زانا دڵشاد دزەیی : بەڕێوەبەری کۆمپانیای تیکۆ ھۆکاری دواخستنی کۆنسێرتەکەی شەکیلای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کە بەرپرسانی یاریگای شەھید فەرەنسۆ داوای بڕە پارەیەکی زۆریان کردووە بۆیە نەیانتوانیووە کۆنسێرتەکە لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدەن.
شڤان بارزانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تیکۆ لەبارەی دواخستنی کۆنسێرتەکەی ھونەرمەندی فارسی شەکیلا، کە بڕیاربوو رۆژی نەورۆز لەھەولێر ئەنجامی بدات بە(سڤیل)ـی راگەیاند “بەرپرسانی یاریگای فەرەنسۆ داوای ١٠٠٠٠٠ دۆلاریان لەئێمە کرد، تەنیا بۆ یەک رۆژی کۆنسێرت، کەچی ئێمە بەنیازبووین بلیتەکە بە ١٥٠٠٠ بفرۆشین. کەواتە ئێمە دەبێ ١٠٠٠٠ بلیت بفرۆشین تا کرێی یاریگا بدەین، بۆیە نەمانتوانی ئەو پارەیە بدەین کە ئەوان داوایان لە ئێمە کردووە”. شڤان بارزانی گلەیی لەبەرپرسانی یاریگای فەرەنسۆ ھەریری ھەیە، کە ھیچ ھاوکارییەکی ئەوانیان نەکردووە و دەڵێت “دەبووایە پێشوازیمان لێ بکەن نەک داوای ئەو پارە زۆرەیەمان لێ بکەن”.
بەرپرسی کۆمپانیای تیکۆ داوای لێبوردن لەخەڵک دەکات و گوتیشی “ئێستا ئێمە لەقسەکردن داین لەگەڵ تارین، بۆئەوەی لە ھۆڵەکەی ئەوێدا کۆنسێرتەکە بکەین، کە لەوانەیە کۆنسێرتەکە بکەوێتە ئەم مانگەوە”.