زانا دڵشاد دزەیی : ھەریەک لە لۆکە و ھەڵکەوت زاھیر لەلای شێخێک دوعای دەکەن لەرەخنەگرتن و دژایەتیکردن رزگاریان بێت و لەکارەکانی داھاتوویان سەرکەوتن بەدەست بێنن.
کەسێکی نزیک لەو شێخە، کە دانیشتووی شاری سلێمانییە و نەیویست ئاماژە بە ناوەکەی بکرێت، رایگەیاند، لۆکەی گۆرانیبێژ و ھەڵکەوت زاھیر چوونە ماڵە شێخێک لە سلێمانی بەناوی “لوقمان” داوایان لێیکردووە دوعایان بۆ بکات ساڵی ئایندە ساڵی سەرکەوتنی ئەوان بێت، ئەو سەرچاوەیە گوتیشی “لۆکە داوای لە شێخەکە کردووە دوعای بۆ بکات ئەلبوومەکەی داھاتووی سەرکەوتوو بێت و لەکەناڵەکاندا کلیپەکانی بڵاوبکرێنەوە و ھیچیتر کەناڵەکان دژایەتی نەکەن، ھەروەھا ھەڵکەوت زاھیر دوعای کردووە لەکابینەی داھاتووی حکومەت بگەڕێتەوە ناو حکومەت و راگەیاندنەکانیش واز لە رەخنەگرتنی بێنن”.
ئەو کەسە ئاگادارە ئاماژەی بەوەشدا شێخەکە بە پارەیەکی زۆر دوعا بۆ خەڵک دەکات و گوتیشی “شێخەکە کەم ئەندامە و توانای قسەکردنی نییە، لەھەموو شارەکانی کوردستان خەڵک بۆ دوعاکردن و ھێنانەدی ئاوات و مەرامەکانیان سەردانی دەکەن”.
دەروونناسێک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پەنابردن بۆ شێخ نیشانەی درۆاندن و بێومێدبوونی کەسەکە نیشان دەدات لەژیاندا و گوتی “ئەمجۆرە کەسانە لەبێھێزی خۆیان پەنا بۆ ئەمجۆرە شتانە دەبەن، پێیان وایە لەو ڕێگەیەوە دەتوانن لەژیان بەردەوام بن، بەڵام ئەوە رێگایەکی ھەڵەیە و پێویستە سەردانی دکتۆری دەروونی بکەن”.