هۆمه‌ر نۆریاوی :
به درێژایی مێژوو، کورد له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌نی کیان و ده‌سته‌ڵاتی خۆی نه‌بووه و به‌رده‌وامیش بنده‌ست بووه، ئه‌و ماف و حه‌قه‌ی پێنه‌دراوه به زمانی خۆی بخوێنێته‌وه و بنووسێت. هه‌ر ئه‌م پرسه له‌سه‌ر تاک و کۆی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی کاریگه‌ر بووه و تا هاتووه خوێنده‌وار و ده‌سته‌بژێری کوردی کوردینه‌زان ئیدی وا له نێو فه‌رهه‌نگ و زمانی سه‌رده‌ستدا تواوه‌ته‌وه که ته‌نانه‌ت حاشای له کوردبوونی خۆیشی کردووه و نموونه‌یش که‌م نین ژماری ئه‌و به ناو ڕۆشنبیره کوردانه‌ی بێبه‌زه‌ییانه به‌رانبه‌ر زمان و کولتووری کوردی هه‌ڵوێستیان گرتووه و به‌ره‌نگاری بوونه‌ته‌وه و به جۆرێک ڕێخۆشکه‌ر بوونه بۆ هێرشی ناڕه‌وای ده‌سته‌ڵاته زاڵه‌کان بۆ سه‌ر کورد. ئیدی وای لێ هاتووه که قوتابیی و خوێندکار و خوێنده‌واری کورد هه‌موو هه‌وڵ و چالاکیی و خه‌باتی خۆی خستۆته پێناو خزمه‌تکردنی زمان و فه‌رهه‌نگی زاڵ و باڵاده‌ست و که‌متر لای له خودی خۆی کردۆته‌وه. گه‌ر ئاوڕێک له ڕابردوویه‌کی نه‌فره دوور بده‌ینه‌وه ،ده‌بینین که به‌شێکی ڕۆشنبیرانی نێو ڕووبه‌ر و پانتایی زمانه‌کانی عه‌ره‌بی، فارسیی و تورکی، کورد بوونه و به‌رهه‌م و کتێب و هزر و بیری خۆیان به‌و زمانانه نووسیوه. له‌و نێوانه‌دا ژماره‌یه‌ک له‌و که‌سایه‌تییانه‌یش ڕاسته جه‌بری زه‌مه‌ن به‌و ده‌رده‌ی بردوون و ده‌رفه‌تی نووسین به کوردی پێنه‌داون لێ(به‌ڵام)، هه‌وێن و ناوه‌رۆک و جه‌وهه‌ری به‌رهه‌مه‌کانیان هه‌موو کوردییه و له‌و ڕێگه‌وه ئه‌رکی سه‌رشانیان به‌رانبه‌ر گه‌ل و فه‌رهه‌نگه‌که‌یان جێبه‌جێ کردووه. که‌چی به‌شێکی دی ئه‌و که‌سایه‌تییانه ته‌نانه‌ت نکۆڵییان له کوردبوونی خۆ و میلله‌ته‌که‌یان کردووه و خۆیان له نێو بازنه‌ی زمان و فه‌رهه‌نگی زاڵدا دیوه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌م پرسه به شێوه‌یه‌کی نه‌رێنی له‌سه‌ر خوێنده‌وار و توێژی زانستگه‌یی و بگره تاکی کوردیش کاریگه‌ر بووه و داڕووخانێکی له که‌سایه‌تی مرۆی کورددا دروست کردووه. دوابه‌دوای ئه‌و هه‌موو شۆڕشه‌ی له ئاستی جیهان خاسما(به‌تایبه‌ت)له وڵاتانی ئه‌ورووپاییدا سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ده‌رهاویشته‌کانی ئه‌م شۆڕش و ڕێنسانسه، دونیاکه‌ی ئێمه‌یش ده‌گرێته‌وه و سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری له ڕێوه ده‌گات. کوردیش وه‌ک گه‌لانی دی سه‌رزه‌وی له‌و خه‌وی گرانی غه‌فڵه‌ته ڕاده‌چڵه‌کێت و شۆڕش و هه‌ژانێک کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌ته‌نێته‌وه و خوێندنه‌وه و نووسین به کوردی ده‌ست پێ ده‌کات. پاش ئه‌وه‌ی ساڵی 1898(1277ی هه‌تاوی) له قاهیره‌ی پێته‌ختی