بۆ شاعیرو ھونەرماندان,وەک(حەمە کاکە ڕەش)ھەڵوێستان ھەبێت, دەناوەک (پیرباڵ) پێڵاو باران دەکرێن!
گۆران دوکانی : ھونەرمەندان و شاعیرانی خۆشەویست, ئەگەرچی وەک ئاشکرایە کە زمانی ئەدەب و ھونەر بەمانا لۆژیکیەکەی جگەلەوەی کە پەیامی بوێری و ئازایەتیە, ھاوکات زمانحاڵی کلتوری گشت کۆمەڵگا جیاجیاکانی دونیایە,
ئەگەر شتێک لەم کۆمەڵگایەی ئێمەدا ھەبَێت پێی بگوترێت ئەدەب, یان ھونەر, ئەوا ئەدەب و ھونەری ئێمە (لە ئێستادا) ئەوەندە لاواز و بێ پێزبووە و بەجۆرێک خراوەتە خزمەت حیزبەوە کە ئینسانی کورد شەرم دەکات خاوەنی ئەم ھونەرەیە!, (دیارە مەبەستی من لەباشووری کوردستانە), دەرەنجامی یەکەمی ئەم پاشاگەردانی و ماڵوێرانیە ھونەریەش دەگەڕێتەوە بۆچەند ھۆکارێک و چەند کەسانێک کەھیواخوازم لێرەدا زۆربەکورتی و بەچەندخاڵێک باسیان بکەم:
١-سڕینەوەی شوناس و تاموچێژی ھونەری کوردی بەتایبەت لەچەند ساڵی ڕابردوودا کەلەلایەن (ھەڵکەوت زاھیر) ڕاوێژکاری کاروباری ھونەری سەرۆکی کابینەی پێشوی حکومەتی ھەرێم, کەئەمەش بەھەموو پێودانگێک ھیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەو خیانەت و کارە نانیشتیمانیانەی کە سیاسیەکانی کورد لەڕابردوودا کردویانەوە و دەبێت ڕۆژێک بێت شانبەشانی سیاسیەکان ھەڵکەوت زاھیرو ھەموو ئەو بەناو ھونەرمەندانە دادگای بکرێن لەگەڵ ھەموو ئەو کەسانەی کەلەوەزارەتی ڕۆشنبیری و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندا ھەتا ئەمڕۆش بەئیمزایەک بە ھەزاران دۆلاری موڵکی گشتی ئەم ھەرێمەیان بۆ ئەو بەناو ھونەرمەندانە سەرف کردوە کە سێدیان لە وڵاتانی بەرودراوسێ تۆمار کردوەو بە ھونەری قێزەونی بێگانە ماڵی گۆرانی و میوزیکی کوردیان کاول کرد!.
٢-دووبارە بونەوەی ھەمان ئەو سیستەم و کلتورەی سەردەمی بەعس و جیھانی عەرەبیزم, کە ژمارەیەکی زۆر لەشاعیر و ھونەرمەندان لەدوای ڕاپەڕین دوبارەیان کردەوە لەسەردەمی شەڕی براکوژی و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان و ڕازانەوەی بۆنەو کۆنگرەکانی دووحیزبی دەسەڵاتداردا گۆرانی و بەندیان بەسەر ئەو سەرکردانەدا , یان ئەو حیزبانەدا ھەڵَداوە کەبەسەدان خیانەتیان کردوە و تائەمرۆِش دەستیان بەدزین و ڕاوڕوتکردن و خوێنی ھەزاران لاوی ئەم سەردەمە سوورە, یاخود ھاندانی جەماوەر لە سەردەمی شەڕی نەگریسی برا کوژیدا بۆ کوشتنی کورد بەدەستی کورد کەھەموو ئەو کەسانە دیارن کێن و چۆن ئەوبەرھەمانەیان تۆمار دەکردو ئەو بەناو شاعیرانەش کێبون کەلەو جۆرە شیعرانەیان دەنوسی و وەدیاربو کە چی کەسو لایەنێک ئەم جۆرە کەسانەی ھاندەدا بۆئەم جۆرە کارانە؟!.
