قەیرانی سیاسی ھەرێمی کوردستان لە بەھاری ئەمساڵا بار و دۆخێکی پڕمەترسی خولقان و کۆششی دڵسۆزان و خەمخۆران نەبوایە ئەتوانرا وەکو خانووی کارت ھەمووی بروخێنێ بەسەر یەکا.
ھەڵسەنگاندنی گەشە یا دواکەوتنی سیاسی و ئابووری ھەرێمی کوردستان بەو مێژووەی ھەیەتی, جا ساوا بێ یا نا, ئەوە نیسبیە و پەیوەستە بەجۆری تێگەیشتنی ھەرکەس بۆ واقیعەکە. ھیوام وایە کە ھەموو کۆک بین لەسەر ھەندێک خاڵی بنچینەیی, بۆ نمونە گرنگی پاراستن و گەشە پێدانی ھەرێمی کوردستان. بەڵام چۆن, بێگومان بە پێی فەلسەفە و تێگەیشتنمان بۆ ژیان. ئەمەش کۆمەڵێک دیاردەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیا ئەھێنێتە ناو کۆمەڵگاوە, وەکو ڕای جیاواز و دەنگی ناڕەزایی ڕەخنەئامێز و دروستبوونی دەستە و گروپی جۆراوجۆر. کە کۆمەڵێک پرسیار دروست ئەکەن. وەکو ئایا تەنھا ئەو بەشەی کۆمەڵگا, کە خاوەنی دەسەڵاتە, بەسە بۆ جێ بە جێکردنی ئامانجە سیاسیەکان؟ ئایا دەسەڵات ئەتوانێ خوێندنەوەی تەواوی ھەبێ بۆ واقیع بە بێ گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی؟ ئایا ئەدای دەسەڵات و ئامانجە کۆمەڵایەتی و نیشتمانیەکانی شەقامی کوردی مەرجە ھەمیشە تەبا و یەکانگیربن؟ وەڵامی من بۆ ئەم جۆرە پرسیارانە زۆر بە ڕاشکاوی, نەخێر.
کەواتە بۆ نا ؟ با پەیمانی ستراتیژی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان فراوان بکرێت بۆ جۆرێک لە پرۆتوکۆلی نیشتمانی ھاوبەش بۆ ھەموو ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان. بەو ھیوایەی ھەموو ھیزە ساسیەکانی کوردستان پەیمان ببەستن لەسەر خەباتکردن بۆ ستراتیژە نەتەوەییە ھاوبەشەکان و پێکەوە ھێڵی سوور بکێشن بۆ کۆمەڵێک بەند و دیاردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەوانە
• سەروەری یاسا
• ئازادی و دیموکراتی
• خیانەتی نەتەوایەتی و نیشتمانی
فەلاحی شێخ رەئووف
falaharazu@msn.com
٢٠١١-٠٥-٢٧ سلێمانی