میسر له لایه‌ن “میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان”ه‌وه ڕۆژنامه‌ی “کوردستان” چاپ و بڵاو ده‌کرێته‌وه ،ڕۆژنامه‌گه‌ری کوردی سه‌ر هه‌ڵده‌دات و ئه‌مجاره زمانی کوردی به فه‌رمی ده‌بێته زمانی گۆڤار و بڵاڤۆک. وا نها(ئێستا) 118 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژگاره‌دا تێده‌په‌ڕێت که‌چی به داخه‌وه هێشتا گه‌نج و لاوی خوێنده‌واری کورد قسه‌ی زمان و دڵی به زمانی فارسیی و… دێنێته زمان و گه‌ر یه‌ک له هه‌زارانیش ده‌ربکه‌وێت(په‌یدا بێت) و به زمانه‌که‌ی خۆی بنووسێت(زێتر مه‌به‌ستم ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه)، وه‌به‌ر هێرش و په‌لامار ده‌ردرێت که بۆچ به فارسی نانووسیت تا ئێمه لێت تێبگه‌ین و به‌رسڤ و وه‌رام و جواوت بده‌ینه‌وه. کورد قه‌ت میلله‌تێکی ڕه‌گه‌زپه‌رست و شۆڤێنی نه‌بووه و به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه به‌رانبه‌ر گه‌لانی ده‌ر و جیران جووڵاوته‌وه و فێری زمان و فه‌رهه‌نگی وان بووه و بگره خزمه‌تی کردوون به‌ڵام چه‌ند فارس و عه‌ره‌ب و تورکت پێ شک دێت هه‌ڵوێستێکی ئه‌وتۆیان له هه‌مبه‌ر ئه‌م میلله‌ته ئاشتیخواز و خاوه‌ن ژیار و شارستانییه‌تدا نواندبێت؟ به‌ڕاستی جێی داخ و که‌سه‌ره که ئێمه‌ی کورد ته‌نانه‌ت له لایه‌ن خۆیشمانه‌وه به‌ر په‌لامار ده‌درێن. ده‌بێت هۆن هۆن فرمێسک هه‌ڵڕێژین بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی که لاوی خوێنده‌وارمان داوامان لێ بکات ده‌بێت به فارسی بنووسین. تا کاتێک ئێمه زمان و فه‌رهه‌نگی خۆ له به‌رانبه‌ر زمانه‌کانی دیکه‌دا به نزم و نامۆ و بێگانه سه‌یر بکه‌ین و خۆمان به که‌م ببینین، ڕه‌وش و وه‌زعمان له‌مه باشتر نابێت! ئه‌ی که‌نگێ ده‌بێت ئێمه‌یش به خۆدا بچینه‌وه و شۆڕشێکی فه‌رهه‌نگی بخه‌ینه ڕێ؟! زمانی زانستی چلۆن دروست ده‌بێت؟ بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان چ ده‌ورێک له‌م نێوانه‌دا ده‌بینێت؟ گه‌ر زمانه‌کانی فارسیی و…ئه‌مڕۆکه له ئاستی جیهاندا ئه‌وه‌نده ده‌ور ده‌بینن و به‌رهه‌میان بۆ زمانه‌کانی دی وه‌رده‌گێڕدرێت و به هه‌زاران ده‌زگه و ڕێکخراو و نووسه‌ر و وه‌رگێڕ (که به‌شێکیشیان کوردن)، خزمه‌تیان ده‌که‌ن، له مێژه ئه‌م شۆڕشه‌یان ده‌ست پێکردووه و خاوه‌نی ئیراده‌یه‌کی ئه‌وتۆن و ئه‌و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌یان لا دروست بووه. به‌ڵام ئێستایشی له‌گه‌ڵ بێت گه‌ر له‌م به‌شه‌ی کوردستان(ڕۆژهه‌ڵات)دا ژماره‌یه‌ک که‌س په‌یدا بن و به کوردی بنووسن، داوایان لێ ده‌کرێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر نووسین به زمانی فارسی با کورده‌ی داماو لێی تێبگات! ئه‌م دۆخه به‌ڕاستی هه‌ژێنه‌ره و ده‌بێت بۆی بگرین. ئاخر ئه‌مه