٣- ھەموو ئەو شاعیرو ئەدیب و بەناو ھەونەرمەندانە دیارن کە لەڕابردوودا و ھەتا ئەمڕۆش ڕێکخراوە پیشەیەکان و سەنتەرە ڕۆشنبیریەکانیان خستۆتە خزمەت حیزب و بەئاقاری بەرژەوەندی دەسەڵاتیاندا بردون, بەویستی ھەردوو حیزبی بنەماڵە گشت سەنتەرو ڕێکخراوە پیشەیەکان وەک گشت کایەکانی دیکەی ئەم کۆمەڵگایە مۆنۆپۆلی حیزب کراون و بەسەوز و زەرد ڕەنگ ڕێژکراون!, دواجار ھەموو ئەوکەسانە ھیچ جیاوازیەک, بەڵێ (ھیچ جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ ئەو سیاسی وسەرکردانەی کەدەستیان سورە بەڕژانی خوێنی ھەزاران لاوی نموونەی قەسابخانەکەی١٧/شوباتی سلێمانی و دەبێت ڕۆژێک بێت دادگای بکرێن).
ھونەرمەندان وئەدیب و شاعیرانی خۆشەویستی ناوە و دەرەوەی کوردستان, ئەی ھەموو ئەو کەسانەی تاکو ئەمڕۆ بەپاکی ماونەتەوە و پارەو پولە دزراوەکانی دەسەڵات بۆ ئێوە ھیچ ئەرزشێکی نەبوە و ھەردەم لەبەرەی گەلدابون, ئەمڕۆ ڕۆژی یەکلاکەرەوەیە, تکایە لە لەڕێگەی ھەڵبەست و سرودو گۆرانیەکانتانەوە ھانی ئەو گەنجە خوێنگەرمانەی نیشتیمان و بەتایبەتیش شاری ھەڵمەت و قوربانی بدەن کە سارد نەبنەوە لەو خۆپیشاندانەو بەردەوامبن, ئازایەتی و بوێری و چاونەترسیتان بنوێنن, با ھەڵبەست و سرودەکانتان پەیامی ڕاپەڕینێکی جەماوەری سەرتاسەریبێت ھەربەنموونەی دوایین ھەڵبەستی شاعیری مەزن و لەدڵا شیرین و خۆشەویست (حەمە کاکە ڕەش) کەنەفرەت لەخائین و نیشتیمان فرۆشەکانی ئەمڕۆدەکات و داوای وەدەرنانیان دەکات, (تکایە!) ڕۆژی سەرکەوتن و ئازادی زۆر نزیکەو وەرنە بەرەی خەڵکی ڕاپەڕیوی گەلەوە, دواجار مێژوو ڕەحم بەکەس ناکات وەک ئەوەی کەھەمووتان بینیتان فەرھاد پیرباڵ ئەمڕۆ باجی ئەوھەڵە گەورەیەیدا و لەبەرامبەر ڕیکلامکردنێکدا بۆ بارزانی ئەمڕۆ لەمەیدانی ئازادی شاری ھەڵمەت و قوربانیدا پێڵاوباران کرا!, بینیتان ئەوانەی لەبۆنەو یادەکانی حیزبی بەعس و لە ساڵیادەکانی سەدام حسینی گۆڕبەگۆڕدا وتافات و شیعر و سرودو بەندیان بۆبەعس دەگوت چۆن ڕسوای بەرەی گەلبون و ھەتائەمڕۆش بەسەرشۆڕی دەژین و بێدەنگن لەئاست ھەموو ئەو نوسین و وتارەنەی کەلە ڕێگەی ڕۆژنامەو گۆڤارەکانەوە لەسەریان بڵاو دەکرێتەوە!.
ئەمە دوایین ھەڵبەستی شاعیر (حەمە کاکە ڕەش):
(سلێمانی)….
حەمە کاکە ڕەش
سلێمانی سلێمانی شاری عەشق و جوانی و ھەژان
ئەی ئەو شارەی بەعسیەکانت لە خوێنی خۆیانا گەوزان
ئەی شارەکەی کاک ئەحمەدو شێخی نەمر، سلێمانی
ئەمنە سوورەکە شایەدە کە تۆ شاری کۆڵنەدانی
بەداخەوە جارێکی تر گولەی زۆڵە کوردی نامەرد
خوێنی لاوەکانتی ڕژان، بەخوێن سوور بووە دارو بەرد
دڵنیابە سلێمانی ئەمانەیش خاشاکی بەرپێن
ئەمڕۆبێ یاخود سبەینێ لەشارا ھەر وەدەر ئەنرێن
مانگەشەوی ئازادی تۆ ئاوانابێ سلێمانی
ئەمانە سەگن دەوەڕن بە ئازادی و عەشق و جوانی
ئەمانە کوڕی تاوانن بەخیانەت گۆشکراون
لەوەتەی ھەن ڕەگی گولین لە ھەناسەمان ئاڵاون
ئەمانە مێژوویان دیارە تینوێتییان بەخوێن ئەشکێ
ئازاد نابین تا ئەودەمەی کە دەڕۆن و ملیان دەشکێ