تیپی هونەری “رەنگاڵە” یەکێکە لەو تیپە چالاک و بەرچاوانەی شاری سلێمانی، ئەو تیپە هونەرییە ساڵانە بەرهەمێکی شانۆیی و چەند بەرهەمێکی درامی تەلفزیۆنی پێش کەشی جەماوەری هونەری دەکەن.
لەو تیپە هونەرییەدا چەندیین هونەرمەندی بەتوانا و لێهاتووی تێدا کۆبۆتەوە، هەروەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن ئەو بەرهەمە شانۆیانەی ساڵانە پێش کەشی جەماوەری شانۆیی لە شاری سلێمانی دەکەن، پتر لە (3) مانگ نمایش دەکرێت و جەماوەریش بەشێوەیەکی بەرچاو ئامادەی بینی بەرهەمەکانیان دەبن، ئەوەی جێگای سەرنجە نمایشی سەرجەم بەرهەمەکانیان بۆ هاتنی جەماوەر بە شێوەی بلیت فرشتن بووە، هەروەها دەڵێن تا ئێستاکە (9) بەرهەمی شانۆیی ساڵانی پێشوومان ئەرشیف کردووە، لە تیپەکەمان بە شێوەیەکی زۆر پرۆفیشناڵ کاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجامدراوە، کە تائێستا نەمان هێشتووە لە هیچ تەلفزیۆنێک پەخش و بڵاو بکرێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە تاوەکو مافی کڕینەوەی بەرهەمەکانمان پێ نەدەن ئێمەش ئامادە نین ئەو بەرهەمانە بدەین بە هیچ tv یەک، چونکە ئێمە تیپێکی هونەریین و لەسەر بەرهەمەکانمان دەژین و توانیومانە سیستەمێک دروست بکەین، هەمیشە خۆمان پاڵپشتی کارەکانی خۆمان بین و لەکاتی نمایشی کارە شانۆیەکانماندا پۆستەر و ریکلام و تەنانەت هۆڵی نمایشەکانمان لەسەر گیرفانی تیپەکەمان دابین کردووە، جگە لەوانەش خاڵێکی دیکەی سەرکەوتنی ئێمە لە پێشوازی بەرهەمەکانماندا لە لایەن جەماوەرەوە ئەوە بووە، ئێمە هەمیشە بۆ خەمەکانی خەڵک کارمان کردووە و لەناخی ئەوانەوە دەستمان بۆ کێشەو گرفتەکانیان درێژ کردووە، بۆیە لە ئێستادا پێویستە شانۆ بۆ خەڵک بێت و لەناو خەڵکەوە، دەبێ هونەرمەندانی شانۆکار لەسەر زمانی خەڵکەوە دەقە شانۆییەکان دروست بکەن و نمایشی بکەن.
تیپی شانۆیی “رەنگاڵە” لە ساڵی (1998) لە شاری سلێمانی دامەزراوە، تا ئێستا خاوەنی چەندین بەرهەمی شانۆیی و درامی تەلفزیۆنین، دوایین بەرهەمی شانۆییان بەناوی (دارستان و یاساکەی) بوو، لە شاری سلێمانی ماوەی (3)ـو (10) رۆژ نمایشکراوە، لەمانگی ئاداری رابردوو ویستیان ئەو بەرهەمە شانۆییە بهێنن بۆ شاری هەولێر و ماوەی چەند رۆژێک نمایشی بکەن، بەڵام تائێستا رەزامەندیان بۆ نەدراوە لەسەرهاتنیان بۆ شاری هەولێر، لەمیانەی بەدواداچوونێکی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر”ـدا، دەرهێنەری شانۆگەری “دارستان و یاساکەی” هونەرمەند (ئەحمەد رەئوف) لەگەڵ هونەرمەند (هیوا سوعاد)، هێنمانە ئاخاوتن بۆ ئەوەی هۆکاری نەهاتنی ئەو شانۆگەرییە بۆ شاری هەولێر، بۆ خوێنەرانی هەفتەنامەکەمان بخەینە بەرچاو، چونکە ئێمە لە رۆژنامەی “هەولێر” و هەفتەنامەی “هونەری هەولێر”، چەند هەواڵێک و راپۆرتێکمان لەسەر هاتنی ئەو شانۆگەرییە بۆ شاری هەولێر بڵاو کردەوە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەو بەدواداچوونە ئامادە بکەین و بۆ خوێنەرانمان بڵاو بکەینەوە.
