بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین خولی “رۆشنبیری رۆژنامەوانی” کە لە لایەن رێکخراوی “رێکخراوی پەرەپێدەری رۆژنامەگەری جیھانی” لە قاھیرەی پایتەختی میسڕ بۆ ٢٨ رۆژنامەنووسی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دێتە سازکردن، ھەر یەکە لە “دەرباز یونس” و “زانا دلشاد دزەیی” وەک دوو رۆژنامەنووسی کوردی عێراقی لە بواری ھونەری گەشتنە قاھیرەی پایتەختی میسڕ.
لەو بارەیەوە، دەرباز یونس رۆژنامەنووسی بەشداربوو لەو خولە گوت “بۆ بەشداریکردن لە یەکەمین خولی رێکخراوی پەرەپێدەری رۆژنامەگەری، من و زانا دلشاد دزەیی دوێنی سێشەم ١ ی مانگ (تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر) گەشتینە قاھیرەی پایتەختی میسڕ”.
زیاتر گوتی “ئەمڕۆ بەیانی کاتژمێر ١٠:٠٠ بەکاتی میسڕ خولەکە لە ھۆڵی “تحریر” لە قاھیرەی پایتەختی میسڕ دەستی پێکرد، بۆ ئەو خولە ٢٨ رۆژنامەنووسی بواری ھونەری کە چەند وڵاتێکی رۆژھەڵاتی ناوەراست بەتایبەتی وڵاتە عەرەبییەکان بانگھێشت کرابوون، بەڵام نێزیکەی ٢٠ رۆژنامەنووس ئامادەییان ھەبوو و ئامادەبوون”.
“ئەم خولە بۆ ماوەی ٣ رۆژ بەردەوامی دەبێت و ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم خولە بەھێزکردنی پەیوەندی کەلتوری نێوان میدیاکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە” دەرباز وای گوت.
لای خۆشیەوە، زانا دلشاد دزەیی گوت “کاتێک سەفەرێکی لەو جۆرە دەکەیت دەزانیت میدیای ھونەری کوردی چەندە داخراوە، ئەنجامدانی خولی لەو جۆرە زۆر گرنگە چونکە بابەتەکان ھەمە جۆر دەکات و دەرگای دروستکردنی راپۆرت و ھەواڵ دەکاتەوە”.
زیاتر گوتی “ئێمە لە عێراق ٣ رۆژنامەنووسی بواری ھونەری بۆ ئەو خولە بانگھێشت کرابووین، کە من و دەرباز کوردین و ئەویتر رۆژنامەنووسێکی بەغدادییە”.
لە کۆتاییدا دەرباز یونس گوتی ” ئێمە زۆر سوپاس ھەریەکە لە پارێزگاری ھەولێر و فەرمانگەی دەرەوەی پەیوەندییەکانی ھەرێم دەکەین کە ھاوکاری تەواومان بوون بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ ئەو گەشتەمان، ھاوکات دکتۆر رەوەند پسپۆڕی نەخۆشییەکانی جوانکاری لە ھەولێر ھاوکاری زۆرمان بوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی و ئەنجامدانی ئەو گەشتەمان و بەشداربوونمان لەو خولە جیھانییە”.
رێکخراوی پەرەپێدەری رۆژنامەگەری رێکخراوێکی جیھانییەو ئۆفیسی سەرەکی لە وڵاتی فەڕەنسایە، کاردەکات بۆ دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان رۆژنامەنووسانی جیھان و بارێزگاری مافی رۆژنامەنووسان.