ئێمە ساڵانێکی زۆرە چاوەڕوانی ھیمەتی ھێزە سیاسیە دەسەڵاتدارەکانین لە سنووری ھەرێمی کوردستانا دەسەڵاتێکی دیموکراتی مودێرنی یاسائامێز بچەسپێنن و چیتر کەس غەدر لە کەس نەکات و ژیان و گوزەرانێکی خوش و ئاسوودە بۆ ھەمووان مەیسەر بێت.
لە ڕاستیا ناکرێت بڵێین ھیچ نەکراوە بەڵام بە ڕاشکاوانە ئەڵێم ئەبوو زۆر زۆر زیاتر بکرایە و کۆمەڵێکی زۆر لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانمان بە ئاڕاستەیەکی مەدەنیانەی ھاوچەرخ چارەسەر بکردایە. چونکە ئەرکی سەرشانی دەسەڵاتە کە سەروەری یاسا بپارێزێت , ھەموو جۆرەکانی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان دەستەبەر بکات, فرسەتی کار بخوڵقێنێت و کارئاسانی بکات بۆ وەبەرھێنەران…..
من ئەمەوێت دووبارە ئەو حەقیقەتە بزڕێنمەوە کە بێ متمانەیی ھەیە لە نێوان شەقام و ھێزەسیاسیەکان وە زۆرینەی خەڵکی ئاسایی (بەدەر لە ئەکتیڤیستی ناو پارتەکان)ی ئەم ھەرێمە باوەڕی زۆری بە گفتی دەسەڵات نەماوە و بە دوعاکانیان ناڵێن ئامیین. لەم ساتە وەختەوە ئەبێت خەتەری دژەدەنگ و تۆڵەی دەنگدەران حیسابی بۆ بکرێت. با ھیچ کەسێکی ناو دەسەڵات بێباک نەبێت یا باوەڕی وا بێت کورسیەکەی ئەمینە. چونکە بە میکانیزمی دەنگدان ھاوکێشەکان قابلی گۆڕانن. زۆر جار و لە زۆر جێگا ڕوویداوە دەنگدەری داخ لەدڵ بۆ تۆڵە پەنا ئەباتە بەر ھێنانە پێشەوەی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان یان توندڕەوەکان وەکو لە ٢٥\٧\٢٠٠٨ بینیمان. بۆ نمونە من ئەتوانم سیناریۆیەکی سەیر و مومکین پێشبینی بکەم, بۆ نا؟ لە ھەڵبژاردنی داھاتوو گریمان قینی خەڵک ئەستوور تر بوو بە جۆرێک پڕۆتستۆکرا و زۆرینەی دەنگەکان درانە حزبی کەران و (عمر کڵۆڵ). ئەو کاتە کێ وەڵامی ھەیە بۆ جەماوەر و بۆ دونیای دەرەوە؟
فەلاحی شێخ رەئووف
٢٠١١\٨\٤
falaharazu@msn.com
سلێمانی