سەرەتا دەرهێنەری شانۆگەری “دارستان و یاساکەی” هونەرمەند (ئەحمەد رەئوف)، دەربارەی هۆکاری نەهاتنی شانۆگەرییەکەیان بۆ شاری هەولێر دەڵێت: “ئێمە زۆرجار دەبیستین جەماوەری شاری هەولێر، زۆر حەز لە بەرهەمەکانی ئێمە دەکەن، زۆر جار بەچاوی خۆمان بینیوومانە جەماوەر لە هەولێرەوە هاتوون بۆ سەیرکردنی بەرهەمە شانۆییەکانمان، بۆیە ئێمەش ئارەزوومان کردووە، بەرهەمەکانمان ئەگەر بۆ چەند رۆژێکیش بێت بهێنن بۆ ئەو شارە ئازیز و جوانە، ئەوەبوو ئێمە سەردانێکی شاری هەولێرمان کردو و لە نزیکەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شانۆ هونەرمەند (هیوا سوعاد) دانیشتین، بەهەموو شێوەیەک پشتکگیری لە هاتنەکەی ئێمەی کرد بۆ شاری هەولێر، کە جێگای سوپاس و رێزە لەلای ئێمە، بەڵام دوای ئەوەی کاک (هیوا) بە نووسراوێک بەرزی کردەوە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری ئیتر بە بۆنەی ئەوەی بودجە دواکەوتووە، ئێمەش کەوتینە چاوەڕوانی کە تائێستاکەش نزیکەی (5) مانگ تێپەڕ دەبێت هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوت”.
دەرهێنەری شانۆگەری (دارستان و یاساکەی) گوتیشی : “ئێمە ئەوە دووەمین ساڵە هەوڵی ئەوە دەدەین بەرهەمە شانۆییەکانمان بهێنین بۆ شاری هەولێر، بەڵام بەداخەوە نازانم هۆکاری چیە، کە رێگەمان پێ نادرێت و ئاسناکارییمان بۆ ناکرێت، پارساڵیش کاک (ماهیر حەسەن و کەمال چالاک)ـو چەند هونەرمەندێکی تیپەکەمان هاتن بۆ شاری هەولێر، دوای ئەوەی نووسراوێکمان بۆ کرا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شانۆ بۆ ئەوەی خەرجی مانەوەمان لە هوتێل و هاتو چۆ و خواردنی پێ دابین بکەین، بەڵام دوای چاوەڕوانییەکی زۆر پارەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دارییەوە بەشێکی زۆری لێ کەم کرایەوەو ئێمەش نەمانتوانی شانۆگەرییەکەن، کە بەناوی “بەرەو کەلاوە” بوو، بهێنین بۆ شاری هەولێر، ئەم ساڵیش بەشێوەیەکی دیکە کەوتینە چاوەڕوانی و هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوت!!”.
هونەرمەند (هیوا سوعاد) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شانۆ لە شاری هەولێر، لەمیانەی ئامادەکردنی ئەو بەدواداچونەماندا، دەربارەی هۆکاری نەهاتنی شانۆگەری “دارستان و یاساکەی” بۆ شاری هەولێر گوتی : “تیپی هونەری “رەنگاڵە” پێش چەند مانگێک هاتن بۆ لای ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان، دوای ئەوەی پرۆژەی ئەوەیان خستە روو، گوایە بەنیازن بەرهەمێکی شانۆیی بهێنن بۆ شاری هەولێر و نمایشی بکەن، ئێمەش لەلای خۆمانەوە رەزامەندی تەواومان نیشاندا بۆ ئەو کارە، بەنووسراوێکی تایبەت رەوانەی سەرووی خۆمان کردەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری، ئیتر من چەند جارێکیش پرسیارم کردەوە، کە ئایا وەڵامیان گەیشتە کوێ، چونکە تەنها رەزامەندی ئەوان مابوو، ئیتر ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەبوو، بگرە من زۆرم پێخۆش بوو، چونکە ئەو تیپە تیپێکی هونەری چالاکەو هەمیشە دەست خۆشیم لەکارەکانیان کردووە”.
بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتی شانۆ هەروەها گوتیشی : “من هەمیشە پاڵپشتیم لەهەموو بەرهەمێکی چاکی شانۆیی کردووە، حەزم کردووە ئەو لێکنزیک بوونەوەیە هەبێت لە نێوان شارەکانی کوردستان، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی شانۆ هەمیشە پاڵپشتی لە هەر بەرهەمێکی شانۆیی دەکەین، لە هەر شارێکی کوردستان کە بیەوێ لە شاری هەولێر نمایشی خۆی بکات، ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێمە دابێت کەم تەرخەمی لێ ناکەین”.
دەربارەی هاتنی شانۆگەری “دارستان یاساکەی” بۆ شاری هەولێر، هونەرمەند (هیوا سوعاد) گوتی : “ماوەی تەنها مانگێکە رەزامەندی لەسر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان دراوە، ئێستاکەش لە رێگەی رۆژنامەی “هەولێر” و هەفتەنامەی “هونەری هەولێر”ـوە، بەڵێنی ئەوە بە تیپی شانۆیی “رەنگاڵە” دەدەم، بێن بۆ شاری هەولێر و شانۆگەرییەکەیان نمایش بکەن، لەسەر بودجەی بەڕێوبەرایەتی شانۆ من ئەو کارەیان بۆ دەکەم، چونکە ئێمە هیچ لارییەکمان نیە لە هاتنی بەرهەمەکانی تیپی هونەری “رەنگاڵە” بەڵکو هەمیشە پشتکگیری لە بەرهەمەکانیان دەکەین”.