کوێی ده‌مارگرژیی ده‌بێت که کورد بیه‌وێت به زمانی خۆی بنووسێت؟! کوێی ئه‌م پرسه دژایه‌تیکردنی زمان و فه‌رهه‌نگه‌کانی دیکه‌یه که ئێمه‌ی کورد به کوردی بخوێنینه‌وه؟! فه‌رهه‌نگ و زمانی سه‌رده‌ست ئه‌وه‌نده دزه‌ی کردۆته نێو ناخمانه‌وه که هه‌موو شتێکی خۆمان به سووک و که‌م بایه‌خ ده‌بینین و خێرا دژی ده‌وه‌ستینه‌وه. گه‌ر دوێنێ و پێرێ هه‌له‌که له‌بار و گونجاو نه‌بوو، خۆ ئه‌مڕۆکه هه‌موو تاکێکی کورد له دووره‌ده‌ستترین گونده‌کانی کوردستاندا ئه‌وه‌نده سه‌رچاوه و ژێده‌ری له‌به‌رده‌ستدایه ده‌توانێت له خودی خۆیه‌وه ده‌ست پێ بکات و بزاڤێک بخاته ڕێ. گه‌ر خودی خۆمان ئه‌م شۆڕشه نه‌خه‌ینه ڕێ به دڵنیاییه‌وه ده‌ستێک له ده‌ره‌وه‌ی خۆمانه‌وه کار و ئیشمان بۆ ناکات. ئه‌گینا ئه‌م ڕه‌وته هه‌ر وا ده‌ڕوات و ئێمه‌یش هه‌ر درێژه‌پێده‌ری پێشووان ده‌بین و به ده‌ستی خۆ ،زمانی خۆمان په‌راوێز ده‌خه‌ین یان به واتایه‌کی ڕاستتر چاڵ ده‌که‌ین. با له دید و ڕوانگه‌یه‌کی دیکه‌وه سه‌یری زمان بکه‌ین و بزانین ئایا ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به زمانی خۆی بخوێنێته‌وه و بنووسێت ،ده‌مارگرژه یان به پێچه‌وانه‌وه؟
ئه‌مه په‌یڤی “مارتین هایدیگه‌ر”ی گه‌وره پیتۆڵی جیهانیی سه‌ده‌ی بیسته‌مه که ده‌ڵێت: “گه‌ر زمانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ناو بچێت، ئه‌و میللهتهیش بوونی نابێت. زمانی دایکزاد خودی هه‌ست و نه‌ست و ئیلهامه، ئه‌وانه‌ی به‌ره‌نگاری زمانی زگماکی ده‌بنه‌وه، له ڕاستیدا به‌ره‌نگاری قووڵترین لایه‌ن و ڕه‌هه‌ندی ده‌روونی ده‌بنه‌وه و له ته‌کیدا (له‌گه‌ڵیدا)ده‌جه‌نگن که له ئاکامیشدا سه‌رکز ده‌بن”.
“میلان کۆندێرا” گه‌وره فه‌یله‌سووف و ڕۆماننووسی جیهانیی به‌مجۆره تیشک ده‌خاته سه‌ر پرسی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و ده‌بێژێت: “یه‌که‌م هه‌نگاو بۆ له‌ناوبردنی میلله‌تێک، شۆردنه‌وه‌ی یادگه و بیرگهیهتی. ده‌بێت کتێبه‌کانی، فه‌رهه‌نگی، زمانی له نێو ببه‌یت”.
“مه‌هاتما گاندی” که‌سایه‌تی سیاسیی و ڕێبه‌ری ڕۆحیی هیندییه‌کان له ڕه‌هه‌ندێکی دیکه‌وه سه‌یری ئه‌م پرسه ده‌کات و ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی خۆی نه‌خوێندبێته‌وه، هیچ له مێژوویشی نازانێت و ئه‌وه‌یش ئاگاداری مێژووی خۆی نه‌بێت، هیچ داهاتوویه‌کی نابێت”.
گه‌وره زانستوه‌ری ئێرانی پڕۆفیسۆر “مه‌حموود حیسابی” به‌م چه‌شنه به‌رانبه‌ر زمان دێته په‌یڤین: “نه سه‌وزم، نه‌یش سوور، فێری زمانی دایکزادم بم، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م به‌س ده‌بێت”.
“لوودویگ ویتگێنشتاین”، پیتۆڵی هه‌ره ناسراوی جیهانی هاوچه‌رخ به‌مجۆره پرسی زمان زه‌ق ده‌کاته‌وه: “زمانی من، جیهانی منه و جیهانی منیش، زمانم”.
