبەست خزمەتکردنی زیاتری کوردستان بێت. مێژوو رەحم بەکەس ناکات و گوێ ناگرێ لە زمان لوس و ماستاوچی بەڵکو ھەرچی لە واقعدا بگوزەرێ وەکو خۆی تۆماری ئەکات. بەتایبەتی ڕووی دەمم لە سەرکردایەتی و کەسایەتی گرنگ و خاوەن بڕیارە کە بە تەنھا گوێ ڕایەڵی ھەڵقەی دەوری خۆیان نەبن و ئاگاداری ھەموو کۆمەڵگا بن. کەواتە بۆ نا ؟ ئێستا کاتی ئەوەیە دڵسۆزی و سەروەری تۆماربکرێ و ھەندێک ئیعتیباراتی کەم بایەخ و دەمارگیری فڕێ بدرێ. سەرلەنوێ ھەموو لایەک خۆیان ئەپ دەیت بکەنەوە و پەڕەی نوێ ھەڵدەنەوە.
فەلاحی شێخ رەئووف
سلێمانی ٢٠١١-٠٥-١١
falaharazu@msn.com