لەبەرامبەر ئەو رازامەندییەی (هیوا سوعاد) بەڕێوبەری بەرێوەبەرایەتی شانۆ، دەرهێنەری شانۆگەری “دارستان و یاساکەی” (ئەحمەد رەئوف) گوتی : “من و سەرجەم هونەرمەندانی تیپی هونەری “رەنگاڵە” سوپاسی پاڵپشتی و هەڵویستی هونەرمەند (هیوا سوعاد) دەکەین، ئێمە هیچ گلیەک ئاڕاستەی بەڕێزیان و بەڕێوەبەرایەتیەکەیان ناکەین، بەڵکو گلەیی ئێمە لە وەزارەتی رۆشنبیری و ئەو بەڕێزانەیە کە نووسراوێکی ئێمە بۆ داواکاری کارێکی هونەریی ئەوەندە مانگە چاوەڕێمان کرد و هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوت، ئەی چۆن خەمی هونەرمەندێک رۆشنبیرێک یاخوود خەمی بەرەو پێش چوونی جموجۆڵە هونەرییەکان لە ئامێز دەگرن، ئەی باشە ناڵێن شانۆی کوردی لە قەیران دایە و دەبێ بینەر ئاشت بکەینەوە بە شانۆ، ئێمە توانیومانە ئەو قەیرانە چارەسەر بکەین و بینەریش ئاشت بکەینەوە بە شانۆ و هاتنیان بۆ هۆڵی شانۆ، بەڵام بەداخەوە نازانم بۆچی دوو ساڵە ناهێلێن بینەری شانۆی شاری هەولێری پایتەخت ئاشنای بەرهەمەکانی ئێمە بن، کە دڵنیام جەماوەرێکی زۆر چاوەڕێمان دەکات و پێشوازێکی جوانیان لە بەرهەمەکانی ئێمە دەکرد، چونکە لە هەولێر هونەر و هونەرمەند هەمیشە رێزی لێگیراوە و پاڵپشتی هونەرمەند و کاری هونەریی بوون”.
لە کۆتایی دا هونەرمەند (ئەحمەد رەئوف) گوتی : “ئێمە جارێکی دیکە سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی شانۆ دەکەین، بەڵام ئێمە دوای ئەو هەموو چاوەڕوانییە ناتوانین لەو کاتەدا بێین بۆ شاری هەولێر و نمایشی شانۆگەریەکەمان بکەین، چونکە ئێمە کاتێکی دیکەمان بۆ ئەو کارە دانابوو، ئێستاکە خەریکی بەرهەمێکی شانۆیی تازەین و لە هەفتەی داهاتوودا دەبێ دەست بە مەشقەکانمان بکەین، چونکە ئێمە هەموو ساڵێک لە جەژی رەمەزانی پیرۆزەوە دەست دەکەین بەنمایشی کارێکی شانۆیی تازە، جگە لەوانەش خەریکی کاری وێنەگرتنی بەرهەمێکی درامی تەلفزیۆنین، کە خۆ گرتووە لە (15) ئاڵقە بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز ئامادەی دەکەین، بۆیە ناتوانین لەو کاتەی ئێستاماندا بێن بۆ شاری هەولێرو داوای لێبوردن لە جەماوەری شاری هەولێر دەکەین، کە جارێکی دیکەش نەکرا بە دیداریان شادبین، کە لەوانەیە ساڵێکی دیکە داواکاری لەو جۆرە ئاڕاستەی وەزارەتی رۆشنبیری نەکەین، چونکە دیارە رەزامەندی هاتنی ئێمە بۆ نمایشی کارە شانۆیەکانمان لەلای ئەوان پەسند ناکرێت، ئێمە رێزمان هەیە بۆیان هیوادارین بەو جۆرە بیر نەکەنەوە، ئێمەش تا بزانین کارەکانمان بەو شێوەیە دەڕوات ئیتر ئێمەش بەرهەمەکانمان ناهێنین بۆ شاری ئازیز و جوانی هەولێری پایتەخت، ئێمە هەموومان بەیەکەوە جوانین، کارێکی هونەری هەر کوردێک لەو سەر دونیاوە بیکات من دەست خۆشی لێدەکەم و شانازی پێوە دەکەم، بۆیە ئەگەر بمانەوێ رەوشی هونەریی لەم وڵاتە بەرەو پێش بەرین و بەتایبەتی بواری شانۆ، نابێ بەو شێوەیە بیر بکەینەوە”.
راپۆرتی – عەبدولغەفار عەبدوڵڵا