زمان، لای که‌سایه‌تی ڕێفۆرمخواز و هزرڕوون سه‌یید “جه‌ماله‌دین ئه‌فغانی” ئه‌وه‌نده گرینگه که ده‌ڵێت: “ئه‌و میلله‌ته‌ی زمانی خۆی له بیر بباته‌وه، مێژووی خۆی ون کردووه و شکۆی خۆی له کیس چووه و بۆ هه‌میشه دیل و یه‌خسیر ده‌مێنێته‌وه”.
بیریاری گه‌وره‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م “جۆن ستوارت میل” له ڕوانگه‌یه‌کی تره‌وه چاو له پرسه‌که ده‌کات و ده‌ڵێت: “ئیستیعمار گه‌ر بیه‌وێت میلله‌تێک بخاته بن ڕکێفی خۆی، سه‌ره‌تا سۆراخی شوناس و زمانه‌که‌ی ده‌گرێت، گه‌ر میلله‌تێک فه‌رهه‌نگ(زمان و ڕه‌گه‌ز و…)خۆی له کیس بچێت، ده‌توێته‌وه”.
“نیلسۆن ماندێللا” گه‌وره که‌سایه‌تی ئاشتیخوازی جیهانیی و دژه ڕه‌گه‌زپه‌رستی به‌مجۆره له‌سه‌ر زمان ده‌په‌یڤێت: “گه‌ر له‌گه‌ڵ مرۆدا به‌و زمانه‌ی قسه بکه‌یت که تێیده‌گات، قسه‌که‌ت خێراتر پێی ده‌گات، به‌ڵام گه‌ر به زمانی خۆی قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌یت، قسه‌که‌ت زووتر له‌سه‌ر دڵی کاریگه‌ر ده‌بێت”.
بایه‌خی زمانی زگماکی لای “سمایل بێشکچی” پیتۆڵ، کۆمه‌ڵناس و گه‌وره که‌سایه‌تی مرۆیی به‌م چه‌شنه خۆی ده‌رده‌خات : “ئه‌گه‌ر بته‌وێت نه‌ته‌وه‌یه‌ک سه‌رشۆڕ و کۆیله و بێناسنامه بێت، پێویسته ئه‌لفبێی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له ناو ببرێت و، ڕێگا نه‌درێت به زمانی دایکیی خۆی بدوێت”.
پڕۆفیسۆر “کاتلین هۆگ”(زمان‌ناس)، ده‌ڵێت: “له ڕێی زمانی زگماکیی و دایکزادهوه باشتر ده‌توانیت هه‌ست و نه‌ستی خۆت ده‌رببڕیت”.
“هه‌ژار موکریانی” که‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورد به‌مجۆره قسه‌ی سه‌رزاری سه‌باره‌ت به زمان ده‌درکێنێت: “زۆر له ڕۆژ ئاشکراتره؛ پێناسی گه‌لان له جیهان، دروشمی نه‌ته‌وایه‌تی، ئامیانی ڕه‌گه‌زایه‌تی زمانه و به‌س”.
شاعیری نوێخواز و گه‌لپه‌روه‌ر”عه‌بدوڵڵا په‌شێو” پرسی زمان به پرسێکی هه‌ره هه‌ستیار داده‌نێت و ده‌ڵێت: “زمان، شه‌ره‌فمانه، نامووسمانه، غیره‌تمانه،هه‌موو شتێکمانه”.
دوا وته: ئێمه‌ی کورد ،به هه‌موو لق و پۆکانی زمانه‌که‌مانه‌وه ،کوردی زمانی زگماکییمان دێته ئه‌ژمار. که‌س دایکزاد مه‌له‌وانی زمان نییه به‌ڵام خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و مکوڕبوون له‌سه‌ر ئه‌م پرسه زۆر ده‌ره‌نجامی ئه‌رێنی له شوێن ده‌بێت و سامانی فه‌رهه‌نگیی سبه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیش پرشنگدارتر له ئێستا ده‌بێت. گه‌ر هه‌موومان به فارسی بنووسین، تۆفیر و جیاوازییمان له‌گه‌ڵ فارسزمانێکدا چی ده‌بێت؟ هه‌ر له‌به‌ر گرینگیی و بایه‌خی زمانه که من به کوردی ده‌نووسم. با ڕێز بۆ هزر و ئه‌ندێشه‌ی جیاواز دابنێین و تکایه با ئیتر هیچ کوردێک ئه‌و داوایه‌م لێنه‌کات که به فارسی بنووسم.